ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ ئەو سیاسەتمەدارە تورکەیە لەلایەک هاوسۆزی کوردە و لەلایەکی دیکەشەوە دڵی لای ئەو سەربازە تورکانەیە کە هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان.
ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستەنبوڵ کە ئێستا بە بڕیاری دادگا و بە تۆمەتی "گەندەڵی" خراوەتە زیندانەوە، یەکێک لە دۆسییەکانی پەیوەستە بە کوردەوە.
ئیمامئۆغڵو جیاواز لە تۆمەتی "گەندەڵی"، لە دۆسیەیەکی دیکە بە هاوکاریکردنی پەکەکە تۆمەتبارکراوە و گوایە "هەلی کاری ڕەخساندووە" بۆ ئەندامانی پەکەکە تا لە دامەزراوەکانی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ کار بکەن.
پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆی وەک کاندیدی پارتەکەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کاندید کردووە، کە بڕیارە ساڵی 2028 بەڕێوەبچێت.
ئیمامئۆغلۆ لە هەڵبژاردنەکەدا چاوی لە دەنگی کوردە، چونکە لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا بە دەنگی کورد و هەماهەنگیکردن لەگەڵ پارتی دیموکراسی گەلان - هەدەپە توانیویەتی هەڵبژاردن لە کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکپارتی بباتەوە.
سیاسەتمەدارە گەنجەکەی جەهەپە، خاوەنی هەڵوێستی جیاوازە بەرامبەر بە کورد، لە چەند هەڵوێستێکدا پشتیوانی کوردی کردووە، لە هەندێک حاڵەتی دیکەش هاوشێوەی تورکە رەگەز پەرستەکان مامەڵەی لەگەڵ دۆسیەی کورددا کردووە.
حەوت ساڵی رابردوو لەگەڵ خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی گەورەشاری ئیستانبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ روبەڕوی شەڕێکی دەرونیی بەرفراوانی ئاک پارتیی دەسەڵاتدار و مەهەپەی هاوپەیمانی بووەوە و تۆمەتباریان کرا بە هاوکاریکردن و هەماهەنگی کردن لەگەڵ پەکەکە تا بتوانێت لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتن بە دەستبهێنێت.
ئاکپارتی و مەهەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە ساڵی 2019 بە ئامانجی راکێشانی سۆزی تورکە نەتەوە پەرستەکان بوو، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان ئیستەنبوڵ لە جەهەپە ببنەوە، دوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن و بڵاوکردنەوەی نامەیەکی ئۆجالانیش کە داوای لە دەنگدەرانی کورد کردبوو، نەبنە بەشێک لەو جەمسەرگیرییەی لەنێوان بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دروست بووە، بەڵام ئەکرەم ئیمامئۆغڵو توانی هەڵبژاردن بباتەوە.
لە رووی مێژووییەوە، سەردەمی کەمال کڵچدارئۆغلۆ و ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەردەمێکی نوێی نزیک بوونەوەی جەهەپە و کورد دادەنرێت، لە ژێر کاریگەری ئەواندا گۆڕانکاری بە ئاڕاستەی پشتیوانیکردن لە دیالۆگ بۆ پرسی کورد رویداوە.
ئیمامئۆغڵو دیالۆگ بە چارەسەری بنەڕەتی کێشەی کورد لە تورکیا دەزانێت، پێشبینیش دەکات کە پرسی کورد لە ڕێگەی چاکسازی دیموکراسی و سیاسەتی گشتگیرەوە چارەسەر دەکرێت، هەمیشەش جەختدەکاتەوە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی دیالۆگی رون لەناو پەرلەمانی تورکیادا.
ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ لە چەند وێستگەیەکی جیاوازدا پشتیوانی دۆزی کوردی لە باکوری کوردستان کردووە، بە تایبەت لە پرسی دانانی قەییوم بۆ شارەوانییە کوردەکان، پشتیوانیکردن لە زمانە جیاوازەکانی تورکیا لە ناویاندا زمانی کوردی، وەک پشتوانییەکیش بۆ نەورۆز هەندێک کات بە زمانی کوردی پیرۆزبای جەژنی نەورۆزی کردووە.
ناکۆکییەکانی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ و رەجەب تەیب ئەردۆغان هەمیشە ئیمامئۆغلۆی وەک دۆستی کورد نیشاندوە، لە هەندێک حاڵەتیشدا جەهەپە پرسی کوردی بۆ دژایەتی کردنی ئەردۆغان بەکارهێناوە.
رۆژی 18ـی ئاداری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو تەنها یەک رۆژ پێش دەستگیکردنی لە ئامەد لەبارەی پرسی کورد و بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەوە رایگەیاند،" ئەگەر ئەو ببێت بە سەرکۆماری تورکیا هیچ جیاکارییەک ناهێڵێت لە نێوان کورد و تورک و عەلەوی و سوننەکاندا، سیاسەتی دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکان کۆتایی دێت و سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەکرێت".
ئەگەرچی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ هەڵوێستی رونی بەرامبەر دەم پارتی، سەڵاحەدین دەمیرتاش، زمانی کوردی و نەورۆز هەبووە، بەڵام بە ئێستاشەوە نەیتوانیووە بە راستەخۆ باسی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی - پەکەکە و پارتەکەی بکات، تەنها پشتیوانی دوایین پەیامی ئۆجالانی بۆ پرۆسەی ئاشتی کردووە.
هەموو کات، هەڵوێستەکانی ئیمامئۆعڵو بۆ کورد پشتیوانی نەبوون، بەڵکو لە چەند وێستگەیەکیشدا دەستی بۆ برینی کورد بردووە و راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ئازاری کوردانی باکوری کوردستانی داوە.
ساڵی 2019، دوای سەرکەوتن و بردنەوەی شارەوانی ئیستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو وەک ئاماژەیەک بۆ بەهێزی خۆی رایگەیاند، ئەو نەوەی عوسمان تۆپاڵە .
عوسمان تۆپاڵ ساڵی 1883 لە کەنارەکانی دەریای رەش لە دایکبووە، یەکێک بووە لە فەرماندە سەبازییەکانی تورکیا بە تایبەت لە ساڵی 1900 تا لە سێدارەدانی بە بڕیاری مستەفا کەمال ئەتاتورک لە سالی 1923 بە تۆمەتی کوشتنی ئەندامێکی پەرلەمانی تورکیا.
عوسمان تۆپاڵ رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە سەرکەوتکردنی راپەرینی کورد لە باکوری کوردستان بە تایبەت لە ساڵی 1921 لە ناوچەکانی سیواس و ئەرزنجان.
راپەرینی ناوچەی کۆچگیری (سیواس و ئەرزنجانی ئیستا) کە لە ساڵی 1921 وەک گەورەترین راپەرینی کورد لە باکوری کوردستان بووە، لەلایەن عوسمان تۆپاڵ-ەوە سەرکەوتکراوە.
مێژووی عوسمان تۆپاڵ، نیگەرانی کوردی بەرامبەر لێدوانەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو لێکەوتەوە، سڕی ساکک پەرلەمانتاری کورد رایگەیاند، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە شانازییەوە باسی ئەوە دەکات نەوەی فەرماندەیەکە کە بە توندترین شێوە ڕاپەڕینی کوردانی سەرکوت کردووەتەوە و دەستی سورە بە خوێنی هەزاران کورد لە شۆڕشی کۆچگیری لە 1921.
ساڵی 2019 کاتێک تورکیا دەستی بە هێرش کرد بۆ سەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانیێ کە ناوی نابوو "ئۆپەراسیۆنی کانیی ئاشتی"، ئەکرەم ئیمامئۆعڵو ڕایگەیاند، دڵ و هۆش و هەستیان لای سەربازانی تورکیایە و تاکە ئاواتیان ئەوەیە چی زووە ئەو ناوچانە کۆنتڕۆڵ بکرێن و هەمیشە لەگەڵ سوپای تورکیادان و نزا بۆ سەربازانی تورکیا دەکەن. ئەگەرچی ئیمامئۆعڵو هێرشەکانی بە هێنانەدی ئاشتی ناودەبرد، بەڵام لە ئاکامی ئەو هێرشە بەرفراوانەی تورکیا سەدان کورد کوژران و هەزارانی دیکە ئاوارە بوون.
سەرکەوتنی دووجارەیی ئیمامئۆعڵو وەک سەرۆک شارەوانی ئیستەنبوڵ بە پشتوانی کورد بووە، بەڵام هەرگیز خۆی لە قەرەی هاوپەیمانێتی راستەوخۆ لەگەڵ کورددا نەداوە و ترسی هەبووە لەلایەن دەنگدەرانی نەتەوە پەرستەوە پشتی تێ بکرێت و هێرشی بکرێتە سەر.
خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنەکان دەگەنە ئەو ئەنجامەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە ئاشکرا دژە کورد نییە، بەڵام داکۆکیکارێکی بەهێزی مافەکانی کوردیش نییە، هەڵوێستە میانڕەوەکەی یارمەتی دەدات کە سەرنجی هەردوو دەنگدەری ناسیۆنالیست و کورد ڕابکێشێت، بەڵام هەندێک لە چالاکانی کوردی بێهیوا کردووە کە چاوەڕوانی پشتیوانی زیاتریان دەکرد.
سەرەڕای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی
داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر هێشتا مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی
عێراقە، ئەمەش وایکردووە لەلایەک چاویان لەسەر هەڵبژاردن بێت و لەلایەکیش چاویان
لەسەر سەدر بێت، خودی موقتەدا سەدریش چاوەڕێی روودانی دوو ئەگەرە لە عێراق.
موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە
سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووی نەیارەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یان تەنانەت
لایەنگران و هاوپەیمانە نزیکەکانی.
لەدوای بڕیارە بەناوبانگەکەی سەدر بۆ کشانەوەی کوتلە پەرلەمانییەکەی
کە خاوەنی 72 کورسی پەرلەمانی بوو، لە هاوینی 2022 و راگەیاندنی ڕەتکردنەوەی
کارکردن لەگەڵ "گەندەڵکاران" کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، پێشبینیەکان
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سەدر بەردەوام مشتومڕی لە نێوان سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان
و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دروستکردووە.
موقتەدا سەدر لە هەموو پەیامەکانیدا سەبارەت بە کشانەوەی لە پرۆسەی
سیاسی و هەڵبژارد، تەنها ئاماژەی بە چینێکی گەندەڵی دەسەڵاتدار کردووە، بەبێ ئەوەی
هیچ نیازێکی تری خۆی بخاتەڕوو، بەڵام سەرکردەویەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی
سەدر ئاشکرا دەکات.
سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی
«الشرق الأوسط»ـى راگەیاندووە، سەدر سیستەمێکی دەوێت کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا
بگونجێت، کە لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەوانی تردا نەگونجێت.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، کشانەوەی ئێستای موقتەدا
سەدر لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن، لەم دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ڕق لە
کاری سیاسی.
ئاماژە بە پێگە و بەهێزی سەدر دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەڵێت:
لەوانەیە یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور بێت،
هەر بۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و چاوەکەی دیکەش لەسەر
سەدرە.
لەگەڵ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، سەدر لە
چوار ساڵی رابروودا، شەقامی لە بەرژەوەندی خۆی ساز و ئامادەکردووە بۆ چوونە سەر
سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەدر بایکۆتکردنی
هەڵبژاردنی راگەیاند، هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق بە فەرمی داوای لێکرد بە
بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر بڕیارەکەی.
لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، موقتەدا سەدر بڕیارێکی دەرکرد
بۆ دوورخستنەوەی 31 کەس لە بزووتنەوەکە و باڵی سەربازی سەرایا سەلام، بەهۆی ئاماەکارییان
بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
سەرکردەیەکی رەوتی سەر بە رۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى
وتووە، ڕەوتی سەدر پشتگیری لە هیچ لیست و کاندیدێک ناکات لە هەڵبژاردنەکانی
داهاتوودا، ئەو سەرکردەیە ڕەتی دەکاتەوە پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بکات و
دەڵێت: هەموو شتێک دەگونجێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کەی ڕوودەدات.
ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەدر درکپێدەکات و گرەو لەسەر ئەگەری
داڕمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بە تێپەڕبوونی کات، چونکە بڕوا وایە سیستەمی سیاسی
ئێستا بە ئاسانی چاکسازی ناکرێت.
دەشڵێت: سەدر هەموو جۆرە کارێکی سیاسی تاقیکردۆتەوە. بەشداری کردن لە
پەرلەمان و کشانەوەی لێی و بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوەی لێی و هەروەها دژایەتیکردنی
چالاکی لە شەقامدا و پێدەچێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیستەمە توانای
چاکسازی نییە.
یەکێکی تر لەو ئەگەرانەی کە سەدر چاوەڕێی دەکات، شوێنگرتنەوەی عەلی
سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانە لە عێراق، خودی سەدریش خواستی خۆی بۆ جێگرتنەوەی
نەشاردووەتەوە و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعە، موقتەدا سەدر هەموو مەرجەکانی
تێدایە.