هەواڵ

موقتەدا سەدر هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە و چاوەڕێی دوو ئەگەرە

Mic
2025-09-17


سەرەڕای کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و بەشدارینەکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، بەڵام موقتەدا سەدر هێشتا مۆتەکەی دەسەڵاتدارانی عێراقە، ئەمەش وایکردووە لەلایەک چاویان لەسەر هەڵبژاردن بێت و لەلایەکیش چاویان لەسەر سەدر بێت، خودی موقتەدا سەدریش چاوەڕێی روودانی دوو ئەگەرە لە عێراق.

موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی سەدر، هێشتا یەکێکە لە گەورەترین مەتەڵە سیاسییەکان، کە ڕووبەڕووی نەیارەکانی دەبێتەوە لە چوارچێوەی هەماهەنگیدا، یان تەنانەت لایەنگران و هاوپەیمانە نزیکەکانی.

لەدوای بڕیارە بەناوبانگەکەی سەدر بۆ کشانەوەی کوتلە پەرلەمانییەکەی کە خاوەنی 72 کورسی پەرلەمانی بوو، لە هاوینی 2022 و راگەیاندنی ڕەتکردنەوەی کارکردن لەگەڵ "گەندەڵکاران" کە مەبەستی چوارچێوەی هەماهەنگی بوو، پێشبینیەکان سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سەدر بەردەوام مشتومڕی لە نێوان سیاسەتمەداران و شیکەرەوەکان و تەنانەت هاوڵاتیانی ئاسایی دروستکردووە.

موقتەدا سەدر لە هەموو پەیامەکانیدا سەبارەت بە کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی و هەڵبژارد، تەنها ئاماژەی بە چینێکی گەندەڵی دەسەڵاتدار کردووە، بەبێ ئەوەی هیچ نیازێکی تری خۆی بخاتەڕوو، بەڵام سەرکردەویەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی خواستی سەدر ئاشکرا دەکات.

سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى راگەیاندووە، سەدر سیستەمێکی دەوێت کە لەگەڵ تێڕوانینی خۆیدا بگونجێت، کە لەوانەیە لەگەڵ تێڕوانینی ئەوانی تردا نەگونجێت.

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوایە، کشانەوەی ئێستای موقتەدا سەدر لە پرۆسەی سیاسی و بایکۆتی هەڵبژاردن، لەم دیدگایەوە سەرچاوە دەگرێت نەک ڕق لە کاری سیاسی.

ئاماژە بە پێگە و بەهێزی سەدر دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و دەڵێت: لەوانەیە یارییەکە بە تەواوی بگۆڕێت تەنانەت ئەگەر لە پێشبڕکێی هەڵبژاردنیش دوور بێت، هەر بۆیە، چوارچێوەی هەماهەنگی چاوێکیان لەسەر هەڵبژاردنەکان و چاوەکەی دیکەش لەسەر سەدرە.

لەگەڵ ئەوەی لایەنەسیاسییەکان و چاودێرانی سیاسی پێیانوابوو، سەدر لە چوار ساڵی رابروودا، شەقامی لە بەرژەوەندی خۆی ساز و ئامادەکردووە بۆ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەڵام لە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراودا، سەدر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی راگەیاند، هەرچەندە سەرۆک کۆماری عێراق بە فەرمی داوای لێکرد بە بڕیارەکەیدا بچێتەوە، بەڵام ئەو سوربوو لەسەر بڕیارەکەی.

لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوودا، موقتەدا سەدر بڕیارێکی دەرکرد بۆ دوورخستنەوەی 31 کەس لە بزووتنەوەکە و باڵی سەربازی سەرایا سەلام، بەهۆی ئاماەکارییان بۆ بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.

سەرکردەیەکی رەوتی سەر بە رۆژنامەی «الشرق الأوسط»ـى وتووە، ڕەوتی سەدر پشتگیری لە هیچ لیست و کاندیدێک ناکات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، ئەو سەرکردەیە ڕەتی دەکاتەوە پێشبینی هەنگاوەکانی داهاتووی سەدر بکات و دەڵێت: هەموو شتێک دەگونجێت، بەڵام کەس نازانێت چۆن و کەی ڕوودەدات.

ئەو سەرکردەیە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سەدر درکپێدەکات و گرەو لەسەر ئەگەری داڕمانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکات بە تێپەڕبوونی کات، چونکە بڕوا وایە سیستەمی سیاسی ئێستا بە ئاسانی چاکسازی ناکرێت.

دەشڵێت: سەدر هەموو جۆرە کارێکی سیاسی تاقیکردۆتەوە. بەشداری کردن لە پەرلەمان و کشانەوەی لێی و بەشداریکردن لە حکومەت و کشانەوەی لێی و هەروەها دژایەتیکردنی چالاکی لە شەقامدا و پێدەچێت گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم سیستەمە توانای چاکسازی نییە.

یەکێکی تر لەو ئەگەرانەی کە سەدر چاوەڕێی دەکات، شوێنگرتنەوەی عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانە لە عێراق، خودی سەدریش خواستی خۆی بۆ جێگرتنەوەی نەشاردووەتەوە و بەپێی بنەماکانی مەزهەبی شیعە، موقتەدا سەدر هەموو مەرجەکانی تێدایە.

More News

Most Popular

هەواڵ

داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا بۆ ئۆجەلان و ئازادکردنی دەمیرتاش دەکرێت

Mic
2025-09-17

 داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دەکرێت.

لە 15ـی ئەم مانگەوە لیژنەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپا چەند کۆبوونەوەیەکی کردووە و بڕیا ئەمڕۆش دوا کۆبوونەوەی بکات، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ پێدانی مافی هیوا بۆ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە بکات.

هاوکاتی ئەو کۆبوونەوەیە؛ یەکێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان بەناوی فایەق ئۆزگور ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە مافی هیوا بۆ ئۆجەلان جێبەجێبکرێت و دەسەڵاتی تورکیا پیادەی بکات.

هەروەها ئەمڕۆ هاوڵاتییان لە بەشێک لە پارێزگاکانی تورکیا و باکووری کوردستان خۆپیشاندان و رێپێوان بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان دەکەن و داوای جێبەجێکردنی مافی هیوا دەکەن.

مافی هیوا یاسایەکە یان مافێکە کە لەلایەن دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپاوە دەرچووە، بەپێی ئەم یاسایە، دوای 25 ساڵ لە زیندانیی هەتا هەتای؛ کەسەکە ئازاد دەکرێت یان بە سزاکەیدا بچنەوە بۆ ئەوەی بە مەرج ئازاد بکرێت.

لەلایەکی ترەوە پارتی یەکسانی و دیموکراسی- دەمپارتی داوا ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش- هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە دەکات.

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە رۆژانی رابردوو سەردانی هەریەکە لە دەمیرتاش و سەلچوک مزراکلی- هاوسەرۆکی پێشوو گەورە شارەوانی ئامەد کردووە و، دەڵێت، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەستی پێکردووە با دەمیرتاش و مزراکلی ئازاد بکرێن.

چاندار ئاماژەی بەوەشکردووە، دەمیرتاش چاوەڕێی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە، کە لە 8ی تەممووزی 2025 دەرچووە، ماوەی تانەلێدانی تورکیا خەریکە کۆتایی دێت و ئەگەر تورکیا ناڕەزایی دەرنەبڕێت، دەمیرتاش دەستبەجێ ئازاد دەکرێت.

جەختیش لەوە دەکاتەوە بۆ دروستکردنی متمانەیە هاوڵاتییان بە پرۆسەی ئاشتی نابێت سەلاحەدین دەمیرتاش لە زیندان بهێڵدرێتەوە و دەبێت ئازاد بکرێت.

پێشتر، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بڕیارەکەی خۆی سەبارەت بە ئازادکردنی دەمیرتاش دووپاتکردبووەوە و ماوەی سێ مانگی بۆ تورکیا دیاریکردبوو بۆ تانەلێدان.