هەواڵ

ئیسرائیل نزیکە لەوەی بە تەواوی ژێرخانی سەربازی سوریا لەناوببات

Mic
2025-04-30


مانگی کانوونی یەکەمی 2024 دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، روخا، هێزێکی سوننە مەزهەبی رادیکاڵ دەسەڵاتیان گرتەدەست، کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پشتگیریی دەکرا، بەڵام دەستبەجێ ئیسرائیل هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی خۆی بۆ سەر سوریا دەستپێکرد.


بەرەبەیانی رۆژی 8ی نانونی یەکەمی 2024، پاش چەند کاتژمێرێک لە رووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی "تیری باشان"ی راگەیاند، کە زاراوەیەکی تەوراتییە و ئاماژەیە بۆ ناوچەکانی باشووری خاکی سوریا.

لە یەکەم رۆژدا هێرشی ئاسمانی کردە سەر 250 ئامانجی جۆراوجۆر لەسەر خاکی سوریا، بە پاساوی وێرانکردنی توانای چەکە ستراتیجییەکانی سوریا.

ئەو شارانەی ئیسرائیل تائێستا هێرشی کردوونەتەسەر:
دیمەشق، ریفی دیمەشق، دەرعا، حیمس، قونەیترە، تەرتوس، دێر زور، حەلەب، حەما، سوەیدا، لازقیە.

سوپای ئیسرائیل، هێرشەکانی بۆسەر سوریا بە گەورەترین هێرشی لەناوبردنی توانای سوپای سوریا ناوبردووە و بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان 90٪ی توانای سەربازیی سوریا لەناوبراوە کە ئەم ئامانجانەی لەخۆی گرتووە:

سەربازگە، فڕۆکەخانەی سەربازیی، فڕۆکەی جەنگی، سیستمی بەرگریی ئاسمانی، سیستمی رۆکێتی زەوی بە ئاسمان و زەوی بەزەوی، تەقاندنەوەی دەیان فڕۆکەی جەنگی، عەمباری چەک، شوێنی بەرهەمهێنانی چەک.

سوپای ئیسرائیل سێ رۆژ پاش روخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد و لە 11ی کانونی یەکەمی 2024، بە قوڵایی 3 کیلۆمەتر چووە ناو پارێزگای قونەیترە و گەیشتە سێگوشەی سنوریی نێوان سوریا و ئیسرائیل و ئوردن.

لە باشووری دیمەشق سوپای ئیسرائیل بەقوڵایی 18 کیلۆمەتر سنوری بەزاند و گەیشتە ئاستێک کە تەنها 25 کیلۆمەتر لە دیمەشق دووربن، واتە بە ئەندازەی دووری نێوان شاری هەولێر و نا‌حیەی قوشتەپە یان شاری سلێمانی و نا‌‌حیەی تاسڵوجە.

رۆژی 27ی ئازار، یەکێکی دیکە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی تواناکانی لیوای 110ی سوپای سوریا بوو بە 6 هێرشی ئاسمانیی بۆ لەناوبردنی کەشتی و بەلەمی جەنگیی عەمباری تەقەمەنی لە شاری لازقیە لە کەناراوەکانی رۆژئاوای سوریا.

لەدواین پێشهاتدا، ئەمڕۆ، چوارشەممە، بنیامین ناتەنیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاشکرایکرد، هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر گروپە توندئاژووەکان لە 15 کیلۆمەتر باشوری رۆژئاوای دیمەشق، پاش ئەوەی چەکدارەکان نزیکبوون کە هێرشی توند بکەنە سەر ناوچەی سەحنایا کە کەمینەی دروزی و کریستیانەکان لێی نیشتەجێن.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.