پرۆژەی رووناکی نرخی کارەبا لەسەر هاوڵاتییان سێ هێندە زیاد دەکات و هاوڵاتییان بەو نرخە گرانەوە ناتوانن بەکاریبهێنن، بۆیە دەوترێت "پرۆژەی رووناکی هەرێمی کوردستان تاریک" دەکات، بە سەرگرتنی پرۆژەکەش، کارەبا لە خزمەتگوزارییەوە دەگۆڕێت بۆ تەکاندنی داهاتی تاک و گیرفانی هاوڵاتییان.
پرۆژەی روناکی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، ئامانجی پڕۆژەکە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە لە هەرێـمی کوردستان، لەگەڵ فراوانبوونی پرۆژەی رووناکی ناڕەزایەتییەکان لە دژی گرانی نرخی کیلۆواتی کارەبای پرۆژەکە فراوانتر بوو، کەمترین نرخی کۆی کارەبای بەکارهاتووی مانگێکی ماڵێک لە سەرو 100 هەزا دینارەوە بووە.
لە ئێستادا ئەو گەڕەکانەی پرۆژەکەی تێدا جێبەجێکراوە، لە ترسی زۆری هاتنەوەی پارەی کارەبا بە شەودا گڵۆپەکان و ئامێرەکانی رووناککردنەوە دە کوژێنننەوە و تاریکی باڵ بەسەریاندا دەکێشێت.
رۆژ 17ی تشرینی یەکەمی 2024، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانێکیدا بۆ گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر، پڕۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند و وتی، ئامانج لەم پرۆژەیە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە بۆ سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و پرۆژەکە تا 2026 لە هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت.
ئەو کات، سەرۆکی حکومەت باسی لە هەرزانی نرخی کارەبای پرۆژەی رووناکی کرد و ئاماژەی بەوەکرد، قۆناغێکی ئەزموونی بۆ ئەم پڕۆژەیە، گەڕەکی شادی دیاریکراو ئێستا خاوەن ماڵ و خاوەنکارەکانی ئەم گەڕەکە زۆر ڕازین لە کارەباکە.
بە پێی سیستەمی رابردوی وەزارەتی کارەبای هەرێم، نرخی یەک کیلۆوات کارەبا بە 18 دینار بووە بۆ 450 کیلۆوات کارەبای بەکارهاتوو، بۆ 450 کیلۆواتی دووەمی بەکارهاتوو، 24 دینار بۆ هەر کیلۆواتێک وەردەگیرا، بۆ 600 کیلۆواتی سێیەمی بەکارهاتوو، 42 دینار وەردەگیرا و بۆ 600 کیلۆواتی چوارەمی بەکارهارهاتوو، 72 دینار وەردەگیرا، بەوەش بۆ بڕی دوو هەزار کیلۆوات کارەبای بەکارهاتوو 87 هەزار و 300 دینار وەردەگیرا.
کەچی بەپێ ئەو نرخەی پرۆژەی رووناکی دیاریکردووە نرخی کیلۆواتێک لە 140 دینارەوە دەستپێدەکات تا 156 دینار، بەوەش بۆ دوو هەزار کیلۆوات کارەبای بەکارهاتوو بڕی 312 هەزار دینار وەردەگیرێت، بەمەش نرخەکەی بۆ سێ هێندە زیاتر بەرز دەبێتەوە.
تیمی پرۆژەی رووناکی لەگەڵ ئەوەی رەتیدەکاتەوە نرخی کیلپواتێک کارەبا بە 156 دینار دیاریکراوە، بەڵام ئامادەنین ئەو نرخە ئاشکرابکەن کە بۆ کیلۆواتێک کارەبا دیارییان کردووە، تەنها باسییان لەوەکردووە، کارەبا بۆ 400 کیلۆواتی یەکەم نرخەکەی کەمترە.
پێچەوانەی بانگەشەی بەرپرسانی حکومەت لەوەی کە ئەو شوێنانەی پرۆژەکەی تێدا جێبەجێکراوە لە نرخەکەی ڕازین، کوژانەوەی گڵوپ و رووناککەرەوەکان لەلایەن هاوڵاتییان و تاریکی گەڕەکەکان بەڵگەی ناڕەزایەتی خەڵکە لە پرۆژەوە.
لەگەڵ ئەوەی پرۆژەکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، رۆژی 10ئازار عومەر گوڵپیی ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان سکاڵای لەسەر وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێم تۆمارکرد.
گوڵپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا وتی: نرخی کارەبا بەڕێژەی 10 هێندە لەسەر هاوڵاتییان گرانکراوە، گرانکردنی کارەبا پاڵپشتنییە بە هیچ یاسایەک و پێچەوانەی بڕگەی دووەم مادەی 28ی دەستوری عێراقە.
کارەبا یەکێکە لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و دابینکردنی ئەرکی حکومەتە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان کارەبا لە بری خزمەتگوزاری، بووە بە بەڵایەک بۆ تاڵانکردنی گیرفانی هاوڵاتییان و داهاتی تاک و لەلایەکی ترەوە، حکومەت بە زیادکردنی نرخەکەی کردوویەتی بە سەرچاوەیەکی نوێی کۆکردنەوەی داهات.
مانگی ئەیلول پەرلەمانی کوردستان دانیشتنەکانی
دەستپێدەکات و بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمان-یش دەڵێت: ئامادەکاریی تەواویان
کردووە، بۆچونێکیش پێیوایە قورسە بەبێ رێککەوتن دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکات، پێکهاتەکانیش داوا دەکەن لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان پشکیان پێ بدرێت.
لە
کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی یەکێتی و پارتی رێککەوتوون لە سەر ئەوەی لە
مانگی ئەیلول دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێبکات و تێیدا دەستەی سەرۆکایەتیی
هەڵبژێردرێت.
ڤالا
فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا
رایگەیاند، مانگی داهاتوو دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات و پەرلەمان
کارا دەکرێتەوە.
تەنها
سێ ڕۆژ ماوە بۆ تێپەڕبوونی 10 مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان،
کە لە 20ـی تشرین یەکەمی 2024 بەڕێوەچوو، بەهۆی
ململانێکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان تائێستا
نەتوانراوە دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردرێت.
سەرۆکی
فراکسیۆنی پارتی زیاتری وت و ئاماژەی بەوەکرد، یەکەم کاریان لە کۆبوونەوەی مانگی
ئەیلول هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەبێت و بەشێوەیەکی هەمیشەیی و
دواتر لیژنە بەردەوامەکان پێکدەهێنرێت.
پەیکەری سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە سەرۆک،
جێگر و سکرتێری پەرلەمان پێکدێت، لە خولی پێشوو سەرۆک لای یەکێتی و جێگری سەرۆک
لای پارتی بوو، سکرتێری پەرلەمانیش لای پێکهاتەی تورکمان بوو.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە دیجیتاڵ
میدیای MICـی راگەیاند، ستافی پەرلەمان ئامادەکاریی تەواویان
کردووە بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان لە مانگی ئەیلول.
ئەگەر
دانیشتنەکەی پەرلەمان لە مانگی ئەیلول بەڕێوەبچێت، بەتەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتیی
دانیشتنەکە دەکات و لە فراکسیۆنی یەکێتی دەبێت، کە ئەویش ئازاد حەمەئەمین-ە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی
خستەڕوو، دیوانی پەرلەمان ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە، بەڵام
ئەوەی گرنگە هاوهەڵوێستی لایەنەکانە بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی باسی لێوەکراوە.
بۆچونێکیش هەیە پێیوایە، کۆبوونەوەی پەرلەمانی
کوردستان لە مانگی ئەیلول ئەگەرێکی دوورە و ناکرێت، چونکە پێویستی بە رێککەوتنی
پێشوەختە هەیە لەسەر یەکلاکردنەوەی پۆستەکان و تائێستا ئەو رێککەوتنە نەکراوە.
هێشتا دیارنییە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی ئەیلول دەکرێت یان نا، مونا قەهوەچی، سکرتێری پێشووی پەرلەمان داوا دەکات لە پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پێکهاتەکان بێبەش نەکرێت و پۆستیان پێ بدرێت.
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەم دانیشتنەی پەرلەمانی کوردستان ئەگەر بکرێت، لەدوای نزیکەی هەشت مانگ و 15 رۆژ دێت لە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە لە 2-12-2024 بەڕێوەچوو و تائێستا هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکەی نەکردووە.