-18

قوتابخانەکان گەورەترین فشاری دەروونی دروستدەکەن بۆ هەرزەکاران

سەرچین ساڵح رۆپیتەن
2021-07-03

هەموو هەرزەکارێک کەم تا زۆر توشی فشاری دەروونی دەبێت، بەڵام لە هەندێکیاندا رێژەی حاڵەتەکە دیارتر و بەرچاوترە بەجۆرێک کاریگەری راستەوخۆ دەکاتە سەر ژیانی ئاساییان، بەتایبەتی لەکاتی دەوامی قوتابخانەکان.

بەپێی ئەو داتایانەی لە لایەن کۆمەڵەی دەروونی ئەمریکا بۆ فشاری دەروونی لە ساڵی ٢٠١٧دا لە ئەمریکا کۆکراوەتەوە، فشاری دەروونی لە هەرزەکاراندا هاوشێوەی ئەو فشارەیە ڕووبەڕووی پێگەیشتوان دەبێتەوە.

ئەنجامی ئامارەکان دەریدەخەن نەک تەنها ڕێژەی فشاری دەروونی لە هەرزەکاراندا ڕێژەکەی تەندروست نییە، بەڵکو زۆربەیان لە کاریگەرییە خراپەکانی بۆ سەر دەروون و جەستە ئاگادار نین و بەهەندی وەرناگرن.

باوترین سەرچاوەی فشار دەگەڕێتەوە بۆ قوتابخانەکان کە ڕێژەی لەسەدا ٪83یان بەردەکەوێت لەکاتێکدا لەسەدا ٪69 فشار دەگەڕێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر هەڵبژاردنی شوێنێکی باش بۆ خوێندن لە کۆلێجەکان یان دەستنیشانکردنی ئامانجێکی دیاریکراو دوای تەواوکردنی قۆناغی ناوەندی.

راپۆرتەکان دەریدەخەن فشاری دەروونی لە هەرزەکاراندا لەکاتی خوێندندا زۆرترە وەک لەکاتی پشووەکان بە ئاستێك کە 5.8ی پی دەدرێت لە دە لەکاتێکدا لەکاتی پشوودا ئاستەکە 4.8ی بۆ داندراوە.

باری ئابوری خێزانیش یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی فشار دروست دەکەن بۆ هەرزەکاران بە ڕێژەی لەسەدا ٪65.

درەنگ مانەوەی هەرزەکاران لە شەودا، بە واتایەکی دیکە نەخەوتن، لەسەدا ٪35 و زۆر خواردن یاخود خواردنی شتی ناتەندروست بە ڕێژەی لەسەدا ٪26 کاریگەرییان هەیە یان نەخواردنی ژەمەکان بەڕێژەی لەسەدا ٪23 لێکەوتەی خراپی هەیە.

هەر بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکە، بەهۆی فشاری دەروونییەوە لەسەدا ٪40ی هەرزەکاران هەست بە پەستی دەکەن، لەسەدا ٪36 هەست بە شڵەژان و دڵەراوکێ دەکەن، هەروەها لەسەدا ٪36 هەست بە شەکەتی و ماندوێتی دەکەن.

نیشانەکانی فشاری دەروونی

دەگونجێت هەندێک جۆری فشار تەندروست بێت، بەڵام هەندێک لە هەرزەکاران ڕووبەڕووی ئاستێکی تووندی فشار دەبنەوە بەشیوەیەك لەگەڵ دەجەنگن و کاردەکاتە سەر فێربوون و پەیوەندیەکانیان.

ڕەنگە فشار بە چەند شێوازی جیاواز دەربکەوێت و هەندێک لە نیشانەکانی لە هەڵسوکەوتی ئاسایی هەرزەکاران دەربکەوێت، هەر بەو هۆیەشەوە فشار زوو زوو دووچاری هەرزەکاران دەبێتەوە بۆیە گرنگە بزانین چی بکەین کاتێك هەرزەکارێک ڕووبەڕووی فشاری دەروونی دەبێتەوە.

فشاری دەروونی ئەم کاریگەرییانە دروست دەکات:

گۆڕانی دەروونی: ڕەنگە هەرزەکار وروژاو و نیگەران یاخود خەمۆک دەربکەون بۆیە تێبینی گۆڕانی هەڵسوکەوتیان بکە.

گۆڕانی جەستە: ئەو کەسانەی فشاریان هەیە زیاتر نەخۆش دەکەون و بەدەست سەرئێشە و ئازاری گەدە و ئازارەکانی دیکەوە دەناڵێنن.

گۆڕانی هەڵسوکەوت: گۆڕان لە شێوازی خواردن و هەستان و چالاکی ئاسایی ڕۆژانەیاندا ڕوودەدات.

گۆڕانی مێشک: ڕەنگە لە ڕێگەی کەمی سەرنج و لەبیرچوونەوە و یاخود کەمتەرخەمییانەوە دەربکەوێت.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.