هەواڵ

مامۆستایان و فەرمانبەران مانگێك مۆڵەت دەدەنە حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم

Mic
2022-11-30

زیاتر لە سێ هەفتەیە ناڕەزایەتیەكانی خوێندكاران و مامۆستایان و فەرمانبەران لەهەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش لەسنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی گەرمیان و ڕاپەرین سەریانهەڵداوەتەوە، پێشتر خانەنشینان بۆ داواكردنەوەی مافەكانیان پەنایان بۆ دادگای فیدراڵی برد، ئێستاش مامۆستایان دەیانەوێت بەهەمانشێوە پەنا بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ببەن.
خوێندكارانی زانكۆ و پەیمانگەكان لەهەرێم ناڕەزایەتیەكانیان بۆ ئەوەیە كە دەرماڵەیان پێبدرێت و كرێی خوێندنی پارالێل كەمبكرێتەوە، ئەو دەرماڵەیەی لەساڵی 2014 ەوە حكومەتی ماوەبەسەرچوو بەپاساوی قەیرانی دارایی بڕیویەتی، ساڵی ڕابردوو لەگەڵ فراوانبوونی ناڕەزایەتیەكان بۆ شەش مانگ بەخوێندكاران درایەوە، بەڵام ئەمساڵ لەگەڵ دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندن هیچ خوێندكارێك لەهەرێمی كوردستان دەرماڵەی پێنەدراوە.
دەرماڵەی خوێندكارانی ناوشار 40 هەزارو خوێندكارانی دەرەوەی شاریش 60 هەزار دینارە، ئەگەر حكومەت هەموو مانگێك دەرماڵەیان پێبدات مانگانە تەنها پێویستی بە پێنج ملیار دینارە، بەڵام بەوتەی زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی ماوەبەسەرچووی هەرێم ئەو دەرماڵەیەش خراوەتەسەر داهاتی پارێزگاكان.
لەماوەی رابردوودا بەرپرسانی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی ماوەبەسەرچوو دەیانوت چاوەڕێی ئەنجومەنی وەزیرانن بۆ ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر دەستپێكردنەوەی دەرماڵە، بەڵام بەهۆی ئەوەی خراوەتەسەر داهاتی پارێزگاكان پێناچێت خوێندكاران ئەمساڵی خوێندن هیچ دەرماڵەیەك وەربگرن.
لەهەرێمی كوردستان جگە لەخوێندكاران مامۆستایان و فەرمانبەران كێشەی پلەبەرزكردنەوەیان هەیە، كە حكومەتی هەرێم لە 2016 ەوە ڕایگرتووە، بۆ ئەو مەبەستەش بەهەمانشێوەی خانەنشینان كە لەدادگای فیدراڵی سكاڵایان تۆماركرد، مامۆستایان و فەرمانبەرانیش ماوەی مانگێك دەدەنە حكومەتی هەرێم و بەوتەی بەشدار حەسەن پارێزەری خۆبەخش دوای ئەو ماوەیە ئامادەكاری دەكەن بۆ تۆماركردنی سكاڵا لەدادگای فیدراڵی عێراق.
رۆژی 22 ی تشرینی دووەمی 2022 دادگای فیدراڵی عێراق تاوتوێی سكاڵایەكی كرد كە لەلایەن ژمارەیەك خانەنشین لەسەر هەریەك لە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم و ئاوات جەناب وەزیری دارایی تۆماركرابوو، دواجار بڕیاریدا بەهەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ساڵی 2006 و پابەندكردنی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بە جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی ژمارە 9 ی 2014 ی هەمواركراوی عێراق، بەپێی ئەو یاسایەش نابێت هیچ خانەنشینێك لەعێراق مووچەكەی لە400 هەزار دینار كەمتربێت.
پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانیش قەیرانێكی دیكە و حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم دەیەوێت بەپێی لیژنەیەك لەوەزارەتەكان چارەسەری بكات و كەمترین تێچووی هەبێت لەسەری، بەپێی زانیاریەكان 365 هەزار فەرمانبەر لەئەنجومەنی راژەی هەرێم لیستەكەیان بۆ پلە بەرزكردنەوە ئامادەكراوە بەڵام بەپێی ئەو مەرجانەی حكومەت خۆی دایناون نەك ئەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران داوای دەكەن و پێشتر هەبوو، مەرجەكەش وەك حكومەت دەڵێت ركابەریكردن و چاودێریكردنی فەرمانبەرەكەیە بۆ ماوەی شەش مانگ و دواتریش پاڵاوتنیەتی.

More News

Most Popular

-18

ئایا لە منداڵدا مەڵاشوو دەکەوێت؟

Mic
2024-02-21

ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.