شاندی ئیمراڵی پەیامی ئۆجالانیان گەیاندە مەسعود بارزانی و پرۆسەی ئاشتییان لەگەڵ تاتوێ کرد، بارزانی دەڵێت، "ئامادەم بۆ سەرخستنی پرۆسەکە".
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی وەك تاكە ڕێگەی دروستە بۆ گەیشتن بە چارەسەری و بە پێویستە كە هەموو لایەك هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕ بكەنەوە كە پڕۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام.
باسی لەوەشکرد، ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ یارمەتیدان و پشتیوانیی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا.
لێدوانەکەی بارزانی لە میانی کۆبوونەوەی بووە لەگەڵ وەفدی ئیمراڵی بە سەرۆكایەتیی پەروین بولدان و سری سورەیا ئوندەر کە لە پیرمام بەڕێوەچووە و پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجالان ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەیان پێگەیاندووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی وەفدی ئیمراڵی بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر بارودۆخی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و وردەكاری و ئەنجامی دیدارەكانیان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بۆ مەسعود بارزانی خستەوەتەڕوو.
ماوەی دوو ڕۆژە شاندی ئیمراڵی کە پێکهاتووە لە نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستانن، بڕیارە لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆببنەوە.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا
ڕۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە داوای لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت،" تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
ڕۆژی 28ـ کانوونی یەکەمی 2024، شاندی دەم پارتی سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کۆبووەوە، رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە، دوای کۆبونەوەی لەگەڵ لایەنەکانی تورکیا شاندەکە دووەم سەردانی بۆ ئیمراڵی ئەنجامدا.
ڕۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2025، شاندی دووەمی دەم پارتی سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبن، دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە".
چاوەڕوان دەکرێت نێوەڕاستی ئەم مانگەش عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێک لەبارەی ئەو پرۆسەیە بڵاوبکاتەوە کە لە تورکیا دەستی پێکردووە.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی
داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەڵامی ئەنجومەنی
وەزیرانی عێراق بداتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا شاندێکی
هەرێمی کوردستان بەشداربوون، کۆبوونەوەکە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەری گرفتی
مووچەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ چوارەم کۆبوونەوەی لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و، تێیدا تاوتوێی پرسی داهاتی نانەوتیی
هەرێم، کە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان؛ پێشبینیدەکرێت
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەنجامی کۆبوونەوەکە بە راپۆرتێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی
عێراق بەرزبکاتەوە.
رای ئەنجوومەنەکە لە بارەی کێشەی هەولێر و
بەغدا لەسەر داهاتی ناوخۆ بە یەکلاکەرەوە ناو دەبرێت و بۆ چارەسەری پرسی داهاتیی
ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەولێر و بەغدا.
لە کاتێکدا ژمارەیەک لە چاودێران پێیان وایە، ئەو ئەرکەی
بە ئەنجوومەنی دەوڵەت سپێردراوە؛ کاری ئەو نییە و ناتوانێت چارەسەر بۆ کێشەکە
بدۆزێتەوە، بەڵکو دەبێت کێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری
لەبارەوە بدات.