هەواڵ

ئێران و ئەمریکا، دوژمن بەتامی دۆست

Mic
2025-05-04

ئەرسەلان رەحمان - زانیار بەهادین

ئێران و ئەمریکا، وەکو دوو وڵاتی دژبەر و ناکۆک، بە پەردەپۆشکراویی و دوور لە چاوی میدیاکان دانوستانی دیپلۆماسی ئەنجام دەدەن، ئەگەرچی هەڕەشەکانی هەڵگیرساندنی شەڕ و هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران، لە 46 ساڵی رابردوودا بەردەوام ئەگەرێکی بەهێزبووە، بەڵام هێشتا باسی ئەوە دەکرێت ئێران و ئەمریکا چەندێک دژی یەکترین، ئەوەندەش پێویستیان بەیەکتریی هەیە و هەرگیز ناگەنە ئاستی جەنگ.

 

بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و پرۆگرامی موشەکی دورهاوێژ، دەستوەردانی ئێران لە کاروباری وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی گروپە چەکدارەکان، تەوەری سەرەکی دانوستانەکانە، عومان وەک نێوەندگیری سەرەکی بۆ نزیککردنەوەی دوو وڵاتەکەدا رۆڵ دەگێڕێت.

 

تائێستا سێ خولی دانوستان لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوو، یەکەم خولی دانوستانەکان لە عومان بوون و دواتر لە باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عومان لە رۆمای پایتەخی ئیتاڵیا بەڕێوەچوو.

 

دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا بەشێوەیەک بەرەو پێشچوون، وەک ئەسۆشیەیتد پرێس بڵاویکردوەتەوە، واشنتن تەلئەبیبی ئاگادارکردووەتەوە، دانوستان لەگەڵ ئێران بەردەوامە، بۆیە پشتیوانی لە هیچ هێرشێکی سەربازی ناکات.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانی بڵاویکردوەتەوە، دانوستانەکان سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران پەرەسەندنێکی بەرچاوى بەخۆوە بینیووە، چوارچێوەی سەرەتایی بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان واشنتن و تاران دانراوە، کە ئەم چوارچێوەیە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای رێککەوتنی ساڵی 2015 دانراوە، لەگەڵ چەند هەموارکردنەوەیەک بۆ ئەو رێککەوتنە.

 

گۆڕینی زمانی هەڕەشە بۆ دانوستان، ئەو تیۆرەی رابردووی بە بیر هێنایەوە کە ئەمریکا و ئێران تەواوکەری یەکترن و بەرژەوەندی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. 

 

واشنتن و تاران وەک دوو وڵاتی دژبەر زۆر کات دانیان بە بەرژوەندییە هاوبەشەکانی یەکتردا ناوە، هەندێک کاتیش جوڵەکانیان بە خزمەتکردنی یەکتر ناوبردووە.

 

لەوبارەیەوە ڕاوێژکارێکی باڵای ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان سوودی بە ئێران گەیاندووە ئەویش بە دوورخستنەوەی دوژمنەکانی ئێران لە ناوچەکەدا. 

 

جەنڕاڵ یەحیا ڕەحیم سەفەوی، ڕاوێژکاری باڵای ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاماژەی بەوەکرد ئەمریکییەکان لەو دوو ئۆپەراسیۆنەدا "دوژمنەکانمانی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا ئێران ڕووخاندووە"، کە سوودی بۆ ئێران هەبووە.

 

وێڕای هەموو ئەو نزیکیانە، بەڵام زۆر کاتیش دوو وڵاتەکە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر یەکتر و زیانیان بە بەرژوەندییەکانی یەکتر گەیاندووە، کە سەرجەمیان لە وڵاتانی سیێەمدا بووە و روبەڕوبوونەوەی راستەخۆ لە نێوان دووڵاتەکەدا نەبووە.

مێژوی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئێران

بەرژەوەندی هاوبەشی سەرکردایەتی سیاسی ئێران لەگەڵ ئەمەریکییەکان شتێکی نوێ نییە، بەڵکو بەڵکو مێژوی ئەو پەیوەندییە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبونی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر دەستی ئایەتوڵا خومەینی بە هاوکاریی ئەمەریکییەکان.
ئایەتوڵڵا خومەینی، دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو کەسەی کە ئەمریکای بە "شەیتانی گەورە" ناودەبرد، لە ڕۆژی 6ی نۆڤەمبەری 1979 پەیامێکی نهێنی بۆ واشنتن نارد.

 

بەپێی ڕاپۆتێکی BBC و بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە نهێنییەکانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا کە لە ساڵی 2008دا بەشێکیان بۆ ڕایگشتی ئاشکرا کران، خومەینی لە ماڵەکەی خۆیەوە کە لە دەرەوەی پاریس بوو، ڕێکەوتنێکی پێشکەش بە ئیدارەی جیمی کارتەر سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا کرد و بە کارتەری وتووە، “سەرکردە سەربازییەکانی ئێران گوێتان لێدەگرن، بەڵام خەڵکی ئێران فەرمانەکانی من جێبەجێ دەکەن.” هەربۆیە خومەینی پێشنیاری ئەوەی بۆ کارتەرکرد ئەگەر ئەو بتوانێت کاریگەری خۆی لەسەر ئاستی سەربازی لە ناوخۆی ئێراندا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی بەبێ شەڕ خومەینی دەسەڵات بگرێتەدەست ئەوا ئەمیش میللەت ئارام دەکاتەوە و بەوجۆرە دەتوانرێت سەقامگیری بگەڕێتەوە و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاووڵاتییانیش لە ئێران بپارێزرێن.

 

تشرینی یەکەمی 1978 کە پشێوی باڵی بەسەر ئێراندا کێشابوو خۆپیشاندەران لەگەڵ سەربازەکان تێکهەڵچوبون، دوکان و بازاڕەکان داخرابون، خزمەتگوزارییە گشتیەکان ڕاگیران. لەم نێوەندەدا مانگرتنی کرێکاران لە ئێران، ڕۆیشتنی نەوتی ڕاگرتبوو کە ئەوەش بەرژەوەندییەکی گرنگی ڕۆژئاوای خستبووە مەترسییەوە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی خومەینی "هەوڵی زۆری داوە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ئەمریکییەکان پلانەکانی بۆ گەڕانەوەی بۆ ئێران نەخەنە مەترسییەوە - تەنانەت بەشێوەیەکی شەخسیش بۆ بەرپرسانی ئەمەریکی نووسیوە و دڵنیای کردووەتەوە کە خەمی بەرژەوەندییەکانیان لە ئێراندا نەبێت، “بە تایبەتی نەوت”. 

 

خومەینی وتی، دەبینن ئێمە لە هیچ دوژمنایەتییەکی تایبەتدا نین لەگەڵ ئەمریکییەکان، بەڵێنیدا کۆمارە ئیسلامیەکەی کۆماری مرۆڤدۆستانە دەبێت، کە سوودی بۆ دۆزی ئاشتی و ئارامی بۆ هەموو مرۆڤایەتی دەبێت". 

بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە بەرامبەردا کارتەر و ئیدارەکەی یارمەتی خومەینییان داوە و دڵنیابوون لەوەی کە سوپای ئێران کودەتای سەربازی بەسەر خومەینیدا ناکات.

 

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا بڵاویکردوونەوە، پەیوەندی نهێنی سەرانی ئەمریکا لەگەڵ ئایەتوڵلا خومەینی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران رۆژێک بەر لە راکردنی شا لە ئێران دەستیپێکرد. بەرەبەیانی 15 تەموزی 1979، واشنتن سوپاسی فەڕەنسا دەکات بۆ گەیاندنی پەیامەکانیان بە رابەری شۆڕشی ئێران و رایدەگەیەنن “بە هۆی چەند هۆکارێکەوە پێویستە راستەوخۆ لەگەڵ ئەو گروپە پەیوەندیان هەبێت.”

 

بە پێی شیکارییەکی سی ئای ئەی لە ساڵی 1980 کە بەشێکی لە ساڵی 2008 بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە، "خومەینی ڕوونی کردەوە کە دژایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێراندا ناکات". خومەینی بە ئەمریکای وت بە پێچەوانەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی نفوزی سۆڤیەت و بەریتانیا، بوونی ئەمریکا لە ئێران پێویستە.

 

پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان
لە ئەنجامی دەستبەسەرداگرتنی باڵوێزخانەی ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە لە ٤ی تشرینی دووەمی 1979، ئەمریکا و ئێران لە مانگی نیسانی 1980دا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان پچڕاند. 

 

ئێران و ئەمریکا لە دوای 7ی نیسانی 1980ەوە هیچ پەیوەندییەکی دیپلۆماسی فەرمییان نەبووە، ئێران هیچ باڵیۆزخانەیەکی لە واشنتن دی سی نییە بەڵکو پاکستان وەک دەسەڵاتی پاراستنی بەرژەوەندییەکان ئێران لە ئەمریکادا کاردەکات، لە کاتێکدا سویسرا وەک دەسەڵاتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئێراندا کاردەکات و خزمەتگوزاری کونسوڵگەری سنووردار پێشکەش بە هاووڵاتیانی ئەمریکی لە ئێران دەکات.

 

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکیدا دەڵێت هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بەئەمریکا وەک ئەوە وایە کەسێک دژایەتی بۆ یەکەمین خۆشەویستی خۆی دەرببرێت و سوکایەتی پێبکات کە ڕەنگە لەگەڵیدا توندوتیژ بوبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا تامەزرۆشە بۆ ئەوەی دووبارە ببێتەوە هاوبەشی. زۆرجاریش ئەو هێڵەی ڕق و خۆشەویستی دابەش دەکات، هێڵێکی تەنکە.

 

بۆ نموونە ئەگەر قەیرانی بارمتەکان لە ساڵی 1979 وەربگرین، کاتێک خوێندکارە چەکدارەکان هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا و دیپلۆماتکارەکانیان لە ئێران بۆ ماوەی 444 ڕۆژ زیندانی کرد. 

 

هەرچەندە بووە هۆی تێکچوونی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، بەڵام هەردوولا لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە دەستیان بە قسەکردن کرد بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.

 

ئەو دانوستانە دووقۆڵییە نهێنییانە لە جەزائیر بەڕێوەدەچوو بوە هۆی ئەوەی لە ساڵی 1981دا ڕێککەوتنێک بکرێت بۆ دامەزراندنی دادگای داواکارییەکانی ئەمریکا و ئێران لە لاهای بۆ گەیشتن بە چارەسەر بۆ یەکلاییکردنەوەی سەروەت و سامانی ئەمریکا کە لەلایەن شۆڕشگێڕانەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.

 

ئێران ئەو دادگایەی وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان دەبینی. لە کاتێکدا ئەمریکا هێشتا نەیتوانیوە سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران ئازاد بکات، کە لەوکاتەدا تاران بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار خەمڵاندویەتی، بەڵام ئەمریکا بەڵێنی داوە کە ئەو کارە بکات کاتێک هەموو کەیسەکان یەکلایی دەکرێنەوە.

 

هاوکاری سەربازی و ئەمنی نێوان ئێران و ئەمریکا
عەلی ئەکبەر ڕەفسەنجانی، سەرۆک کۆمار پێشوتری ئێران لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی 1980-1988 دەستی بە پەیوەندی نهێنی لەگەڵ ئەمریکییەکان کرد بۆ وەرگرتنی چەک. ئەوەش دوای ئاشکرابوونی بووەهۆی ئابڕوچونێکی گەورە بۆ ئیدارەی ئەوکاتەی حکومەتی ئەمریکا. کە زۆرجار بە ئابڕوچونی ئێران-کۆنترا ناودەبرێت، ئابڕوچونێکی سیاسی بوو لە ئەمریکا کە لە خولی دووەمی ئیدارەی ڕیگان ڕوویدا. لە نێوان ساڵانی 1981 بۆ 1986 بەرپرسانی باڵای ئەمریکا بە نهێنی ئاسانکارییان بۆ فرۆشتنی چەک بە نایاسایی بە ئێران کرد کە لەو کاتەدا گەمارۆی چەکی لەسەر بوو.

 

دواتر لە کۆبونەوەیەکدا لە تاران لەگەڵ ژمارەیەک شارەزایانی ئەمنیی بیانی ڕەفسەنجانی بە ئامادەبووانی وتووە کە “ئێران دەیتوانی بوونی هێزە سەربازییەکانی ئمەریکا لە کەنداوی فارس قبوڵ بکات”. بەڵام لەبەردەم خەڵکدا بە تەواوی دژایەتی خۆی بۆ بونی ئەو هێزانە نیشانداوە.

 

نزیکەی 35 ساڵە ئەمریکا و ئیسرائیل هەڕەشە لە ئێران دەکەن، بەڵام تا ئێستا هەڕەشەکانیان نەچۆتە بواری جێ بەجێ کردنەوە لە کاتێکدا لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا چەندین وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی تریان کاولکردووە بە جۆرێک زۆرێک لەو وڵاتانە هاوپەیمانی ئەمریکا و خۆرئاوا بوون .

 

تەنانەت راپۆرتەکان ئاماژە بە بەردەوامی پەیوەنییە هەواڵگرییەکان دەدەن بە جۆرێک بەر لە هەر هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران تەنانەت لە ناو خاکی عێراق و سوریاش، ئەمریکا بەرپرسانی ئێران ئاگادار دەکاتەوە.
بەگوێری راپۆرتێکی رۆژنامەی وۆلستریت جۆرناڵی ئەمەریکی، بەر لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە و جبەخانەکانی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سووریا، واشنتن کاتی پێویستی دابوو بە تاران بۆ ئەوەی بتوانێت شوێنی راوێژکارەکان و بەرپرسە سەربازییەکانی بگۆڕێت.

 

بە گوێرەی راپۆرتەکە، حکومەتی ئەمریکا بەهۆی ئاگادرییەکانەوە هەفتەیەک بەر لە هێرشەکان کاتی پێوستی دابوو بە ئێران بۆ ئەوەی ئامانجەکانی لە مووشەکەکانی ئەمریکا دووربخاتەوە.

 

رۆژنامەکە نووسیویەتی ئێران پێشتر راگەیاندووە، نایەوێت راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا رووبەڕوو بێتەوە، یان بەشێک بێت لە قوڵترکردنەی قەیران و ئاڵۆزییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە دوای هێرشە درۆنییەکەی گرووپە میلیشیاکان بۆ سەر بنکەی تاوەر22ی سەربازانی ئەمەریکی لە ئوردن، بەرپرسانی ئێران سەردانی گروپەکانی عێراقیان کردووە و پێیانڕاگەیاندوون، کە "هێڵی سووریان" بەزاندووە.

 

پێشتریش دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەوەی ئاشکراکردبوو کە بەر لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانی هەریر لە هەولێر و بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، بەرپرسانی ئێران ئیدارەی ترمپیان ئاگادارکردوەتەوە لە کاتی هیرشەکان و ترەمپیش بە مەرجی ئەوەی زیان بە هیچ سەربازێکی ئەمەریکی نەگات گڵۆپی سەوزی بۆ ئێران هەڵکردبوو بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان.

 

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش باسی لەوەکردبوو، وڵاتەکەی و ئەمریکا لەماوەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا چەند جارێک نامەیان گۆڕیوەتەوە.

 

لەبارەی ناوەڕۆکی نامەکانەوە ئەو وەزیرەی ئێران بە رۆژنامەنوسانی وت، "ئەمریکا داوای لە ئێران کردوە بە حیزبوڵڵای لوبنان بڵێت زۆر لە جەنگی غەززە نەچێتە پێشەوە و لە دژی ئیسرائیل نەوەستێتەوە."

More News

Most Popular

هەواڵ

ترەمپ بەهەشتەکەی ئەلیکتراز دەکاتەوە بە دۆزەخ

Mic
2025-05-05


رۆژی 5ی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، دووبارە دورگەی ئەلیکتراز لە نۆکەندی سان فرانسیسکۆی ئەمریکا، دەکاتەوە بە زیندان، ئەگەرچی 62 ساڵە ئەمریکا بڕیاریدابوو تەنها وەکو شوێنێکی گەشتیاریی بەکاربهێنرێت.

دورگەی ئەلکتراز، دوو کیلۆمەتر لە کەناراوی سان فرانسیکۆ دوورە، لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، پاش دۆزینەوەی خاکی ئەمریکا، ئەم دوورگەیە بە چۆڵکراوی مایەوە هەتا ساڵی 1847 حاکمی سەربازیی کالیفۆرنیا لە وڵاتی مەکسیکی دەکڕێتەوە و تاوەرێکی چاودێریی دەریاوانیی لەسەر دروستکرد، دواتر سوپای ئەمریکا وەکو سەربازگە و پەناگەیەک بەکاریدەهێنا، لە نێوان ساڵانی 1934 بۆ 1963 وەکو تۆکمەترین و مەترسیدارترین زیندانیی بەکاردەهێنرا.

لێکۆڵەران پێیان وایە جێکەوتی زیندانییەکە هۆکارێکە بۆئەوەی وەکو مەترسیدارترین و ئازاربەخشترین زیندانیی لێی بڕوانرێت، لەبەرئەوەی هەر زیندانییکراوێک ئەگەر هیچ ئەشکەنجەیەک نەدرێت لە ئەلیکتراز، ئەوە ئازاربەخشترینە کە بێبەشبیت لە بینینی جوانیی و روناکی شاری سان فرانسیسکۆ و روانین بەسەر دۆڵی سلیکۆن-دا کە دەوڵەمەندترین کۆمپانیاکانی جیهان بارەگای سەرەکییان لەوێیە، وەکو (فەیسبوک، گوگڵ، ویکیپیدیا، مایکرۆسۆفت، ئەپڵ، ئیبەی، ئەمەزۆن... هتد).

پێشتر حكومەتی ئەمریکا ئەم زیندانییە فیدراڵییە مەترسیدارە ناوبانگخراپەی داخست، بە پاساوی گرانیی خەرجییەکان و سەختی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و خزمەتگوزارییەکانی دیکە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ پرۆژەیەکی هەیە بۆ دووبارە گێڕانەوەی ئەم دوورگەیە بۆ ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی داد و زیندانییکردنی کەسانی مەترسیدار لەو دورگەیە.

زیندانەکە لە 378 هۆڵ و ژووری زیندانی پێکهاتووە، کە 42 دانەی بۆ زیندانی تاکەکەسییە، هێندە تۆکمە و بەهێزدروستکراوە، بابەتی هەڵاتنی تاوانباران لەو دورگەیە زۆر دەگمەن بووە، بەپێی راپۆرتە فیدراڵییەکانی ئەمریکا، لە مێژووی زیندانەکەدا تەنها 36 زیندانیی هەوڵی هەڵاتنیانداوە و زۆرینەیان دەستبەجێ دەستگیرکراونەتەوە.

لە ساڵی 1972 لەسەر بودجەی کۆنگرێس، پرد و ناوچەی گەشتیاری گۆڵدن گەیت لە بەرامبەر زیندانیی ئەلیکتراز دروستکرا، دواتر لە ساڵی 1973 زیندانییە داخراوەکە بەڕوی گەشتیاراندا کرایەوە و بووە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە دڵڕفێنەکان و ساڵانە دوو ملیۆن گەشتیار لە هەموو جیهانەوە سەردانی دەکەن.

ترەمپ لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (تروس سۆشیاڵ) نوسیویەتی: "ئەو بەندینخانەیەی دەکەوێتە سەر دورگەیەکی بچوک لە کەناراوەکانی سانفرانسیکۆ، تایبەتدەکرێت بە تاوانبارە زۆر توندوتیژ و مەترسیدارەکان لە ئەمریکا، هەر بۆیە کار بۆ فراوانکردنی زیندانییەکە دەکرێت".

چیرۆکەکانی ئەم زیندانییە مەترسیدارە، لەلایەن هۆڵیودەوە چەندین فیلمی لەسەر بەرهەمهێنراوە، بەتایبەتی فیلمی (بەردەکە - The Rock - 1996) لە نواندنی شۆن کۆنری و کیکۆلاس کەیدج، (پیاوی باڵندەکانی ئەلکتراز - Birdman of Alcatraz - 1962) و (زنجیرەی تەلەفیزیۆنی ئەلکتراز – 2011 کە باسی هەڵاتنی دەگمەنی زیندانییەکان دەکات).