هەواڵ

پەرلەمانتارانی کوردستان لە دوو مانگدا نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دینارییان وەرگرتووە

زانیار بەهادین
2025-03-19

پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مووچەی مانگی شوباتیان وەرگرتووە، ئەندامانی ئەم خولە نوێیە تا ئێستا هیچ چالاکییەکیان نەبووە، بەڵام نزیکەی ملیارێک و 500 ملیۆن دیناریان وەک مووچە پێدراوە. 

رۆژی 19ـی ئازاری 2025، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەرلەمانی کوردستان بە Micـی راگەیاند، ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مووچەی مانگی شوباتیان لە رێگەی هەژماری بانکییەوە وەگرتووە. 

26 پەرلەمانتار لە رێگەی "هەژماری من"ەوە مووچەیان وەرگرتووە، 71 پەرلەمانتارەکەی دیکەش لە رێگەی هەژماری بانکی قەڵاوە مووچەیان پێدراوە.

بەپێی یاسا مووچەی هەر ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان 7 ملیۆن و 422 هەزار و 500 دینارە، لەم خولەی پەرلەمانی کودستان تا ئێستا 97 پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خواردووە،  کۆی گشتی مووچەکانیان بەبێ سەرۆکایەتی پەرلەمان کە تا ئێستا هەڵنەبژێردراوە، 719 ملیۆن و 982 هەزار  و 500 دینارە. 

رۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی 2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، پەرلەمانتارانی خولەکە سوێندی یاسایان خوارد، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی سیاسییەوە نەتوانرا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت. 

لە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمەوە، تاکە چالاکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامانی خولی نوێ سوێندخواردنی یاساییان بووە، بەڵام هەر کەسێکیان وەک مووچەی دوو مانگ 14 ملیۆن و 485 هەزار دینارییان وەرگرتووە. 

کۆی ئەو مووچەیەی ئەو 97 پەرلەمانتارەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە سوێندی یاسایان خواردووە و وەک مووچەی مانگی کانوونی دووەم و شوباتی 2025 وەرییان گرتووە، بڕەکەی ملیارێک و 439 ملیۆن و 965 هەزار دینار بووە. 

ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی(یەک پەرلەمانتار سوێندی یاسایی خواردوە)، بەرەی گەل 2 کورسی(یەک پەرلەمانتار سوێندی یاسایی خواردووە) و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.