نزیکەی دوو ساڵە هەرێمی کوردستان بەبێ پەرلەمانە و حکومەت لە ژێر هیچ چاودێرییەکدا نییە، ئەگەرچی هەڵبژاردنی نوێ ئەنجام دراوە بەڵام بەهۆی رێککنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانەوە نەتوانراوە پەرلەمان کارا بکرێت.
زیاتر لە پێنج مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام بەهۆی رێککنەوکەوتنی لایەنەکانەوە نەتوانراوە پەرلەمان چالاکراوە تا ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، رۆژی 2ـی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵ یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتارانی نوێ بەڕێوەچوو.
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە رێککەوتنی سیاسی لایەنەکان دەبێت، بەهۆی رێککنەکەوتنی لایەنەکانەوە تا ئێستا نەتوانراوە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرێت.
پارتی و یەکێتی کە لە کابینەی داهاتوودا دەبنە دوو پێکهێنەری سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رەشنوسی کۆتایی دیدگای حکومەتی هەرێمی کوردستانیان تەواو کردووە، بەڵام مانگی نیسانی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی پۆستەکان دەکەن.
ماددەی 56ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەرکەکانی پەرلەمانی کوردستانی بەسەر چەند خاڵیکدا دابەشکردووە، کە گرنگترینیان یاسادانان و چاودێریکردنی کارەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە(حکومەت) لەگەڵ متمانەدان بە سەرۆکی حکومەتی نوێ و وەزیرانی کابینەکەی، پەرلەمانی کوردستان دەسەڵاتی متمانەدان بە حکومەتی هەیە و دەسەڵاتیشی هەیە متمانە لە حکومەت وەرگرێتەوە.
لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی پەرلەمانی کوردستان هیچ کام لەم ئەرکانەی جێبەجێنەکردووە و هەموو چالاکییەکانی ڕاگرتووە، دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەرێمی کوردستانیش بەبێ چاودێریکردن کارەکانی بەردەوامە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبێ چاودێری پەرلەمان تاوتوێی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی لەگەڵ بەغداد کردووە، ئێستاش سەرقاڵی پرسی بنەجێکردنی موچەی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە.
بەشێک لە هاوڵاتییان بۆچوونیان وایە، پەرلەمانی کوردستان لە کاتی کارابوونیشدا نەیتوانیووە وەک پێویست ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و بەردەوام لە بەردەم دەسەڵاتی جێبەجێکردندا لاواز بووە.
بەشێکی دیکەش لە هاوڵاتییان وێرای ڕەخنەکانیان لە پەرلەمان بەڵام هێشتا بوونی بە گرنگ دەزانن و بۆچوونیان لەو کەسانەوە نزیک کە بوون و ڕۆڵی پەرلەمان بە گرنگ دەبینن.
چاوەڕوانییەکان بەو ئاڕاستەیەن، کارابوونەوەی پەرلەمانی کوردستان هاوکاتی کوژاندنەوەی مۆمی دوو ساڵەی راگرتنی کارەکانی دامەزراوەکە دەبێت.
کۆتا دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 22ـی ئایاری 2023 بەڕێوەچوو کە تایبەت بوو بە كاراكردنهوهى کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان.
پارتی ئامانجی بوو، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان کارا بکاتەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەو ڕێگەیەوە ئەنجام بدرێت، یەکێتیش ئەوەی ڕەتدەکردەوە.
ئەگەرچی دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو بەڵام بە شەڕی دەستەویەخەی پەرلەمانتارانی پارتی و یەکێتی کۆتاییهات و ئەو دانیشتنە بووە کۆتا دانیشتنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان. هەر ئەو دانیشتنەش دەرگای گەڕێکی نوێی بەسەر ململانێکانی پارتی و یەکێتیدا کردەوە، پارتی دانیشتنەکەی بە یاسایی و یەکێتیش دانیشتنەکەی بە نایاسایی وەسف دەکرد.
ڕۆژی 30ـی ئایاری 2023، دادگای فیدراڵی فیدراڵی عێراق لەسەر بنەمای دوو سکاڵای یوسف محەمەد سەرۆکی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ بڕیاریدا بە کۆتاییهێان بە کارەکانی پەرلەمانی کوردستان. دادگاکە ڕاشیگەیاند،" هەر بڕیارێک لە 6ـی تشرینی دووەمی2022ـەوە لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچووبێت نایاسایی و نادەستوورییە".
ئەگەرچی سەرۆکایەتییەکانیی دیکەی هەرێمی کوردستانیش لە پەرلەمانەوە متمانەیان وەرگرتووە بەڵام هەرێمی کوردستان تەنها بە کۆتایهێنان بە کارەکانی پەرلەمانەوە پابەندبوو.
سەرەڕای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی
داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر هێشتا مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی
عێراقە، ئەمەش وایکردووە لەلایەک چاویان لەسەر هەڵبژاردن بێت و لەلایەکیش چاویان
لەسەر سەدر بێت، خودی موقتەدا سەدریش چاوەڕێی روودانی دوو ئەگەرە لە عێراق.
موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە
سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووی نەیارەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یان تەنانەت
لایەنگران و هاوپەیمانە نزیکەکانی.
لەدوای بڕیارە بەناوبانگەکەی سەدر بۆ کشانەوەی کوتلە پەرلەمانییەکەی
کە خاوەنی 72 کورسی پەرلەمانی بوو، لە هاوینی 2022 و راگەیاندنی ڕەتکردنەوەی
کارکردن لەگەڵ "گەندەڵکاران" کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، پێشبینیەکان
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سەدر بەردەوام مشتومڕی لە نێوان سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان
و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دروستکردووە.
موقتەدا سەدر لە هەموو پەیامەکانیدا سەبارەت بە کشانەوەی لە پرۆسەی
سیاسی و هەڵبژارد، تەنها ئاماژەی بە چینێکی گەندەڵی دەسەڵاتدار کردووە، بەبێ ئەوەی
هیچ نیازێکی تری خۆی بخاتەڕوو، بەڵام سەرکردەویەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی
سەدر ئاشکرا دەکات.
سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی
«الشرق الأوسط»ـى راگەیاندووە، سەدر سیستەمێکی دەوێت کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا
بگونجێت، کە لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەوانی تردا نەگونجێت.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، کشانەوەی ئێستای موقتەدا
سەدر لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن، لەم دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ڕق لە
کاری سیاسی.
ئاماژە بە پێگە و بەهێزی سەدر دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەڵێت:
لەوانەیە یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور بێت،
هەر بۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و چاوەکەی دیکەش لەسەر
سەدرە.
لەگەڵ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، سەدر لە
چوار ساڵی رابروودا، شەقامی لە بەرژەوەندی خۆی ساز و ئامادەکردووە بۆ چوونە سەر
سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەدر بایکۆتکردنی
هەڵبژاردنی راگەیاند، هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق بە فەرمی داوای لێکرد بە
بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر بڕیارەکەی.
لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، موقتەدا سەدر بڕیارێکی دەرکرد
بۆ دوورخستنەوەی 31 کەس لە بزووتنەوەکە و باڵی سەربازی سەرایا سەلام، بەهۆی ئاماەکارییان
بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
سەرکردەیەکی رەوتی سەر بە رۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى
وتووە، ڕەوتی سەدر پشتگیری لە هیچ لیست و کاندیدێک ناکات لە هەڵبژاردنەکانی
داهاتوودا، ئەو سەرکردەیە ڕەتی دەکاتەوە پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بکات و
دەڵێت: هەموو شتێک دەگونجێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کەی ڕوودەدات.
ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەدر درکپێدەکات و گرەو لەسەر ئەگەری
داڕمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بە تێپەڕبوونی کات، چونکە بڕوا وایە سیستەمی سیاسی
ئێستا بە ئاسانی چاکسازی ناکرێت.
دەشڵێت: سەدر هەموو جۆرە کارێکی سیاسی تاقیکردۆتەوە. بەشداری کردن لە
پەرلەمان و کشانەوەی لێی و بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوەی لێی و هەروەها دژایەتیکردنی
چالاکی لە شەقامدا و پێدەچێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیستەمە توانای
چاکسازی نییە.
یەکێکی تر لەو ئەگەرانەی کە سەدر چاوەڕێی دەکات، شوێنگرتنەوەی عەلی
سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانە لە عێراق، خودی سەدریش خواستی خۆی بۆ جێگرتنەوەی
نەشاردووەتەوە و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعە، موقتەدا سەدر هەموو مەرجەکانی
تێدایە.