تەنها لە ماوەی یەک مانگدا دوو منداڵی دۆزراوە براونەتە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک، بەپێی ئامارێکیش لە ماوەی دوو مانگدا حەوت منداڵ لە کەرکوک فڕێدراون. ئەگەرچی چیرۆکی فڕێدانی منداڵ لە کەرکوک زۆرە بەڵام خانەی تایبەت بە داڵەدانی ئەو منداڵانە لە شارەکەدا نییە.
چیرۆکی دۆزینەوەی کچێکی تەمەن یەک رۆژەی بێ ناونیشان، دوایین کەیسی فڕێدانی منداڵانی ساوایە لە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک.
موعتەسەم عەزیز، بەرپرسی بەشی نەبەکامەکانی نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکوک بە دیجیتاڵ میدیای Mic راگەیاند، لە ماوەی مانگێکدا دوو منداڵ دۆزراوە هێنراوەتە لامان هەر دووکیان کچ بوون.
منداڵی یەکەم لە مانگی شوباتی ئەمساڵ دۆزرایەوە، دوای مانەوەی بۆ چەند رۆژێک بە بڕیاری دادگا درایە خێزانێک، ئەوان بەخێوکردنی لە ئەستۆ دەگرن.
منداڵی دووەمیان ئەو کچە تەمەن یەک ڕۆژەیە کە ئەم هەفتەیە براوەتە نەخۆشخانەکە، تا ئێستا لەوێ دەمێنێتەوە و تەندروستیشی جێگیرە.
ئامارەکانی فڕێدانی منداڵ بە تەواوی بەردەست نین، چونکە لە بەشێک لە کەیسەکاندا بەبێ ئاگادارکردنەوەی دادگا و هێزە ئەمنییەکان منداڵە دۆزراوەکان هەڵدەگیرێنەوە.
بەپێی ئامارێک کە تایبەتە بەو دۆسیانەی لای هێزە ئەمنییەکانە، لە ماوەی دوو مانگی رابردودا لە کەرکوک حەوت منداڵ فڕێدراون کە زۆرینەیان کچ بوون
هەر کۆرپەیەک دەدۆزرێتەوە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکان رەوانەی نەخۆشخانەكانی كەركوكی دەكەن، بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە باری تەندروستی، پاشان دۆسیەی بۆ دەكرێتەوە و بۆ لێكۆڵینەوە دۆسیەكەی رەوانەی پۆلیس دەكرێت.
بەهۆی زیادبوونی حاڵەتەکانی فڕێدانی منداڵەوە ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤی لە عیراق، ماوەی پێنج ساڵە دۆسییەكی تایبەت بە فڕێدانی منداڵی ساوای کرددوەتەوە و لەنزیكەوە چاودێری ئەو حاڵەتانە دەکات.
كێشەیەك كە روبەڕوی كارەكانی ئەو كۆمسیۆنە بۆتەوە، ئەوەیە كە ناتوانن منداڵەكان لای خۆیان بهێڵنەوە و بەخێویان بكەن تا داددوەر بڕیار لە چارەنوسیان دەدات، بۆیە زۆركات منداڵەكان لای نەخۆشخانە، پۆلیس یان موختاری گەڕەك دەهێڵدرێنەوە.
دامەزراوەكانی كەركوك بۆ چارەسەركردنی گرفتی بەخێوكردنی ئەو كۆرپانە. دوو بژاردەیان لەبەردەستدایە، یان رەوانەكردنیانە بۆ سلێمانیی و بەغدا بەهۆی بونی خانەی تایبەت بۆ بەخێوكردنیان لەو دوو پارێزگایە، یان بەخشینیان بەو خێزانانەی كە توانای بەخێوكردنیان هەیە.
بەپێی یاسای چاودێری نەوجەوانان، بەخشینی منداڵی فڕێدراو تەنیا لە دەسەڵاتی سەرۆكی دادگای نەوجەواندان دایە. بەپێی یاسای چاودێری نەوجەوانان و رێنمایی و رێوشوێنەكانی دادگا، هەركەسێك بیەوێت منداڵێك لەخۆبگرێت، پێویستە لەیەكەم هەنگاودا داواكاریی پێشكەشی تویژەری كۆمەڵایەتی دادگای نەوجەوانان بكات.
ئەو خێزانەی داواكارییەكەی پێشكەش كردووە، پێویستە ئەو مەرجانەی تێدابێت كە دادگا دیاریكردووە، لەوانە پێگەی كۆمەڵایەتی خێزانەكە و ناوبانگی خراپ نەبێت، توانای ئابوری، باری دەرونیی و ئەقڵی خێزانەكە، خاوەنی منداڵی تر نەبێت.
بەپێی ماددەی 40 لە یاساکە، هەر خێزانێك ئەگەر مەرجەكانی لەخۆگرتنی منداڵی ساوای تێدابێت، بە كاتی بۆ ماوەی شەش مانگ منداڵەكەیان پێدەدرێت، ئەوەش لەژێر چاودێری تویژەرەی كۆمەڵایەتی.
گرفتی ئەو كەیسانە ئەوەیە، لەپاڵ زۆربونی حاڵەتی فڕێدانی منداڵی ساوادا، داواكاریش بۆ وەرگرتنی منداڵەكان زۆرن، بەڵام بڕیارەكانی دادگا كاتی دەوێت، لەكاتێكدا شوێنێكی حكومی تایبەت نییە لەخۆیان بگرێت تا دادگا بڕیاردەدات.
دەستدرێژی سێكسی، ناپاكی هاوسەرگیریی و هەژاریی لە هۆكارە سەرەكییەكانی فڕێدانی منداڵی ساوا دادەنرێن لە پارێزگای كەركوك، ئێستا چەندین دۆسیەی لەو شێوەیە لە دادگاکانی شارەکەدان.
بەپێی یاسای سزادانی عیراقی، ئەوانەی بە ناشەرعی منداڵ دەخەنەوە، روبەڕوی سزای دارایی و زیندانیكردن دەبنەوە، بەڵام لە بەشێک لە دۆسیەکاندا هیچ کەسێک نەبووە سکاڵا لەسەر هێنانە دونیای ئەو ساوایانە تۆماربكات، چونکە لە کۆمەڵگەدا ئەو منداڵانە بەتایبەت کە ناشەرعین قبوڵكراونین و كەس ئەركی تۆماركردنی سكاڵا ناخاتە ئەستۆی خۆی.
سەرەڕای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی
داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر هێشتا مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی
عێراقە، ئەمەش وایکردووە لەلایەک چاویان لەسەر هەڵبژاردن بێت و لەلایەکیش چاویان
لەسەر سەدر بێت، خودی موقتەدا سەدریش چاوەڕێی روودانی دوو ئەگەرە لە عێراق.
موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە
سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووی نەیارەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یان تەنانەت
لایەنگران و هاوپەیمانە نزیکەکانی.
لەدوای بڕیارە بەناوبانگەکەی سەدر بۆ کشانەوەی کوتلە پەرلەمانییەکەی
کە خاوەنی 72 کورسی پەرلەمانی بوو، لە هاوینی 2022 و راگەیاندنی ڕەتکردنەوەی
کارکردن لەگەڵ "گەندەڵکاران" کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، پێشبینیەکان
سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سەدر بەردەوام مشتومڕی لە نێوان سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان
و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دروستکردووە.
موقتەدا سەدر لە هەموو پەیامەکانیدا سەبارەت بە کشانەوەی لە پرۆسەی
سیاسی و هەڵبژارد، تەنها ئاماژەی بە چینێکی گەندەڵی دەسەڵاتدار کردووە، بەبێ ئەوەی
هیچ نیازێکی تری خۆی بخاتەڕوو، بەڵام سەرکردەویەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی
سەدر ئاشکرا دەکات.
سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی
«الشرق الأوسط»ـى راگەیاندووە، سەدر سیستەمێکی دەوێت کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا
بگونجێت، کە لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەوانی تردا نەگونجێت.
ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، کشانەوەی ئێستای موقتەدا
سەدر لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن، لەم دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ڕق لە
کاری سیاسی.
ئاماژە بە پێگە و بەهێزی سەدر دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەڵێت:
لەوانەیە یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور بێت،
هەر بۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و چاوەکەی دیکەش لەسەر
سەدرە.
لەگەڵ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، سەدر لە
چوار ساڵی رابروودا، شەقامی لە بەرژەوەندی خۆی ساز و ئامادەکردووە بۆ چوونە سەر
سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەدر بایکۆتکردنی
هەڵبژاردنی راگەیاند، هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق بە فەرمی داوای لێکرد بە
بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر بڕیارەکەی.
لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، موقتەدا سەدر بڕیارێکی دەرکرد
بۆ دوورخستنەوەی 31 کەس لە بزووتنەوەکە و باڵی سەربازی سەرایا سەلام، بەهۆی ئاماەکارییان
بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
سەرکردەیەکی رەوتی سەر بە رۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى
وتووە، ڕەوتی سەدر پشتگیری لە هیچ لیست و کاندیدێک ناکات لە هەڵبژاردنەکانی
داهاتوودا، ئەو سەرکردەیە ڕەتی دەکاتەوە پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بکات و
دەڵێت: هەموو شتێک دەگونجێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کەی ڕوودەدات.
ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەدر درکپێدەکات و گرەو لەسەر ئەگەری
داڕمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بە تێپەڕبوونی کات، چونکە بڕوا وایە سیستەمی سیاسی
ئێستا بە ئاسانی چاکسازی ناکرێت.
دەشڵێت: سەدر هەموو جۆرە کارێکی سیاسی تاقیکردۆتەوە. بەشداری کردن لە
پەرلەمان و کشانەوەی لێی و بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوەی لێی و هەروەها دژایەتیکردنی
چالاکی لە شەقامدا و پێدەچێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیستەمە توانای
چاکسازی نییە.
یەکێکی تر لەو ئەگەرانەی کە سەدر چاوەڕێی دەکات، شوێنگرتنەوەی عەلی
سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانە لە عێراق، خودی سەدریش خواستی خۆی بۆ جێگرتنەوەی
نەشاردووەتەوە و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعە، موقتەدا سەدر هەموو مەرجەکانی
تێدایە.