سعودیە و ئیمارات لەلایەن ڕوسیا وەک شوێنی ئەگەری بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین سەیر دەکرێن. پەیوەندییە پتەوەکانی نێوان پوتن و ترامپ لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە بە هۆکاری سەرەکی پێشبنییەکە دێت.
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو سەرچاوەی ڕوسییەوە بڵاویکردەوە، ڕوسیا وەک شوێنی ئەگەری بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا سەیر دەکەن.
بەپێی سەرچاوەکان، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەرپرسانی باڵای ڕوسیا سەردانی هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیماراتیان کردووە، بەڵام کریملن ڕەتیکردەوەتەوە قسە لەسەر پرسەکە بکات.
بەپێی سەرچاوەیەکی سیاسی کە قسەی بۆ ڕۆیتەز کردووە،هه ندێک له دیپلۆماتکاران و به ڕپرسانی هه واڵگری دژایەتی بیرۆکەکە دەکەن و هۆکارەکەشی بۆ پەتوەندییە نزیکەکانی نێوان ئەمەریکا لەگەڵ سعودیە و ئیمارات دەگێڕنەوە.
ڕۆیتەرز لەسەر بنەمای زانیارییەکانی پەیوەندی بە بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتەوە کردووە، بەڵام ڕەتیان کردوەتەوە لەبارەی کۆبونەوەی لوتکەی ئەمەریکا و ڕوسیا قسە بکەن.
تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە و ساڵی 2022 میوانداری دانوستانە شکستخواردووەکانی ئاشتی نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیای کرد، لە ئێستادا وەک ئەگەرێکی دوور بۆ کۆبوونەوەی ترامپ و پوتین سەیر دەکرێت.
زەمینەسازییەکان بۆ کۆبونەوەی ترامپ و پوتین
دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکا کاتی بانگەشەی هەڵبژاردن و دوای هەڵبژاردنەوەشی بە سەرۆک چەند جارێک بەڵێنی دا کە کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا و ڕوسیا بهێنێت و ئامادەیە لەگەڵ پوتین کۆبێتەوە.
بەڵێنەکەی ترامپ بۆ ڕوسیا دڵخۆشکەر بوو، پوتین لەگەڵ ئەوەی پیرۆزبای هەڵبژاردنەوەی ترامپی کرد ڕاشیگەیاند، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئۆکرانیا و وزە ئامادەیە چاوی بە ترەمپ بکەوێت.
بەرپرسانی ڕووسیا چەندین جار ڕەتیانکردەوە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت سەبارەت بە ئامادەکارییەکان بۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان ترەمپ و پوتین کە بڕیارە پێش کۆبونەوەکەیان ئەنجامی بدەن.
ڕۆژی 2ـی شوباتی 2025، دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند، ئیدارەکەی "کۆبوونەوە و گفتوگۆی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان لەوانە ئۆکرانیا و ڕوسیا" داناوە، بەڵام کاتێک لەسەر قسەکانی ترامپ پرسیار لە دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین وتی کە پەیوەندییەکان 'بە ڕواڵەت پلانیان بۆ دانراوە'.
پەیوەندییەکانی پوتن و ترامپ لەگەڵ ئیمارات و سعودیە
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ترامپ و پوتین پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ فەرمانڕەواکانی سعودیە و ئیمارات پەرەپێداوە، ئەوەیش وایکردووە ئەو دوو وڵاتە وەک شوێنێکی دڵخوازی هەردوو سەرۆکەکە بۆ کۆبونەوە سەیر بکرێت.
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، یەکەم سەرۆکی دەوڵەتی بیانی بوو کە پەیوەندی بە ترەمپەوە کرد و پیرۆزبای دووبارە هەڵبژاردنەوەی لێ کرد.
پوتین کە لە ساڵی 2023 سەردانی سعودیە و ئیماراتی کردووە، لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، سوپاسی محەمەد بن سەلمان دەکات کە یارمەتی ڕێکخستنی گەورەترین ئاڵوگۆڕی دیلەکانی ئەمریکا و ڕوسیای لە دوای جەنگی ساردەوە داوە.
پوتین و محەمەد بن سەلمان پەیوەندییەکی کەسی نزیکیان لە ساڵی 2015ەوە پەروەردە کردووە کاتێک شازادە بۆ یەکەمجار سەردانی ڕووسیای کردووە.
ئەم پەیوەندییە یارمەتی سەرکردەکانی دوو گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان داوە بۆ ئەنجامدان و پاراستنی ڕێککەوتنی وزەی ئۆپێک+. ترەمپ داوای لە سعوودیە و ئۆپێک کرد نرخی نەوت دابەزێنن، ئەمەش ببێتە گورز بۆ ڕوسیا لە دانوستانەکاندا.
محەممەد بن سەلمان شازادەی سعودیە و محەمەد بن زاید ئالنەهیان سەرۆکی ئیمارات بە درێژایی شەڕی ئۆکرانیا بێلایەنییان پاراستووە و خۆیان لە پەیوەندیکردن بە ڕۆژئاوا لە ڕەخنەگرتن و سزادانی ڕووسیا بەدوور گرتووە.
سەرۆکە عەرەبەکان تەنها ئەوەندەش نا بەڵکو پەیوەندییەکانی خۆشیان لەگەڵ ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕوسیا و ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سه ڕۆکی ئۆکرانیا پاراستوه .
محەمەد بن زاید ئالنەهیان سەرۆکی ئیمارات لە ماوەی جەنگدا چەندین جار سەردانی ڕووسیای کردووە و لە دوایین سەردانەکەیدا لە ئۆکتۆبەری2024 ڕایگەیاند، ئامادەیە پشتگیری لە هەوڵەکان بکات بۆ دۆزینەوەی ئاشتی لە ئۆکرانیا، هەروەها ئیمارات سەرکەوتوانە ناوبژیوانی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی کرد.
هیچ کام لەم دوو وڵاتانە ئەندامی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان نین، کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پوتین دەرکرد، ئەمەش ڕێگری لە سەردانەکانی بۆ ژمارەیەک وڵات دەکات، لەوانە بەرازیل و ئەفریقای باشوور.
شێرپەنجە یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی مردن لە جیهاندا، کە لە هەر ٦ مردنێک، یەکێکیان بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوەیە ، بە پێی کۆتا داتای ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کە لەسەر نەخۆشی شێرپەنجە بڵاوی کردووەتەوە، ٢٠ ملیۆن حاڵەتی نوێی شێرپەنجە دەست نیشان کراوە و ٩.٧ ملیۆن کەس بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لە دەست داوە. کە بە پێی پێشبینییەکان تاوەکوو ساڵی ٢٠٥٠ ئەم ڕێژەیە بە ڕێژەی لە سەدا ٧٧٪ زیاد دەکات.
ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە تەنها لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەرستدا زیاتر لە ٧٨٨،٠٠٠ هەزار کەس بە نەخۆشی شێرپەنجە تۆمارکراون، لە هەمان کاتدا پێشبینی ئەوەیان کردووە کە ئەم ڕێژەیە تاوەکوو ساڵی ٢٠٤٥ ببێتە دوو هێندە و بگاتە ١.٥٧ ملیۆن نەخۆشی شێرپەنجە.
بەپێی کۆتا داتاکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، نۆ هەزار و ٦١ کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بوون و بەربڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان، بریتین لە، شێرپەنجەی مەمک، کۆڵۆن، سییەکان، پێست، غوددە، پرۆستات، لیوکیمیا، مێشک، منداڵدان.
ئەو هۆکارانەی کە مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکەن، ئەمانەن : جگەرەجگەرەکێشان، نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان وەک (ڤایرۆسەکانی وەک HPV کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجەی ملی منداڵدان، هەروەها ڤایرۆسی جگەر HBV وHCV دەبێتە هۆی شێرپەنجەی جگەر)، قەڵەوی و شێوازی ژیان ، پیسبوونی ژینگە، بەرکەوتنی تیشک، بۆماوەیی.
ئێستا دەرکەوتووە کە لە سەدا ٥٠٪ی شێرپەنجەکان دەکرێت خۆمانیان لێ بپارێزین لە ڕێگەی: وازهێنان و دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و بەرهەمەکانی تووتن، کەمکردنەوە یاخود بەکارنەهێنانی خۆراکی خێرا و ئامادەکراو و پڕ چەوری و کالۆری، خواردنی میوە و سەوزەی زیاتر، ئەنجامدانی وەرزشی بەردەوام. هەروەها ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە لە خێزانەکانیاندا (بۆماوەیی) شێرپەنجە هەیە وەک (شێرپەنجەی مەمک)، دەبێتە هۆی زووتر دەستنیشان کردنی قۆناغە سەرەتاییەکانی شێرپەنجە، ئەمەش وادەکات چارەسەری شێرپەنجە ئاسانتر بێت و لە کاتێکی کەمدا چارەسەری گونجاوی بۆ ئەنجام بدرێت.