ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان هەمواری یەکەمی بودجەی عێراقی پەسەند کرد، بەپێی هەموارەکە خەرجی دەرهێنانی نەوت دوو هێندە دەکرێت.
ڕۆژی 2ـی شوباتی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یەکەم هەمواری یەکەمی بودجەی عێراقی بۆ ساڵانی 2024 - 2025 -2026 پەسەند کرد.
هەموارەکە تایبەتە بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت زیادکردنی خەرجی دەرهێنانی نەوت کە پێشتر بە 8 دۆلار دیاریکرابوو، بەڵام ئێستا بۆ 16 دۆلار زیادکراوە.
هەر بەپێی هەموارەکە، بڕگەی یەکەمی مادەی 12، بەم شێوەیە هەموار دەکرێتەوە وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک مانگانە 400 هەزار بەرمیل لە نەوتەکەی رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکات.
لە بڕگەکانی دیکەی پێشنیازە هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دیاری دەکرێن.
بە پەسەندکردنی هەموارەکە لەگەڵ زیادکردنی تێچووی دەرهێنانی نەوت، بەشێکی گەورەی کێشەی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکات و هەنگاوەکانی هەناردەکردنەوە خێراتر دەکرێن.
ناوەڕۆکی هەموارەکە
بەپێی ئەو دەقەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر داوە، ماددەی (12/دووەم/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵی ژمارە (13ـی ساڵی 2023) بەم شێوەیە هەموار دەکرێتەوە.
1- وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەڵێن دەدات حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو بکاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت کە لەلایەن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ەوە و یان وەزارەتی فیدراڵی نەوت وەردەگیرێت، بەپێی بڕگەکانی (ئ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە، بەمەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا حیسابی بۆ بکرێت، لەلایەن دەزگایەکی ڕاوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم دەستنیشانی دەکات ، لە ماوەی (60) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە و لە ئەگەری ناکۆکی لە ماوەی ئەو ماوەیەی پێشوودا، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دەستەی ڕاوێژکاریە دیاری دەکات.
2- ئەو ڕاوێژکارییەی لە بڕگەی پێشوودا ئاماژەی پێکراوە، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پەسەند دەکرێت، هەژمارکردنی قەرەبووی پێشوو دەبێت لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلەکانی وەرگیراو بەپێی بڕگەکانی (ئەلف) و (ب)، لەم بڕگەیە و وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکومەتی هەرێم.
3- دەستبەجێ دەست بە گەیاندنی نەوتی بەرهەم هێنراو لە هەرێم بۆ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی بڕگەی (ئەلف) و (ب)ی ئەم بڕگەیە و قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشێوەی سولفە، بە تێکڕای (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک کە دواتر چارەسەر دەكرێت دوای تەواوبونی كاری راوێژكاری تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باسكراوە لەسەر بنەمای پێشتر گرتنەوە لە بەرواری دەستكردن بە رادەستكردنی نەوت بە گوێرەی ئەم هەموارە.
پەسەندکردنی هەموارەکە گرفتی لێکەوتەوە
ڕۆژی 13ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ هەمواری مادەی 12ـی لە یاسای بودجە کرد.
بڕیاربوو، ڕۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025 لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر هەموارەکە بدرێت و پەسەند بکرێت، بەڵام بەهۆى ناکۆکىیەکانەوە دواخرا.
ئەوکات، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ڕێککەوتنێکی سیاسی کرابوو لەبارەی هەموارەکەوە، بەڵام هەندێک دەستکاری پرۆژەی هەموارەکە کرا، کە ئەمەش جێگەی قبووڵ نییە، بەڵکو ئێمە و زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەوە هاوڕایان کە ئەم پڕۆژەیە چۆن لە لایەن حکومەتەوە هاتووە با بەو شێوەیە تێپەڕێندرێت.
شەوی 29ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆتایهێنان بە ناکۆکییەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و فراکسیۆنە کوردییەکان کۆبوەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی بە فراکسیۆنە کوردییەکاندا، وەک ئەوەی هەرێمی کوردستان دەخوازێت بودجە هەموار دەکرێتەوە و خواستەکەی هەرێم بەدیدەهێنرێت.
ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان
ڕۆژی 25ـی ئازاری 2023، دادگای ناوبژیوانیی پاریس بڕیاڕی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی دەرکرد، ئەوەیش لەسەر بنەمای سکاڵایەکەی حکومەتی عێراق.
عێراق لەو سکاڵایەدا کە لە دادگاکە تۆماری کردبوو، داوای کردبوو هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە ڕابگیرێت، چونکە هەناردەکردنە بەبێ ڕەزامەندی دەکرێت.
پێش بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس، هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری کەرکوکی هەناردەی تورکیا دەکرد.
بە وتەی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتەوە، مانگانە هەرێمی کوردستان نزیکەی یەک ملیار دۆلار زیانی پێدەگات.
ئەمەریکا کاروانێکی نوێی چەک ڕەوانەی ئیسرائیل دەکات، بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە دەڵێت، ئەمەریکا لەبری ناردنی هاوکاری بۆ غەززە، پشتگیری تاوانبارانی جەنگ دەکات.
وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل گەیشتنی کاروانێکی نوێی کەرەستەی سەربازی ئەمەریکی بە وڵاتەکەی ڕاگەیاند، گەیشتنی کاروانەکە هاوکاتی سەردانی مارک ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ وڵاتەکە.
ئیسرائیل گەیشتنی ئەو کاروانە سەربازییە بە "هێمای پەیوەندی بەهێزی"یان لەگەڵ ئەمەریکا دەزانێت، چاوەڕوانی بەهێزکردنیشی دەکات.
ئیدارەی بایدن، دوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەرى 2023ـی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هەزاران بۆمبی رەوانەی وڵاتەکە کرد، بەڵام دواتر بەهۆی نیگەرانیی کاریگەرییەکانی لەسەر غەززە، یەکێک لە کاروانەکانی راگرت.
ئەم کاروانەی ئێستا گەیشتووە، هەمان ئەو کاروانە ڕاگیراوەیە کە مانگی ڕابردوو لەلایەن ئیدارەکەی ترامپەوە ڕاگرتنی هەڵگیرا و ڕەوانە کرا.
ناردنی چەکی نوێ لەلایەن ئەمەریکاوە دووبارە نیگەرانی دورستکردووە، سەلامە مەعروف، بەرپرسی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززە ڕایگەیاند، "لەبری ناردنی خۆراک، دەرمان، ئاو، یان شوێنی حەوانەوە و کەرەستەی بیناسازی بۆ قوربانیانی کەرتی غەززە، ئەمریکا پشتگیری تاوانبارانی جەنگ دەکات و هاوکاری زیاتریان بۆ دەنێرێت".
هاوکارییە سەربازییە نوێیەکان چین؟
بۆمبی قورس لە جۆری MK-84 بە کێشی دوو هەزار پاوەندە کە توانای زیانگەیاندنێکی بەرفراوانیان هەیە و مەبەست لێی بەهێزکردنی تواناکانی هێرشی ئیسرائیلە.
چەکی دورهاوێژ لە جۆری دۆشکەی (IDF)، کە لەلایەن ئەمریکاوە پەرەی پێدراوە و لە قەبارەی 7.62x51 ملمدایە.
-پێداویستی تەقەمەنی تۆپخانە و فڕۆکەی هێرشبەر کە پاکێجەکە بە بڕی 8 ملیار دۆلار بۆ ئیسڕائیل نێردراوە.
ئامانجی ئەمەریکا چییە؟
هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل بەشێکن لە دەستپێشخەرییەکانی واشنتن بۆ بەرزکردنەوەی توانای سەربازی تەلئەڤیڤ لە جەنگ و ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.