عومرە و بایکۆت شکستی بە سێ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک هێناوە و پێنج مانگە ئەنجوومەنەکە نەیتوانیوە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام بدات.
بایکۆتی بەشێک لە ئەندامان و بەشداری بەشێکی دیکەیان لە رێورەسمی عومرە، پێنج مانگە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی گیرۆدەی دەردی کۆنەبوونەوە کردووە.
ماوەی پێنج مانگە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەیتوانیووە، دانیشتنی ئاسایی ئەنجام بدات و سێ هەوڵی دانیشتنی ئەنجومەنەکە شکستی هێناوە.
رۆژی 5ـی ئابی 2025، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوایین هەواڵی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی ئاسایی ئەنجامدا، بەڵام جارێکی دیکە رووبەڕووی شکست بووەوە.
هۆکاری سەرەکی شکستهێنانی کۆبوونەوەکە بەشدارینەکردنی دوو ئەندامی ئەنجوومەنەکە بوو کە یەکێکیان لە پشکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئەوی دیکەشیان لە پشکی بەرەی تورکمانییە.
ئەحمەد فاتیح لە هاوپەیمانی کەرکووک هێز و ئیرادەمانە بەهۆی چوونی بۆ عومرە نەیتوانی بەشداری دانیشتنەکە بکات، بەڵام پێدەچێت نارەزاییەکانی ئەحمەد رەمزی بۆ پشکی پێکهاتەکان لەبەڕێوەبردنی پۆستە ئیدارییەکانی شارۆچکە و شارەدێیەکانی کەرکوک بگەڕێتەوە.
بەرەی تورکمانی دابەشكردنی پۆستە ئیدارییەکان بە تایبەت لە پردێ بە ناهاوسەنگ دەزانێت، لەمانگی تەممووزی رابردووش وەکو هەنگاوێک بۆرووبەڕووبوونەوەی ئەو ناهاوسەنگییە دووجار رێگای سەرەکی کەرکوک-هەولێریان داخست.
4ـی ئازاری 2025، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک دواین دانیشتنی خۆی لە یەکەمین ساڵی خولی دووەمی خۆی دا ئەنجامدا، کە دانیشتنی ژمارە 10بوو، ئەحمەد رەمزی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لەسەر پشکی بەرەی تروکمانی، پاش زیاتر لە 6 مانگ لە بایکۆت بەشداری دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوکی کرد.
لە30ـی نیسانی 2025 ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک هەوڵی دا یانزەهەمین دانیشتنی ئاسایی خۆی لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەست بەپرسە خزمەتگوزارییەکان سازبکات، بەڵام بەهۆی ئامادەنەوونی رێژەیی یاسایی دانیشتنەکە سازنەکرا.
لە21ـی ئایاری 2025، ڕەعد ساڵح لەهاوپەیمانی تەقەدووم و زاهیر ئەنوەر عاسی لەهاوپەیمانی عروبە لە بینای پارێزگای کەرکوک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان ڕێکخست و کشانەوەی خۆیان لە حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە ڕاگەیاند.
ئەو دوو ئەندامە هۆکاری کشانەوەیان لە هاوپەیمانی پێکهێنانی حکومەت بۆ ئەوە گەڕاندەوە، دوای نۆ مانگ لە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانی کوردستان تا ئێستا بەڵێنەکان جێبەجێنەکراون.
رۆژی 29ـی تەمموزی 2025، ئەگەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان توانی بووی سەلوا موفرەجی ئەندامی ئەنجوومەنەکە لە پشکی هاوپەیمانی عەرەبی بە گەڕانەوە بۆ کۆبوونەوەکان رازی بکات، بەڵام ئەحمەد رەزمزی لە پشکی تورکمان بەردەوامی بە بایکۆتدا و هەوڵەکان بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی ئاسایی شکستی هێنا.
هاوپەیمانی عەرەبی سەلوا موفرەجییان بە شکاندنی بڕیاری هاوپەیمانێتییەکە تۆمەتبار کرد و بڕیاریاندا لە هاوپەیمانیتییەکەیان دوری بخەنەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە16 ئەندام پێکهاتووە، لەشوباتی ساڵی 2024 یەکەمین دانیشتنی ساڵی یەکەمی خولی دووەمی خۆی لە پاش پڕۆسەی ئازادی عێراق ئەنجام دا، بەڵام لەیەکەم کۆبوونەوەدا نەیتوانی سەرۆک هەڵبژێرێت و تاوەکو بەرێککەوتنێک، کە لەنێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هەردوو هاوپەیمانی عروبە و قیادە، لەئابی 2024 سەرۆکی ئەنجوومەن و پارێزگاری نوێ بۆکەرکوک هەڵبژێردرا.
لەگەڵ هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک، هەریەکە لەپارتی دیموکراتی کوردستان و بەرەی تروکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لەکەرکوک بایکۆتی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنەکەیان کرد و ئەنجوومەنەکەیان بەنایاسایی لەقەڵەم دا و لەدادگای فیدڕاڵی سکاڵایان تۆمارکرد، بەڵام لەشوباتی 2025 دادگای فیدڕاڵی بەبیانووی ئەوەی وردبینی کردن لەو سکاڵایە کاری ئەوان نیە سکاڵاکانی رەتکردەوە.
دوای چوار ساڵ دوورکەوتنەوەی لەسەر شانۆی سیاسی
ئێران، جارێکی تر عەلی لاریجانی گەڕایەوە و بە فەرمانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری
ئێران، بە سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دیاری کرا.
رۆژی دووی ئاب، میدیای نزیک لە سوپای پاسدارانی
ئێران بڵاویکردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گۆڕانکاری لە دامەزراوە ئەمنییەکانی
وڵاتدا دەکرێن و ئەگەری زۆرە عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی وەکو سکرتێری
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی دەستنیشان بکرێت.
بەپێی مادەی 176ی دەستووری ئێران، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی
ئەو وڵاتە دەتوانێت بەپێی ئەرکەکانی خۆی ئەنجوومەنی لاوەکی وەک ئەنجوومەنی بەرگری
و ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵات پێکبهێنێت.
هەروەها، سەرۆکایەتی هەریەک لە ئەنجوومەنە لاوەکییەکان
یان لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دەکرێت یانیش ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی،
کە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەستنیشان دەکرێت.
ئەمڕۆ بە فەرمی، عەلی لاریجانی، سەرۆکی
پێشووتری پەرلەمانی ئێران بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران،
لاریجانی بە سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دیاری کرا.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فارس، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان،
سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنەکە دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە و بەرپرسیارێتی چەند دۆسیەیەکی
تایبەت و ستراتیژیی ئێرانی پێدەدرێت.
عەلی لاریجانی، سادق لاریجانی و محەممەد جەواد
لاریجانی، باوکیان، ئایەتوڵڵا میرزا هاشم ئامۆلی لاریجانی، یەکێک بوو لە مەرجەعە گەورەکانی
شیعە و هاوڕێی نزیکی ئایەتوڵڵا خومەینی، کە ئەمەش ڕێگەخۆشکەرێکی سەرەکی بوو بۆ
چوونەناو کایەی سیاسیی کوڕەکانی.
ئەم بنەماڵەیە یەکێکن لە بنەماڵە هەرە بەهێز و
کاریگەرەکانی دوای شۆڕشی 1979، کە هێزی خۆیان لە تێکەڵەیەکی دەگمەنی نێوان
"ئاینی نەریتی" و "زانستی مۆدێرن" و "پەیوەندی سیاسی"دا
وەرگرتووە.
چۆن یەک بنەماڵە، بۆ ماوەیەکی درێژ، سێ جومگەی
سەرەکیی دەسەڵاتی ئێرانیان بەدەستەوە بوو؟ بنەماڵەی لاریجانی، کە زیاتر لە دوو دەیە
وەک "کۆڵەکەکانی ڕاگرتنی نیزام" ناسرابوون، سێکوچکەیەکی دەسەڵاتیان پێکهێنابوو
کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا وێنەی نەبوو.
گۆشەی یەکەمی سێکوچکەکە: عەلی لاریجانی، سیاسەتمەدارە
پراگماتییەکە، بۆ ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی پەرلەمان بوو. ئەو دەسەڵاتی یاسادانانی لەژێر
کۆنترۆڵدا بوو. کاری ئەو، ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان باڵە جیاوازەکان و بەڕێوەبردنی یاساکانی
وڵات بوو.
گۆشەی دووەم: سادق لاریجانی، دادوەرە دەسەڵاتدارەکە، بۆ
ماوەی 10 ساڵ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بوو، ئەو هێزی دادوەری و سەرکوتکردنی بەدەستەوە
بوو. لە سەردەمی ئەودا، هەزاران نەیار و ناڕازی ڕووبەڕووی حوکمی قورس بوونەوە، ئەو
پارێزەری ئاسنینی نیزام بوو لەناوخۆدا.
گۆشەی سێیەم: محەممەد جەواد لاریجانی، تیۆریست
و مێشکی ئایدۆلۆژیم، ئەو بەرگریکاری فەرمیی ئێران بوو لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، بەتایبەت
لە بواری مافی مرۆڤدا. کاری ئەو، داڕشتنی گوتاری فەرمی و پاساوهێنانەوە بوو بۆ کردەوەکانی
نیزام.
سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێی توندڕەو، تۆمەتەکانی
گەندەڵی، و گۆڕانی نەخشەی سیاسیی ئێران، هێزی لاریجانییەکانی کەمکردەوە، گەورەترین
گورز، ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونی عەلی لاریجانی بوو بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2021، ئەمە
نیشانەی کۆتایی سەردەمی زێڕینی ئەم بنەماڵەیە بوو.