هەواڵ

عێراق ڕۆژانه ملیۆنێک دۆلار له دەستدەدات بەهۆی خۆڵبارینەوه

Mic
2025-05-07


دیاردەی خۆڵبارین زیانی گەورەی ئابوری بە عێراق دەگەیەنێت و لە هەر رۆژێکی خۆڵباریندا، عێراق ملیۆنێک دۆلار لەدەستدەدات، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی روانگەی سەوزی عێراق بۆ ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا.

خۆڵبارین یەکێکە لە دیاردە پەرەسەندووەکان لە عێراق، ساڵانە لە کۆتایی وەرزی بەهاردا تا سەرەتای وەرزی زستان ناوبەناو تەواوی عێراق دەگرێتەوە، خۆڵبارین جگە لە کاریگەرییە خراپەکانی بۆسەر تەندروستی هاوڵاتییانی عێراق، زیانی گەورەی بە ژینگە و کەشوهەوای عێراق گەیاندووە.

لە راگەیەندراوێکدا، روانگەی سەوزی عێراق بۆ ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا، زیانی ئەو خۆڵبارینانەی عێراق دەگرێتەوە، ڕۆژانە بە یەک ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنێت و ئاماژەی بەوەکردووە، زیانەکان کەرتە جیاجیاکان دەگرێتەوە.

کەرتی تەندروستیی دیارترین کەرتە کە زیانی زۆری بەهۆی خۆڵبارینەوە بەردەکەوێت، لەبەرئەو پێویستی و چارەسەرانەی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو کەسانەی دبیندەکات، کە بەهۆی خۆڵباینەوە رەوانەی نەخۆشخانەکان دەکرێن، ئەمە جگە لەو نەخۆشانەی کە حەز دەکەن لە ماڵەوە بمێننەوە و ئامێری هەناسەدان دەکڕن.

زیانەکانی دیکەی خۆڵبارین، رووداوی هاتوچۆیە کە لەم ڕۆژانەدا لەسەر رێگا دەرەکییەکان بەهۆی کەمی بینین زیادیان کردووە، هەروەها ئەو بەروبومانەی کە بەهۆی خۆڵبارینەوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە، زیانی دیکەش بەر ئاژەڵ و زیندەوەرانی دیکە دەکەوێت جگە لە پاککردنەوەی ماڵ و فەرمانگە فەرمییەکان و ئۆتۆمبیلەکان کە بڕێکی زۆر ئاو بەفیڕۆ دەدەن و هەروەها، دەبنە هۆی داخستنی سیستەمەکانی ئاوەڕۆ کە بەشێکی زۆری بەهۆی کەڵەکەبوونی پاشەڕۆ و قوڕەوە دەتوانرێت دابخرێت.

روانگەی سەوزی عێراق بۆ ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا بەپێویستی دەزانێت، پەلەبکرێت لە بەرگرتن بە دیاردەی خۆڵبارین لە رێگەی گرنگیدان بە دارستان چاندن و دامەزراندنی پشتێنەی سەوز کە لە چەند پارێزگایەک بەتایبەتی سنوورەکان پلانی بۆ دانراوە.

لە سەر ئەو پرسە، عادل موختار، پسپۆڕی کشتوکاڵ و ژینگە بە ڕۆژنامەی "العربي الجديد"ی راگەیاندووە، گەردەلوولی خۆڵبارین جگە لە باری ئابوری کاریگەری جدی و گەورەی لەسەر بارودۆخی ژینگە و تەندروستی هەیە و هۆکارەکەیشی بۆ کەمتەرخەمی بۆ حکومەتی  عێراق گەڕاندووەتەوە.

ئەو پسپۆڕەی بواری ژینگە ئاماژەی بەوەکردووە، رێژەی بەبیابان بوون لە عێراق لەم دواییانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو و مەترسیدار بەرزبووەتەوە، بەتایبەتی دوای گۆڕینی زۆربەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە بەغدا و پارێزگاکان بۆ شاری نیشتەجێبوون و دەڵێت: "ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی خۆڵبارین لە شارەکان".

پێشتر، پرۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دابوو بە عێراق، کە تا ساڵی 2026، عێراق ساڵانە 300 خۆڵبارین بەخۆیەوە دەبینێت و بەپێی ئەو ئامارەیش بێت عێراق زیانی گەورەی بەهۆی خۆڵبارینەوە بەردەکەوێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

ئەنجوومەنی دەوڵەت وەڵامی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەداتەوە

Mic
2025-09-18

کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەڵامی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بداتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداربوون، کۆبوونەوەکە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەری گرفتی مووچەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.

ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ سێیەم کۆبوونەوەی لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و، تێیدا تاوتوێی پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێم، کە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق.

هەر بەگوێرەی زانیارییەکان؛ پێشبینیدەکرێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەنجامی کۆبوونەوەکە بە راپۆرتێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەرزبکاتەوە.

رای ئەنجوومەنەکە لە بارەی کێشەی هەولێر و بەغدا لەسەر داهاتی ناوخۆ بە یەکلاکەرەوە ناو دەبرێت و بۆ چارەسەری پرسی داهاتیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەولێر و بەغدا.

لە کاتێکدا ژمارەیەک لە چاودێران پێیان وایە، ئەو ئەرکەی بە ئەنجوومەنی دەوڵەت سپێردراوە؛ کاری ئەو نییە و ناتوانێت چارەسەر بۆ کێشەکە بدۆزێتەوە، بەڵکو دەبێت کێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری لەبارەوە بدات.