هەواڵ

دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بەهاوکاریی ئاسایشی سلێمانی لە سعودییە دەستگیرکران

Mic
2025-09-15

دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە 142 کیلۆگرام ماددەی کریستاڵی شل بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە وڵاتی سعودییە دەستگیرکران.

بازرگانەکان خەڵکی سەلاحەدینن و کۆمپانیای حەج و عەمرەیان هەیە و لەنێوان عێراق، سعودییە و تورکیا وڵاتانی دیکەی عەرەبی بازرگانی ماددەی هۆشبەریان کردووە.

ئەو دوو بازرگانە بۆ گواستنەوەی ماددەکان سوودیان لە پاسی عومرەکاران وەرگرتووە و  بەوەشێوەیە هیچ گومانێکیان لەسەر نەبووە، خاوەن کۆمپانیای حەجوعەمرەبوون.

دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی زانیاریی وردیان لەسەر بازرگانەکان داوە، بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و سعودییە.

لەسەر بنەمای زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی لە ئۆپەرسیۆنیكی تایبەتدا بازرگانەکان دەستگیر کراون.

بەوتەی عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ماددەکە لە جۆری کریستاڵی شلە و کێشەکەی 142 کیلۆگرام بووە، لەناو یەکێک لە پاسەکانی عومرەکاران هەڵگیراوە و بەهاکەی ملیۆنێک و 270 هەزار دۆلاربووە.

لەدوای پێدانی زانیاریی ورد، وەزارەتی ناوخۆی سعودییە داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی کردووە، کارمەندێکی خۆیان بنێرەنە ئەو وڵاتە بۆ هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی ریاز.

بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بیرۆکە و تەکنیکی سەیر بۆ گواستنەوەی ماددەکانیان بەکاردەهێنن و بۆ ئەوەی لە بازگە و خاڵی پشکنینەکان هیچ گومانێکیان نەچێتە سەر.

ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لە هەڕەشە مەترسیدارەکان، سەرەڕای ئاڵودەبوونی بەکارهێنەران و رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری مردن-یان؛ هۆکارێکی سەرەکیشن بۆ زۆربوونی رووداوە جۆراو جۆرەکان و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان.

بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر بووەتە دیاردەیەکی جیھانی و بنبڕناکرێت چونکە ھەموو سنوورەکانی بڕیووە، لەگەڵ زۆربوونی ئالوودەبووان و بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر، شێوازی بازرگانییکردن و بڵاوبوونەوەیشی تەکنیکی نوێی بەخۆیەوە بینیووە.

سەرەڕای پێشکەوتنی یاساکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی، لە ھەمانکاتدا شێوازی بازرگانیکردنیشی پێشکەوتن و شێوازی نوێ بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 388 تۆمەتباری ماددەی ھۆشبەر دەستگیر کراون، کە 173 کەس بەکارھێنەر بوونە، 143 بازرگانی ئاسایی بوونە، 72 کەس بازرگانی نێودەوڵەتی بوونە.

هەر بە گوێرەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا نزیکەی ھەزار تۆمەتبار بەھەر سێ جۆرەکەوە دەستگیر کراون.

بەگوێرەی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێڕاق، ژمارەی ئەو بازرگانان و بەکارهێنەرانەی ماددەی ھۆشبەر کە لە ساڵی 2024 لە عێڕاق دەزگیرکراون 14 هەزار کەس بوون.

 هەر لە هەمان ساڵ؛ دەسەڵاتی دادوەری عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەر 144 بازرگانی نێودەوڵەتیی ماددەی ھۆشبەر و سزای زیندانی ھەتاھەتایی بەسەر 434 بازرگانی ناوخۆیدا سەپاندووە.

More News

Most Popular

هەواڵ

دیواری رۆژئاوا، ئەو شوێنەی جولەکەکان لە ئەقسا بە پیرۆزتری دەزانن

Mic
2025-09-14


دیواری رۆژئاوا یان دیواری بوراق، ئەم دیوارە دەکەوێتە نزیک مزگەوتی ئەقسا، پێش هێرشەکەنی سەر ئێران، نەتەنیاهو سەردانی ئەم دیوارەی کرد و ناوی جەنگەکەی لەسەر دیوارەکە جێهێشت، بەڵام ئایا ئەم سەردانەی ئەمڕۆ جەنگێکی تری بەدواوەیە؟

ئەمڕۆ، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوژینەکانیان لە قودس سەردانی "دیواری رۆژئاوا"یان کرد کە شوێنێکی پیرۆزە لەلای جووەکان.

دیواری ڕۆژئاوا کە دیواری بوراقیشی پێدەوترێت، دەکەوێتە شاری کۆنی ئۆرشەلیم، شوێنێکی گرنگی نوێژ و حەجکردنە کە بۆ گەلی جولەکە پیرۆزە، ئەمە دوایین بەشی پاشماوەی دیوارە پارێزەکەیە کە جاران دەوری کێوی پەرستگاکەی دابوو، کە پەرستگای یەکەم و دووەمی ئۆرشەلیم لەوێ بوون، هەردووکیان لەلایەن جوولەکەکانی کۆنەوە بە پیرۆزی بێهاوتا دادەنران.

ڕەسەنایەتی دیواری ڕۆژئاوا بە دابونەریت و گێڕانەوەی مێژوویی و بەڵگەی شوێنەوارناسی پشتگیری دەکرێت، لە دەوروبەری سەدەی دووەمی پێش زایین سەرچاوەی گرتووە، هەرچەندە بەشەکانی سەرەوەی دواتر دروستکراون.

نەسراوی جۆراوجۆر مانەوەی دیوارەکە بە شێوەیەکی جیاواز لێکدەداتەوە، یەکێکیان رایوایە ئەوە دەکات کە خودا ئەم پارچەیەی بۆ گەلی جولەکە پاراستووە، لە کاتێکدا یەکێکی تر دەڵێت تیتۆس وەک هێمایەکی خەمباری داگیرکردنی یەهودا لەلایەن ڕۆمانەکانەوە پاراستووە.

بەهۆی ئەو ڕاستییەی کە دیوارەکە ئێستا تێکەڵ بە پێکهاتەیەکی گەورەتر بووە کە چواردەوری گومەزی بەردی موسڵمانان و مزگەوتی ئەقسا دەورەدراوە، ناکۆکی بەردەوامی هەیە لە نێوان عەرەب و جوولەکەکان لەسەر دەسەڵاتی دیوارەکە و زۆرجار مافی چوونە ژوورەوە.

ئەم ناکۆکییە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە لەوەتەی ئیدارەی ئیسرائیل کۆنترۆڵی تەواوی شارە کۆنەکەی کرد لە دوای جەنگی شەش ڕۆژ لە حوزەیرانی 1967.

لە ئێستادا، دیواری ڕۆژئاوا نزیکەی 50 مەتر درێژی و نزیکەی 20 مەتر بەرزە، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆر قووڵتر دەچێتە ناو زەوی، پەرستنی جوولەکەکان لێرە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بیزەنتی سەرەتایی و پشتگیری بیروباوەڕی حاخامەکان دەکات کە "ئامادەبوونی خودایی هەرگیز دیواری ڕۆژئاوا بەجێ ناهێڵێت."

ساڵانە بە ھەزاران جوولەکە سەردانی دەکەن، ئەم دیوارە جگەلەوەی گرینگیەتەکی زۆری ھەیە بۆ جوولەکەکان ئەوا گرینگیەکی تایبەتی تری ھەیە بۆ موسڵمانان، چونکە بەشێ لە سەرچاوەی مێژووی ئیسلامیەکان پێیان وایە ئەو دیوارە بەستەری پەیامبەری ئیسلام بووە لە ئیسرا و میعراجیدا.

رۆژی 12ـى حوزەران، واتە رۆژێک پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، بنیامین نەتەنیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆشتە دیواری بوراق و لە نامەیەکی بچوکدا ئاماژەی بە دەربڕینی شێری ڕاپەڕیو دا.

شێری ڕاپەڕیو، دەگەڕێتەوە بۆ کتێبی ژمارەکان لە تەوراتدا، کتێبەکە خۆی باس لە جوەکانی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ئەخمینی دەکات، کە خاوەن ئیمارەتی خۆیان بوون کە بە یەهود میدناتا، یان شاری جو ناسراوە، دیسانەوە بۆخۆی ئاماژەیە بۆ مێژوی کۆنی ململانێ لە نێوان جو و فارسدا لە میانەی هەڵکشان و داکشانی هێزەکانی ناوچەکە.

رۆژێک دوای سەردانەکەی نەتەنیاهو، ئیسرائیل ئێرانی ئاگرباران کرد و زۆربەی فەرماندە سەربازییەکان و زانا ئەتۆمییەکانی ئێرانی کوشت و ژێرخانی ئەتۆمی ئێرانی تا ئاستی نەمان بە ئامانج گرت.

ئەمڕۆیش، دیسانەوە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی دیواری رۆژئاوای کرد، بەڵام ئەمجارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا یاوەری دەکرد، وێنەکان بەخێرایی بڵاوبونەوە و بە تەنزەوە لەسەری نوسراوە، ئەمجارە چی شەڕێکیان بەدەستەوەیە.