ئەمڕۆ کۆنگرەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی بزوتنەوەکە ئەنجام دەدرێت، شێوازی هەڵبژاردنی رێکخەر و لیستی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە نێوان بەرەی کوردسات و گردی زەرگەتەدا یەکلایی دەکاتەوە.
ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان کۆنگرە یان وەک خۆیان ناوییان ناوە کۆنفرانسی نیشتمانی بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی بزوتنەوەکە لە نێوان ئاڕاستەی کوردسات و گردی زەگەتەدا دەبەستێت.
کۆنفرانسەکە بە بڕیاری کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە، هەر دوو ئاڕاستەی کوردسات و گردی زەرگەتە ئامادەییان دەبڕیووە بەشداری تێدا بکەن.
دوو خاڵی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لە نێوان هەر دوو ئاڕاستەکەدا یەکلایی دەکاتەوە، ئەوانیش شێوازی هەڵبژاردنی رێکخەر و لیستی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانن.
ئاڕاستەی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان پشتیوانی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکە دەکەن لەلایەن جڤاتی نیشتمانییەوە، ئاڕاستەی کوردساتیش دەیانەوێت رێکخەری گشتی راستەوخۆ لەناو کۆنفرانسەکەدا دیاری بکرێت.
ئەم دوو پێشنیازە بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری ناوخۆیی گۆڕان دەخرێنە دەنگدانەوە، هەر یەکێکیان زۆرترین دەنگی بەدەستهێنا بزوتنەوەکە بۆ ئەو بەرەیە یەکلایی دەبێتەوە.
خاڵێکی دیکە کە بزوتنەوەکە لە نێوان گۆڕانی کوردسات و گردەکەدا یەکلایی دەکاتەوە هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانە.
هەر یەک لە ئاڕاستەی گۆڕانی کوردسات و گۆڕانی گردەکە لیستێکی تایبەتیان بۆ ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی ئامادەکردووە، هەریەک لەو لیستانە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا ئەوە کۆی ئەندامانی جڤات سەر بەو ئاڕاستەیە دەبن.
بەپێی ئەو لیستەی کە دوو ئاڕاستەکەی گۆڕان ئامادەیی کردووە و دیجیتاڵ میدیای Mic بینیویەتی، کۆی هەردوو لیستەکە لە نزیکەی 90 کەس پێکدێت، بەشێوەیەک کە هەر لیستێک لە نزیکەی 40 کەس پێکدێت.
کۆنفرانس لە پێناو بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا
ئەحمەد ئەیاتی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، هەر پارتێکی سیاسی کۆنگرەی نەکردبێت و ماوەی یاسایی تەواو بوبێت ناتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بکات.
بزوتنەوەی گۆڕان ماوەی یاسایی کۆنگرەکەی تەواو بووە، بەڵام ئەگەر پێش داخستنی دەرگای تۆمارکردنی پارتەکان کۆنفرانسەکە بکرێت ئەوە گۆڕان دەتوانێت بەشداری هەڵبژاردن بکات.
ئاڕاستەی گردی زەرگەتەی بزوتنەوەی گۆڕان بە نوسراوی فەرمی داوای لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە، کارەکانی بزوتنەوەکە هەڵبپسێرێت و هیچ لیستێکی بزوتنەوەکەش بۆ هەڵبژاردن پەسەند نەکات.
بریکارنامەیەک کێشەکانی گۆڕان قوڵکردەوە
عومەر سەید عەلی رێكخەری دەستلەكاركێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان، دوای ئەوەی بریكارنامەیەكی لە فەرمانگەی دادنوسی سلێمانی بۆ دانا ئەحمەد مەجید كردەوە و ڕۆژی 18ـی ئەیلولی 2024، لە نوسراوێكدا بۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق داوایكرد، دانا ئەحمەد مەجید بە وەكالەت وەك رێكخەری گشتیی گۆڕان بناسێنێت، هەمان رۆژ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان وەڵامی نوسراوەكەی دایەوە و دانا ئەحمەد مەجیدی وەك رێكخەری گشتیی گۆڕان بە وەكالەت بۆ ماوەی شەش مانگ ناساند.
بریكارنامەكەی عومەر سەید عەلی بۆ دانا ئەحمەد مەجید گرفتێكی دیكەی لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا دروستكردووە، بەشێك بریكارنامەكە بە یاسایی دەزانن و بەشێكی دیكەش كە خۆیان وەك زۆرینە دەناسێنن ڕەتیدەكەنەوە.
کۆنفراسەکانی گۆڕان
بزوتنەوەی گۆڕان سەرەتای ساڵی 2024، کۆنفرانسی سێیەمی بە بەشداری هەردوو بەرە ناکۆکە ئەنجامدا، بەڵام کۆمسیۆن قبوڵی نەکرد.
دوای دابڕانی هەردوو ئاڕاستەکە، ئاڕاستەی گردی زەرگەتە لە 5ـی نیسانی ئەمساڵ کۆنفرانسی کرد، بەڵام کۆمسیۆن ئامادەیی کۆنفرانسەکە نەبوو.
26ـی نیسان، ئاڕاستەی کوردسات کۆنفرانسی کرد، بەڵام رێژەی یاسایی ئامادەیی کۆنفرانسەکە نەبوو، کۆمسیۆن کۆنفرانسەکەی هەڵگرت.
بزوتنەوەی گۆڕان
ڕۆژی 11ـی نیسانی 2009 نەوشیروان مستەفا لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "الشرق الاوست"ی لەندەنی ژمارە 11092 ئاشکرای کرد کە رێبەرایەتی لیستێکی تایبەت دەکات، جیاواز لە لیستی حیزبەکانی تری کوردستان، بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان.
ڕۆژی 28ـی نسیانی 2009 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نوسراوی ژمارە 159 لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە هەرێمی کوردستان ناساند. بۆ بەشداریکردنیش لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رۆژی 27-8-2009 بە نوسراوی ژمارە 32 لیستی گۆڕانی وەک قەوارەیەکی سیاسی فەرمی لە سەر ئاستی عێراق ناساند.
مێژوی راگەیاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەک رێکخراوێکی سیاسی دەگەڕێتەوە بۆ 31ـی ئایاری 2010 کاتێ لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نوسراوی ژمارە 13382 مۆڵەتی فەرمی وەرگرت.
بزوتنەوەی گۆڕان خۆی ڕۆژی 25ـی تەموزی 2009 وەک ساڵڕۆژی دامەزراندنی دادەنێت، کە یەکەم بەشداریی سیاسی گۆڕان بووە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا.
سەنگی بزوتنەوەی گۆڕان
لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 25ـی تەموزی 2009 بەڕێوەچوو، لیستی گۆڕان 25 کورسی پەرلەمانی لە کۆی 111 کورسی بەدەستهێنا، وەک دووەم فراکسیۆنی پەرلەمان بووە گەورەترین هێزی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كه ڕۆژی 7ـی ئازاری 2010 بهڕێوهچوو لیستی گۆڕان بووه خاوهنی هەشت کورسی و پێنجەم فراکسیۆنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان كه 21ـی ئەیلولی 2013 بهڕێوهچوو لیستی گۆڕان، 24 كورسی بهدهستهێنا.
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە ڕۆژی 30ـی نیسانی 2014 بەڕێوەچوو، لیستی گۆڕان توانی 9 كورسی بهدهست بهێنێت.
لیستی گۆڕان له هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە 12ـی ئایاری 2018 بەڕێوەچوو، 5 کورسی بەدەستهێنا. لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانیش کە 30ـی ئەیلولی 2018 بەڕێوەچوو، لیستەکە 12 کورسی بە دەستهێنا.
بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە ڕۆژی 10ـی تشرینی یەکەمی 2021 بەڕێوەچوو لەگەڵ یەکێتی بە لیستێکی هاوبەش بە ناوی هاوپەیمانی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنی کرد، بەڵام گۆڕان نەیتوانی هیچ کورسییەک بە دەستبهێنێت، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش تەنها یەک کورسی بەدەستهێنا.
لە هەڵبژاردنی 20ـى تشرینی یەکەمی ساڵی 2024، بزوتنەوەی گۆڕان بەشداری هژەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی کرد، نزیکەی 10 هەزار دەنگی بەدەستهێناو یەک کاندیدی بۆ پەرلەمانی کوردستان سەرکەوت.
نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە یۆنان ئاشکرایدەکات، لە ساڵی
1996ەوە تەرمی نزیکەی 1800 کۆچبەریان لە کەناراوەکان یۆنانەوە هێناوەتەوە بۆ هەرێمی
کوردستان.
د.سەربەست محەمەد زاخۆیی، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە یۆنان،
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی خەبات رایگەیاند، وەکو پارتی هەوڵێکی زۆرمانداوە
و ئێستا کونسوڵخانەکان بە گشتی و کونسوڵخانەی یۆنان بەتایبەتی (لە هەرێمی
کوردستان) بە رێژەیەکی زۆر ڤیزا دەدەن، پێویست ناکات هیچ کەسێک گیانی خۆی بخاتە
مەترسییەوە.
د. سەربەست وتی: "ئەوەی بیەوێت، لە هەولێرەوە بە فڕۆکە بە دوو
کاتژمێر نیو دەگاتە یۆنان"، ئێستا یەک هێڵی فڕۆکەوانیی هەیە، لە هەوڵی
ئەوەداین هێڵێکی دیکەش بکەینەوە تا کێبڕكێ دروستبێت و نرخی بیلی فڕۆکە
هەرزانتربێت.
سەبارەت بە پەیوەندی نوێنەرایەتییەکەیان بە باڵیۆزخانەی عێراق لە
ئەسینای پایتەختی یۆنان، د.سەربەست دەڵێت: "زۆرجار باڵیۆزی عێراق داوای
دیداری لە من کردووە و نەچوم، ئێمە مۆری خۆمان هەیە و لەم وڵاتە بە فەرمیی کاری
پێدەکرێت، بۆیە ئەو پەیوەندییەمان بە پێویست نەزانیوە" و کار بۆ هەموو کوردێک
دەکەین بەبێ جیاوازیی بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان.
نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، مێژویی پەیوەندییەکانی نێوان کورد
و یۆنان بۆ 320 ساڵی پێش زاین دەگێڕێتەوە و دەڵێت: (رۆکسانا - رەوشەن) ژنی
ئەسکەندەری مەکدۆنی بووە، پاش ئەوەی لەگەڵ سوپاکەی هاتووەتە هەولێر، "بۆیە
ئێستاش لە هەموو یۆناندا کورد ناسراوە و رێزێکی زۆری لێدەگیرێت".