عێراق دەیەوێت بە"یاسای دەستەی حەشدی شەعبی" گروپە چەکدارەکە بخاتە ژێر دەستی حکومەتەوە تا لە هەڕەشەی ئەمریکا بیپارێزت. ئێران بە هەنگاوەکە رازییە و نایەوێت ئەمریکا گوورز لە حەشد بوەشێنێت.
"یاسای دەستەی حەشدی شەعبی" لە پەرلەمانی عێراقە، کە بەپێی مادەی دووی پڕۆژە یاساکە ئەرکی ئەو هێزە "پارێزگاری" دەبێت "لە سیستمی دەستوری و دیموکراسی لە عێراق، بەرگری لە وڵات دەکات و کار لەسەر روبەڕوبوونەوەی تیرۆر دەکات".
بەپێی پڕۆژە یاساکە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە نوێترین تەکنەلۆژیای سەربازی پڕچەک دەکرێن ئەکادیمایی سەربازییان بۆ دەکرێتەوە و بە فەرمانی سەرۆک وەزیران ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجام دەدەن.
پڕۆژە یاساکە بە شێوەیەک حەشدی شەعبی بە حکومەتەوە دەبەستێتەوە کە پلەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی دەکرێتە وەزیر و دەبێتە ئەندامی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی.
بەگوێرەی پڕۆژەیاساکە، نابێت کارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی سەر بە هیچ پارتێک یان رێکخراوێکی سیاسی بن، نابێت لە هیچ چالاکییەکی حیزبی و سیاسیدا بەشدار بن و هەژمارە داراییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە وردبینیان بۆ دەکرێت.
هەنگاوەکانی عێراق دوای فشار و ناڕەزایەتییەکانی ئەمریکا دێت لەبارەی حەشدی شەعبییەوە بە تایبەت دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆکی ئەمریکا.
کرمانج یونس شرۆڤەکاری سیاسی بۆچوونی وایە،"محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەوڵی ئەوەی دا کە بتوانێت لە قۆناغی یەکەمدا، ئەو گروپانە لەچوارچێوەی وەزارەتی بەرگریی ڕێکبخاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت چالاکییەکانی ئەو هێزانە سنوردار بکرێت، بۆ ئەوەی نەبنە مەترسی بۆ سەر تێکدانی سەقامگیری و پرۆسەی سیاسی لە عێراق و دەستیش لە کاروباری حکومەتدا وەرنەدەن".
گروپە چەکدارەکانی عێراق کە نزیکن لە ئێرانەوە لەگەڵ ئەوەی چەند جارێک هێزەکانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان بە ئامانج گرتووە،دەستیان لە شەڕی غەززە و ئیسرائیلیش وەرداوە، بۆیە ئەمریکا بە گرنگی دەزانێت پرسی گروپە چەکدارە شیعەکان لە عێراق یەکلایی بکرێتەوە.
کرمانج یونس باسی لەوەکرد، دەبێت ئەو گروپانە لە چوارچێوەی سوپای عێراق ڕێکبخرێنەوە و کۆنترۆڵ بکرێن، یان ئەوەتا لێیان دەدرێت، چونکە دوایی دەبنە مەترسی بۆ سەر ناوچەکە، بۆیە پێشبینی ئەوە دەکەین ئەگەر لە داهاتوودا، ئەو گروپانە هەڵنەوەشێنەوە، ئەوا بە باشی کۆنترۆڵ دەکرێن و لەژێر فەرمانەکانی حکومەتی عێراقدا دەبن".
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە ئەگەر گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق نزیک لە ئێران، وەک ماوەکانی رابردوو بەردەوامبن لە هەڕەشەکردن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەوا لە بەرامبەردا ئیسرائیل و ئەمریکا پەنا بۆ بژاردەی سەربازیی دەبن.
بەپێی "یاسای دەستەی حەشدی شەعبی" ئەو هێزە لەگەڵ ئەوەی دەخرێتە ژێر دەستی حکومەتەوە، هاوکات کاری سیاسیشی لێ قەدەغە دەکرێت، وەک کرمانج یونس پێشبینی کردووە،" بە جێبەجێکردنی ئەو دوو هەنگاوە عێراق بەرەو وڵاتێکی مەدەنی و خاوەن سەروەریی زیاتر هەنگاو دەنێت و زیاتر سەقامگیر دەبێت، بەتایبەتی لە روی ئابوریی و بوژانەوەوە".
بەهۆی ئەوەی عێراق لە روی جیۆپۆلەتیکەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بۆیە لەلایەن ئەمریکا و ئێران فشاری جیاوازی لەسەرە، د. سەرسام خەلیل پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی فشارە جیاوازەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر عێراق بەتایبەت لە بابەتی پرسی حەشدی شەعبی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد،سودانی دەیەوێت لە رێگای هاوکێشەیەکی هاوسەنگەوە هەردوولا لە خۆی رازی بکات".
رۆژی 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، هێزەکانی تەحریر شام کە نزیکن لە تورکیاوە کۆتاییان بە دەسەڵاتی رژێمی پێشووی سوریا هێنا کە لەلایەن بەشار ئەسەدی دۆستی ئێرانەوە سەرۆکایەتی دەکرا.
ئێران پاش روداوەکانی غەززە و لەدەستدانی سوریا ئێستا لە لوبنانیش پێگەکەی لاواز بووە و دۆخە باش و جێگرەکەی پێشووی نەماوە، هەمووان کۆکن ئێران لەناو ئەم دۆخەدا نایەوێت عێراق لە دەستدا بدات هەر بۆیە لە پێناو ڕەگی مانەوەدا لە عێراق بە فشارەکان رازی دەبێت.
بەپێی زانیاریی بەشێک لە میدیا عێراقی و جیهانییەکان، سەرەتای ئەمساڵ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەربە سوپای پاسدارانی ئێران لە میانی سەردانێکدا بۆ عێراق بە فەرماندەی بەشێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراقی راگەیاندووە،" ئێران تێبینی لەسەر هیچ بڕیارێکی حکومەتی عێراق نییە ئەگەر لەبارەی گروپە چەکدارەکانەوە بدرێت و تەنانەت داواشی لە فەرماندە باڵاکانی گروپە چەکدارە شیعەکانی عێراق نزیک لە ئێران کردووە کە پابەندبن بە بڕیارەکانی حکومەتی عێراق".
هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، سودانی لە میانی سەردانەکەی بۆ تاران لەلایەن عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێرانەوە داوای لێکراوە کە گرنگی بە پاراستنی حەشدی شەعبی بدات، چونکە پاراستنی حەشدی شەعبی، واتای پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراقە.
یاساکە بە دڵی ئەمریکایە
ئێران تا ئێستا هەڵوێستی خۆی لەسەر یاسا نوێیەکە دەرنەبڕیووە، بەڵام ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی یاساکە دەکات وەک تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، پێویستە عێراق هەموو هێزە ئەمنییەکانی کۆنترۆڵ بکات، بەو هێزانەشەوە کە لە حەشدی شەعبیدان.
جەختی کردەوە، ئەو گرووپانە دەبێت گوێرایەڵی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بن نەك ئێران، ئەمەریکاش حکوومەتی عێراق هان دەدات ئەو گرووپانە کۆنترۆڵ بکات و بەهۆی پێشێلکردنی یاساکانەوە لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات.
حەشدی شەعبی
دوای ئەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ساڵی 2014دا، زۆربەی شار و شارۆچکەکانی باکور و رۆژئاوای عێراقی داگیرکرد بە تایبەتیش شاری موسڵ، بە فەتوایەک لەلایەن مەرجەعی باڵای شیعەکان، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە 13ـی حوزەیرانی 2014، بە ئامانجی روبەڕوبوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکە و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکان، بەشی زۆری گروپە چەکدارەکانی شیعەی لە چوارچێوەی هێزێک بە ناوی حەشدی شەعبی کۆکردەوە.
حەشدی شەعبی لە هاوپەیمانیی 60 گرووپی چەکداری شیعە لە عێراق بە ئامانجی روبەڕوبوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دامەزراوە و لە ساڵی 2016 لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بە یاسایی کرا، لە ئێستادا ژمارەی چەکدارانی گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی بە زیاتر لە 150 هەزار چەکدار مەزەندە دەکرێت.
تورکیا لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی بنکەی ئاسمانی تیاس دەیەوێت حکومی سوریا بکات، ئسرائیل نیگەرانە و بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێت.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بە Middle East Eyeـیان راگەیاندووە، تورکیا هەوڵەکانی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بنکەی ئاسمانی تیاس لە سوریا دەستپێکردووە کە بە T4 ناسراوە و ئامادەکاری دەکات بۆ جێگیرکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە بنکەکە.
ئەنقەرە و دیمەشق لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی بەرگری دەکەن، ئەوەیش دوای دەرکردنی بەشار ئەسەد لە پۆستەکەی. لە ڕێکەوتنەکەدا تورکیا ڕووپۆشی ئاسمانی و پاراستنی سەربازی بۆ حکومەتی نوێی سوریا دابین دەکات، کە لە ئێستادا هێزێکی سەربازی کارایان نییە.
هەرچەندە پێشتر بەرپرسانی تورکیا ئەگەری ئامادەبوونی سەربازییان لە سوریا کەم کردبووەوە و پلانی لەو جۆرەیان بە پێشوەختە وەسف کردبوو، بەڵام دانوستانەکان بە بێدەنگی بەڕێوەچوو بوون.
ئیسرائیل بوونی سەربازی تورکیا لە سوریا بە هەڕەشەی جددی بۆ سەر خۆی دەزانێت، بەڵام تورکیا دەیەوێت بە بەکارهێنانی توانا سەربازییەکانی روسیا ئەو بۆشایییە پڕ بکاتەوە کە دوای کشانەوەی روسیا و ئێران لە سوریا دروست بووە.
پێگەی Middle East Eye ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، تورکیا بەنیازە شەڕی خۆی لە دژی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) چڕتر بکاتەوە، ئەمەش مەرجێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئەمریکا بیر لە کشانەوە لە ناوچەکە بکاتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە بە MEE ی ڕاگەیاندووە، تورکیا دەستیکردووە بە جوڵە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی بنکەی ئاسمانی T4 کە دەکەوێتە نزیک پالمیرا لە ناوەڕاستی سوریا.
سەرچاوەکە باسی لەوەکردووە، "سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی لە جۆری Hisar بۆ T4 جێگیر دەکرێت بۆ دابینکردنی ڕووپۆشی ئاسمانی بۆ بنکەکە".
دوای دامەزراندنی سیستەمەکە جارێکی دیکە بنکە ئاسمانییەکە بنیاد دەندرێتەوە و دواتر تورکیا تواناکانی هێرشکردن لەو بنکەیە فراوانتر دەکات و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەر و چاودێری جێگیردەکات.
ئەو بنکەیە هاوکاری تورکیا دەبێت بۆ دامەزراندنی کۆنترۆڵی ئاسمانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا و پاڵپشتی هەوڵەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش دەکات، کە تا ئێستاش شانەکانی لە بیابانەکانی سوریادا کاردەکەن.
سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا دەبێتە هۆی ئەوەی ئیسرائیل سڵ بکاتەوە لە ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکانی لە ناوچەکە.
ئیسرائیل لە چی نیگەرانە؟
لە دوای ڕوخاندنی حکومەتی بەشار ئەسەدەوە، ئیسرائیل بە بەردەوامی دامەزراوە سەربازییەکانی سوریا بە ئامانج دەگرێت و ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ سەر دەوروبەری T4 زیادکردووە.
هەفتەی رابردوو لەمەوبەر ئیسرائیل هێرشیکردە سەر T4 و بنکەی سەربازی تەدمور و فڕگە و شوێنە ستراتیژییەکانی بە ئامانج گرت.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیل رایگەیاندووە، بوونی هەر جۆرە بنکەیەکی سەربازیی تورکیا لە سوریا، ئاستەنگ لە بەرامبەر ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل دروست دەکات.
گرژییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ساڵی 2023 پەرەی سەندووە و کۆتایی بەو ئاشتییە کورتخایەنەی نێوان هەردوو وڵات هێناوە.
هەرەسهێنانی حکومەتی ئەسەد و دەرکەوتنی تورکیا وەک زلهێزێکی باڵادەست لە سوریا، ئیسرائیل زیاتر نیگەران کردووە، کە ئێستا ئەنقەرە بە مەترسییەکی گەورەتر لە ناوچەکە دەبینێت لە ئێران.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ئیسرائیل بە Jerusalem Postی ڕاگەیاندووە، "لە رێگەى بە ئامانجگرتنی بنکەی سەربازیی T4 لەم ماوەیەی دواییدا، پەیامی ئەوەمان گەیاند ڕێگە بە هیچ هەڕەشەیەک نادەین ببێتە بەربەست لە بەردەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانمان".
سەرچاوەی یەکەمی MEE ئاشکرای کردووە کە ئەنقەرە بیر لە جێگیرکردنی کاتی سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 دەکاتەوە بۆ T4 یان پاڵمیرا بۆ پاراستنی ئاسمانی لە کاتی هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەدا. بەڵام تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی نەدراوە و پێویستی بە ڕەزامەندی روسیا دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە ئەنقەرە و واشنتۆن گفتوگۆیان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانە کردووە کە بەهۆی کڕینی سیستمی ئێس 400ـی دروستکراوی روسیاوە بەسەر تورکیادا سەپێنراون، کە بووە هۆی دوورخستنەوەی تورکیا لە پرۆگرامی فڕۆکەی جەنگی ئێف 35 لە ساڵی 2019دا.
مانگی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هاوتا تورکەکەی، پێدانی فڕۆکەی ئێف 35یان بە تورکیا تاوتوێ کرد.
بەپێی یاساکانی ئەمریکا، تورکیا دەبێت دەستبەرداری خاوەندارێتی سیستەمی ئێس-400 بێت بۆ ئەوەی دووبارە وەربگیرێتەوە.
ئیسرائیل بە توندی دژی هەر هەنگاوێکە کە ڕێگە بە ئەنقەرە بدات بچێتە ناو فڕۆکەی ئێف-35 و پێی وایە ئەوە لێواری سەربازی چۆنایەتی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەشێوێنێت.