هەواڵ

Mic Exclusive : دەسەڵاتی تەمویلی مووچە لە بانکی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی سەندرایەوە

زانیار بەهادین محەمەد
2025-03-20

وەزارەتی دارایی و ئابوری دەسەڵاتی تەمویلی مووچە لە بانکی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی سەندەوە و وەزیری دارایی دەڵێت، "نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت"

 بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دیجیتاڵ میدیای Mic کەوتوون، بە بڕیاری ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەمویلی مووچە لە بانکی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی وەرگیراوەتەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، تەمویلی مووچە لە بانکی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی-ـەوە گواستراوەتەوە بۆ بانکی ئاشتی لە سلێمانی لەمەودوا لەو بانکەوە تەمویلی پارەی مووچەخۆرانی سلێمانی دەکرێت.
دیجیتاڵ میدیای Mic، قسەی لەگەڵ بەرپرسانی بانکی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی کردووە، لەگەڵ پشتراستکردنەوەی هەواڵەکەدا پابەندی خۆشیان بە بڕیارەکانی وەزارەتیی دارایی و ئابورییەوە راگەیاند.

بەپێی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری، تەمویلی موچەی موچەخۆران و فەرمانبەران راستەوخۆ لە بانكی منارەوە دەنێردرێت بۆ بانكی ئاشتی لەوێشەوە بۆ بانكەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی راپەڕین و گەرمیان.

بەپێی بەدواداچوونەکان، هۆکاری بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان بۆ ئەو کێشانەی رابردووی دەگەڕێتەوە کە لە بانکی ناوەندی هەرێم/ سلێمانی بۆ دابەشکردنی مووچە دروست بووە، لەناویاندا دەستکاریکردنی پارەی نەختینەیی مووچە. 

رۆژی 18ـی ئازاری 2025، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان و گەنجینەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین رایگەیاند، نابێت لە هیچ بانکێک کێشە و گرفت بۆ هاووڵاتیان و فەرمانگەکان و بەڵێندەران دروست بکرێت، بەپێچەوانەوە هەر کێشەیەکی نەخوازراو بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان دروست بکرێت ئیجرائاتی پێویست لەگەڵ بەڕێوەبەری بانکەکان دەکرێت.                

هەر لەو کۆبونەوەیەدا بڕیاردرا نابێت لە هیچ بانکێک دەستکاری پارەی هاووڵاتیان ( ئەمانات، وەدائیع، توفیر، هتد) بکرێت بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبنەوە.      
بڕیاردریش درا، بەهیچ جۆرێک نابێت لە ژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی تەرخانکراو بۆ مووچە بۆ هیچ بوارێکی تر بەکاربهێنرێت، لە حاڵەتی دووبارە بوونەوەی سەرپێچیەکان و هەرکەس و لایەنێک پێچەوانەی ئەم ڕێنماییانە جوڵایەوە،ڕێکاری پێویستی لە دژ دەگیرێتبەر بگرینەبەر.   

پێشتر، بانکەکان دەسەڵاتیان هەبووە بڕی دیاریکراو خەرج بکەن، بەڵام ئێستا ئەو دەسەڵاتە لێیان سەندراوەتەوە و دەبێت راپۆرتی هەفتانە رادەستی وەزارەتی دارایی بکەن.

More News

Most Popular

هەواڵ

پەرلەمانی کوردستان دەخرێتەوە ژێر رەحمی چەکوشی دادگای فیدراڵی عێراق

Mic
2025-05-08

دوو سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمار دەکرێت، کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی بە بڕیاری هەمان دادگا بووە.  

 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی  پەرلەمانی کوردستان دوای دوو ساڵ دواخستن لە وادەی خۆی، دواجار بە بڕیاری دادگای فیدراڵی کۆتایی ساڵی رابردوو ئەنجام درا.

دادگای فیدراڵی بەشێکی چیرۆکی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، نزیکەی ساڵێک تاتوێی سکاڵایەکی لەبارەی هەڵبژاردنەکەوە کرد، کە دواجار بە هەڵوەشاندنەوە و دواتر کەمکردنەوەی ژمارەی کورسی کۆتایی پێکهاتەکان کۆتاییهات.

ئێستا جارێکی دیکە ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە خراوەتەوە بەر دەستی دادگای فیدراڵی عێراق، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و جوڵانەوەی نەوێ نوێ رایگەیاندووە، لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە.
سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری کە یەکەم سکاڵایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەم لەلایەن عومەر گوڵپی کاندیدی سەرکەتووی حزبەکە دژی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کراوە.

عومەر گوڵپى سەبارەت بە تۆمارکردنی ئەو سکاڵایە رایگەیاندووە،"داوامان لە دادگاى فیدراڵی کردووە، خولەکە هەڵوەشێندرێتەوە و هەڵبژاردن دووبارە بکرێتەوە، هەروەها هەموو ئەو ئیمتیازە ماددییانەى لە پێنج مانگى ڕابردوودا پەرلەمانتاران وەریان گرتووە، لێیان وەربگیرێتەوە".

کۆمەڵى دادگەرى کە لە هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستاندا سێ کورسیى بەدەستهێنا، دواتر هەڵبژاردنەکەی بە" دیزاینکراو" وەسفکرد و بڕیاریدا بایکۆتی خولەکە بکات.

دوای چوار رۆژ لە سکاڵاکەی کۆمەڵی دادگەری، جوڵانەوەی نەوەی نوێش رایگەیاند، سکاڵایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کردووە. 

نەوەی نوێ رایگەیاندووە، سکاڵاکەی ئەوان دژی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی تا ئێستا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستانی دەرنەکردووە.

ڕۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام درا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن کە لەلایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکراوەتەوە، پارتی 39 کورسی، یەکێتی 23 کورسی، نەوەی نوێ 15 کورسی، یەکگرتوو 7 کورسی، هەڵوێست 4 کورسی، کۆمەڵ 3 کورسی، بەرەی گەل 2 کورسی و هەریەک لە گۆڕان و هاوپەیمانی کوردستانیش یەکی کورسییەکیان بەدەستهێناوە.

دوای نزیکەی حەوت مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، تا ئێستا پەرلەمانی کوردستان کارا نەبووە و تەنها پەرلەمانتاران سوێندی یاسایان خواردووە، بەڵام هەموو مانگێک مووچە وەردەرگن.