دوای چوار ساڵ دوورکەوتنەوەی لەسەر شانۆی سیاسی
ئێران، جارێکی تر عەلی لاریجانی گەڕایەوە و بە فەرمانی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری
ئێران، بە سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دیاری کرا.
رۆژی دووی ئاب، میدیای نزیک لە سوپای پاسدارانی
ئێران بڵاویکردەوە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک گۆڕانکاری لە دامەزراوە ئەمنییەکانی
وڵاتدا دەکرێن و ئەگەری زۆرە عەلی لاریجانی، راوێژکاری عەلی خامنەیی وەکو سکرتێری
ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی دەستنیشان بکرێت.
بەپێی مادەی 176ی دەستووری ئێران، ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی
ئەو وڵاتە دەتوانێت بەپێی ئەرکەکانی خۆی ئەنجوومەنی لاوەکی وەک ئەنجوومەنی بەرگری
و ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵات پێکبهێنێت.
هەروەها، سەرۆکایەتی هەریەک لە ئەنجوومەنە لاوەکییەکان
یان لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دەکرێت یانیش ئەندامێکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی،
کە لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەستنیشان دەکرێت.
ئەمڕۆ بە فەرمی، عەلی لاریجانی، سەرۆکی
پێشووتری پەرلەمانی ئێران بە بڕیاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران،
لاریجانی بە سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دیاری کرا.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فارس، عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان،
سکرتێری پێشووی ئەنجوومەنەکە دەبێتە ئەندامی ئەنجوومەنەکە و بەرپرسیارێتی چەند دۆسیەیەکی
تایبەت و ستراتیژیی ئێرانی پێدەدرێت.
عەلی لاریجانی، سادق لاریجانی و محەممەد جەواد
لاریجانی، باوکیان، ئایەتوڵڵا میرزا هاشم ئامۆلی لاریجانی، یەکێک بوو لە مەرجەعە گەورەکانی
شیعە و هاوڕێی نزیکی ئایەتوڵڵا خومەینی، کە ئەمەش ڕێگەخۆشکەرێکی سەرەکی بوو بۆ
چوونەناو کایەی سیاسیی کوڕەکانی.
ئەم بنەماڵەیە یەکێکن لە بنەماڵە هەرە بەهێز و
کاریگەرەکانی دوای شۆڕشی 1979، کە هێزی خۆیان لە تێکەڵەیەکی دەگمەنی نێوان
"ئاینی نەریتی" و "زانستی مۆدێرن" و "پەیوەندی سیاسی"دا
وەرگرتووە.
چۆن یەک بنەماڵە، بۆ ماوەیەکی درێژ، سێ جومگەی
سەرەکیی دەسەڵاتی ئێرانیان بەدەستەوە بوو؟ بنەماڵەی لاریجانی، کە زیاتر لە دوو دەیە
وەک "کۆڵەکەکانی ڕاگرتنی نیزام" ناسرابوون، سێکوچکەیەکی دەسەڵاتیان پێکهێنابوو
کە لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا وێنەی نەبوو.
گۆشەی یەکەمی سێکوچکەکە: عەلی لاریجانی، سیاسەتمەدارە
پراگماتییەکە، بۆ ماوەی 12 ساڵ سەرۆکی پەرلەمان بوو. ئەو دەسەڵاتی یاسادانانی لەژێر
کۆنترۆڵدا بوو. کاری ئەو، ڕاگرتنی هاوسەنگیی نێوان باڵە جیاوازەکان و بەڕێوەبردنی یاساکانی
وڵات بوو.
گۆشەی دووەم: سادق لاریجانی، دادوەرە دەسەڵاتدارەکە، بۆ
ماوەی 10 ساڵ سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بوو، ئەو هێزی دادوەری و سەرکوتکردنی بەدەستەوە
بوو. لە سەردەمی ئەودا، هەزاران نەیار و ناڕازی ڕووبەڕووی حوکمی قورس بوونەوە، ئەو
پارێزەری ئاسنینی نیزام بوو لەناوخۆدا.
گۆشەی سێیەم: محەممەد جەواد لاریجانی، تیۆریست
و مێشکی ئایدۆلۆژیم، ئەو بەرگریکاری فەرمیی ئێران بوو لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا، بەتایبەت
لە بواری مافی مرۆڤدا. کاری ئەو، داڕشتنی گوتاری فەرمی و پاساوهێنانەوە بوو بۆ کردەوەکانی
نیزام.
سەرهەڵدانی نەوەیەکی نوێی توندڕەو، تۆمەتەکانی
گەندەڵی، و گۆڕانی نەخشەی سیاسیی ئێران، هێزی لاریجانییەکانی کەمکردەوە، گەورەترین
گورز، ڕەتکردنەوەی کاندیدبوونی عەلی لاریجانی بوو بۆ سەرۆکایەتی لە ساڵی 2021، ئەمە
نیشانەی کۆتایی سەردەمی زێڕینی ئەم بنەماڵەیە بوو.
توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.
ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.