هەواڵ

سڕی سورەیا ئۆندەر.. ئەو تورکمانەی لەپێناو ئاشتیدا بۆ کورد و تورک، مرد

Mic
2025-05-03


رۆژی 15ـى نیسان و کاتژمێر 22:41 بە حاڵەتی بێهۆشی و جەڵتەی دڵ بە ئەمبوڵانس سڕی سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گەیەندرایە نەخۆشخانە، پاش 18 رۆژ مانەوەی لەژێر چارەسەر و چاودێری چڕی تەندروستیدا، کاتژمێر 16:10 کۆچی دواییکرد.

نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتینگال لە تورکیا، کە 18 رۆژبوو سڕی سورەیا ئۆندەر لەوێ چارەسەری بۆ دەکرا، بە فەرمی کۆچی دوایی ئۆندەری راگەیاند.

سڕی سورەیا ئۆندەر لەکاتێکدا نەخۆشکەوت و کۆچی دواییکرد، کە تورکیا بە قۆناغێکی گرنگی مێژوویدا تێدەپەڕێت و خودی ئۆندەریش کارەکتەری سەرەکی ئەو قۆناغەیە، کەئەویش دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی و پرۆژەی زامنکردنی مافەکانی کورد و چەکدانانی پەکەکە-یە.

رۆژی 22ـى تشرینی یەکەمی 2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا، لە وتاری هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا رایگەیاند، دەبێت پرسی کورد لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت و بۆ ئەمەش دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان بێتە پەرلەمان و نەهێشتنی پەکەکە رابگەیەنێت.

پەیامەکەی باخچەلی جارێکی تر دەرگای پرۆسەی ئاشتی بەڕووی تورکیادا کردەوە و کورد پێشوازی لە پەیامەکە کرد، هەریەک لە سڕی سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، ئامادەییان بۆ رۆڵگێڕان لە نێوان عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پارتی کرێکاران و دەوڵەتی تورکیا راگەیاند، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.

شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبووەوە و رۆژی دواتر، شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجالان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.

22ـی کانوونی دووەمی 2025  شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجالانی کردەوە و لەسەر دوای ئۆجالان، شاندەکە سەردانی سەرجەم لایەنەکانی تورکیایان کرد، پاشان لە 25ـى شوبات، بۆجاری سێیەم سەردانی ئۆجالانیان لە ئیمراڵی کردەوە، کە هاوسەرۆکانی دەم پارتی و پارێزەرانی تێیدا ئامادەبوون، دواتر پەیامی 27ـی شوباتی ئۆجالان بڵاوکرایەوە.

رۆژی 10ـی نیسان، شاندی ئیمراڵی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە، بڕیاربوو رۆژی 18ـی نیسان شاندەکە لەگەڵ یەڵماز تونج، وەزیری دادی تورکیا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێکارە یاساییەکانی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری و بابەتی لێبووردنی گشتی.

سێ رۆژ پێش کۆبونەوەکە و کاتژمێر 22:41 بە حاڵەتی بێهۆشی، سڕی سورەیا ئۆندەر گەیەندرایە نەخۆشخانە و پاش پشکنینی سەرەتایی دەرکەوت کە توشی جەڵتەی دڵبووە.

نەشتەرگەری بێنتال (گۆڕینی دەمەوانەی شادەمار و گۆڕینی شادەماری بەرزبوونەوە) و نەشتەرگەری لاڕێدانی یەک دەماری بۆ ئەنجامدرا و پاش نەشتەرگەری، جێگیری خوێنیی لە بەشی چاودێری چڕ خرایە ژێر ECMO و چارەسەری پزیشکی چڕ.

هەفتەی رابردوو، دۆخی تەندروستی ئۆندەر بەرەو مەترسی رۆیشت، پەرچەکردارەکانی وردە وردە کەم بووەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاوسانی مێشکی، وێنەی دەماری نەخۆشەکە کە دۆخی مەترسی لەسەر ژیانی وردە وردە زیادیکرد، خراپتر بوو و تووشی شکستی چەندین ئەندام بوو.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 3ـى ئایار کاتژمێر 16:10، سڕی سورەیا ئۆندەر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمراڵی،  دوای مانەوەی بۆ 18 رۆژ لە ژێر چاودێی چڕی تەندروستیدا، لە نەخۆشخانەی فلۆرێنس نایتینگال، کۆچی دواییکرد.

سڕی سورەیا ئۆندەر، ساڵی 1962 لە شاری ئادیامانی باکوری کوردستان لەناو کۆمەڵگای کوردیدا لە باوک و دایکێکی تورکمانی سەرتاش و ئەرزوحاڵچی لەدایک بوو، باوکی لەدامەزرێنەرانی لقی ئادیامانی پارتی کرێکارانی تورکیا بووە.


ئۆندەر تەنها تەمەنی هەشت ساڵان دەبێت کاتێک باوکی بەنەخۆشی جگەر کۆچی دوایی دەکات، بۆیە لەگەڵ هەر چوار خوشک و براکانیدا بەناچاری لەماڵی باپیرەیان دەژین، لەتەمەنێکی بچووکدا دەبێتە شاگری وێنەگرێک و بژێوی خێزانەکەی دابین دەکات.

لەساڵی 1978 دا کاتێک خوێندکاری قۆناغی ناوەندی دەبێت بۆ ئیدانەکردنی ئەو زوڵمەی لە گەلی کورد دەکرێت بەشداری خۆپیشاندانەکان دژ بە کۆمەڵکوژی ئەو ساڵەی کوردانی عەلەوی مەڕەش دەکات و بەو هۆیەوە دەستگیر و زیندانی دەکرێت.

پاش ئازادبوونی دەچێتە کۆلێژی زانستە سیاسیەکانی زانکۆی ئەنقەرە، بەڵام لە کودەتای ساڵی 1982ـی جەنەراڵ کەنان ئەڤرەندا دەستگیر دەکرێت و ماوەی حەوت ساڵ لەزیندان دەمێنێتەوە.

سری سورەیا ئۆندەر نوسەر، ئەکتەر، دەرهێنەر، ڕۆژنامەنوس و سیاسەتمەداری تورکمان، بە مرۆڤێکی بەئیرادەی بەهێزی سیاسی و خاوەن باوەڕی توند و بوێر بوو، بە خەباتکار لەپێناو ئازادی گەلی کوردا ناسرابوو، لە هەموو کۆبونەوەکانیشدا بە قسە خۆشەکانی ئامادەبووانی دەخستە پێکەنین و دەلاقەی گفتوگۆی دەکردەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی تورکیادا ساڵی 2011 لەناو بەرەی ڕەنج و دیموکراتی و ئازادی کە پارتی ئاشتی و دیموکراتی (دەبەپە) پشتگیری دەکرد دەبێتە کاندید لە لقی دووی ئیستەمبوڵ و بۆ یەکەمجار دەبێتە پەرلەمانتار.

لەهەڵبژاردنەکانی پەلەمانی تورکیا بۆ ساڵی 2015 جارێکی تر لەسەر لیستی هەدەپە دەبێتە کاندیدی شاری ئەنقەرە و سەرکەوتوو دەبێت، هەر ئەو ساڵە دەبێتە ئەندامی سەرەکی شاندی دانوسانکاری ئیمراڵی بۆ دیدارەکانی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورک و عەبدوڵا ئۆجالان و پەکەکەدا.

 ساڵی 2023 دەبێتەوە بە کاندیدی دەم پارتی لەسەر شاری ئیستەمبوڵ و ئەمجارەش سەردەکەوێت، پاشان دەبێت بە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا.

لە نەورۆزی ساڵی 2013ـى شاری ئامەد، نامەی عەبدوڵا ئۆجالانی بۆ ئاشتی و دیموکراتی خوێندەوە، هەربۆیە پاش تێکچوونی پڕۆسەی ئاشتی خوێندنەوەی ئەو نامەیە دەکرێتە بیانوو و لە 3ـی تشرینی دووهەمی 2018 دەستگیری دەکرێت تا 4ـى تشرینی یەکەمی 2019 لەزینداندا دەمێنێتەوە.

گرتن و لەمپەر دروستکردن لەبەردەم تێکۆشانی مرۆڤدۆستانەی ئۆندەر، نەک ئەو ساردناکاتەوە، بەڵکو بە گوڕتری کرد و لە 28ـی کانونی یەکەمی 2024 دا جارێکی دیکە دەبێتەوە بە ئەندامی شاندی ئیمراڵی.

سڕی سورەیا ئۆندەر لە فیلمی 14ـى تەمووزی زیندانیانی سیاسی ئامەد دا دەڵێت"هەندێک مرۆڤ هەن لەپێناو کوشتندا دەژین، هەندێک مرۆڤیش هەن لەپێناو ژیاندا دەمرن".

ئەو بە ژیانی خۆی بۆ مرۆڤایەتی سەلماند، کە دووەمیانی هەڵبژارد، لە پێناو ئاشتی بۆ تورکیا و گرەنتیکردنی مافەڕەواکانی گەلی کورددا بۆ ساتێک نەسرەوت.

جیاواز لە مەیدانی سیاسی ئۆندەر نوسەر و ئەکتەرێکی بەتوانایە کە بەرهەمەکانی لەسەر ئاستی تورکیا زۆرترین دەنگدانەوەی هەبووە و چەندین خەڵاتی وەرگرتووە.

لەوانەش

پەڕتوکی بەینەلمیلەل ساڵی 2009

زنجیرە فیلمی ئەمرکە فەرماندەم 2005 بۆ 2008

زنجیرە فیلمی پیاوێکی بێدڵ 2008

هەروەها وەک دەرهێنەر یاخود نوسەر و ئەکتەر خاوەنداری و بەشداری لە 13 فیلمدا هەیە کە ئەم خەڵاتانەی وەرگرتووە.

خەڵاتی هەژدەهەمین ڤیستڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەنقەرە بۆ باشترین سیناریۆ

خەڵاتی چواردەهەمین ڤیستڤاڵی فیلمی گۆزەی ئاڵتون بۆ باشترین سیناریۆ

خەڵاتی حەوتەمین ڤیستڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی کاراچی بۆ باشترین دەرهێنەر

ئۆندەر لە زۆربەی فیلمەکانیدا گوزارشت لە ئەو زوڵم و نەهامەتیانە دەکات کە لەلایەن ڕژێمەکانی تورکیاوە بەسەر گەلی کورد دا هاتوون هەر لە شار و چیاکان تا کونجی تاریکی زیندانەکان.

More News

Most Popular

هەواڵ

موقتەدا سەدر هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە و چاوەڕێی دوو ئەگەرە

Mic
2025-09-17


سەرەڕای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر هێشتا مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی عێراقە، ئەمەش وایکردووە لەلایەک چاویان لەسەر هەڵبژاردن بێت و لەلایەکیش چاویان لەسەر سەدر بێت، خودی موقتەدا سەدریش چاوەڕێی روودانی دوو ئەگەرە لە عێراق.

موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووی نەیارەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یان تەنانەت لایەنگران و هاوپەیمانە نزیکەکانی.

لەدوای بڕیارە بەناوبانگەکەی سەدر بۆ کشانەوەی کوتلە پەرلەمانییەکەی کە خاوەنی 72 کورسی پەرلەمانی بوو، لە هاوینی 2022 و راگەیاندنی ڕەتکردنەوەی کارکردن لەگەڵ "گەندەڵکاران" کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، پێشبینیەکان سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سەدر بەردەوام مشتومڕی لە نێوان سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دروستکردووە.

موقتەدا سەدر لە هەموو پەیامەکانیدا سەبارەت بە کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژارد، تەنها ئاماژەی بە چینێکی گەندەڵی دەسەڵاتدار کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ نیازێکی تری خۆی بخاتەڕوو، بەڵام سەرکردەویەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی سەدر ئاشکرا دەکات.

سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى راگەیاندووە، سەدر سیستەمێکی دەوێت کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا بگونجێت، کە لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەوانی تردا نەگونجێت.

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، کشانەوەی ئێستای موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن، لەم دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ڕق لە کاری سیاسی.

ئاماژە بە پێگە و بەهێزی سەدر دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەڵێت: لەوانەیە یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور بێت، هەر بۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و چاوەکەی دیکەش لەسەر سەدرە.

لەگەڵ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، سەدر لە چوار ساڵی رابروودا، شەقامی لە بەرژەوەندی خۆی ساز و ئامادەکردووە بۆ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەدر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی راگەیاند، هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق بە فەرمی داوای لێکرد بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر بڕیارەکەی.

لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، موقتەدا سەدر بڕیارێکی دەرکرد بۆ دوورخستنەوەی 31 کەس لە بزووتنەوەکە و باڵی سەربازی سەرایا سەلام، بەهۆی ئاماەکارییان بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

سەرکردەیەکی رەوتی سەر بە رۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى وتووە، ڕەوتی سەدر پشتگیری لە هیچ لیست و کاندیدێک ناکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەو سەرکردەیە ڕەتی دەکاتەوە پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بکات و دەڵێت: هەموو شتێک دەگونجێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کەی ڕوودەدات.

ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەدر درکپێدەکات و گرەو لەسەر ئەگەری داڕمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بە تێپەڕبوونی کات، چونکە بڕوا وایە سیستەمی سیاسی ئێستا بە ئاسانی چاکسازی ناکرێت.

دەشڵێت: سەدر هەموو جۆرە کارێکی سیاسی تاقیکردۆتەوە. بەشداری کردن لە پەرلەمان و کشانەوەی لێی و بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوەی لێی و هەروەها دژایەتیکردنی چالاکی لە شەقامدا و پێدەچێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیستەمە توانای چاکسازی نییە.

یەکێکی تر لەو ئەگەرانەی کە سەدر چاوەڕێی دەکات، شوێنگرتنەوەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانە لە عێراق، خودی سەدریش خواستی خۆی بۆ جێگرتنەوەی نەشاردووەتەوە و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعە، موقتەدا سەدر هەموو مەرجەکانی تێدایە.