هەواڵ

کۆمسیۆنی دەستیکرد بە چاپکردنی کاغەزی هەڵبژاردن

Mic
2024-05-07

وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت دەستیانکردوە بە چاپکردنی کاغەزی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەش لەکاتێکیدا کە هێشتا مشتوومڕی دواخستنی هەڵبژاردنەکە هەیە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە وتیشی "کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامە لە رێکارەکانی بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بکات و نووسینگەکانی کۆمیسیۆن بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە کارەکانییان بۆ دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری لە 173 بنکەی تۆمارکردن، بۆیە هەواڵی راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن دوورە لە راستییەوە."

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکە "کۆمیسیۆن دەستیکردووە بە چاپکردنی کاخەزی دەنگدان کە ناوی پارتە سیاسییەکان و هاوپەیمانیێتییەکان و ژمارەی ئەو بەربژێرانەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشدارن، لەخۆدەگرێت."

ئەو کاخەزانەی کە کۆمیسیۆن دەستی بە چاپکردنیان کردووە بەپێی ئەو بەرپرسەی کۆمیسیۆن چوار نموونەن کە پەیوەستن بە بازنەکانی هەڵبژاردن "پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە." جگە لە نموونەیەکی دەنگدانی تایبەت.

چاپکردنی کاغەزی هەڵبژاردن لەکاتێکدایە کە هێشتا مشتوومڕی دواخستنی هەڵبژاردن لەئارادایە بەتایبەت لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کە لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە چەند مانگێک دوابخات.

چاودێرانی سیاسی دەڵین کە هەردوو پارتی دەسەڵاتدار(پارتی و یەکیتی) ترسیان لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هەیە و ئەگەری زۆرەی ئەمجارە دەنگ و کورسییەکی زۆر لەدەستبدەن، بەتایبەت بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان کە ئەگەری لەدەستدانی دەسەڵاتی هەیە.

More News

Most Popular

زانست

ئایا ماسی دوای بەستنی دووبارە زیندوو دەبێتەوە؟

Mic
2024-07-25

لە بابەتێکی ماڵپەڕی " earthdate" دا باس لەوە دەکات کە ماسی بە گشتی توانای خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانی پلەی گەرمیدا هەیە و دەتوانێت لە ئاوی سارددا بۆ ماوەیەکی زۆر بژی، بەڵام ئەگەر ئاوێک بە تەواوی بەستوو بێت، ئەگەری ئەوە هەیە هەندێک لە ماسییەکان بمرن.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە چۆن ماسییەکان لە دەریاچە بەستووەکان و ئاوەکانی ناوچە جەمسەرییە سەهۆڵاوییەکانی زەویدا دەژین؟
ماسییەکان کۆمەڵێک ستراتیژی بەکاردەهێنن بۆ مانەوەیان لە ژیاندا، ئەوانیش بریتین لە:
- خاوبوونەوەی میتابۆلیک، ماسی دەچێتە دۆخێکەوە پێی دەوترێت "torpor" ئەمەش هاوشێوەی خەوی زستانەیە، بەڵام بەو شێوەیە قووڵ نییە، پلەی گەرمی جەستەیان لەگەڵ پلەی گەرمی ئاوەکەدا دادەبەزێت و لێدانی دڵ و هەناسەدان و ئاستی چالاکی و جوڵەکانی بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کەم دەبنەوە، بەم شێوەیەش وزە دەپارێزێت چونکە جەستەیان پێویستی بە جوڵە نییە.
- دەڕۆنە قووڵاییەکی زۆرترەوە، زۆرێک لە جۆرەکانی ماسی دەچنە ناوچە قووڵاییەکانی دەریاچەکانەوە کە پلەی گەرمی ئاوەکە جێگیرتر دەمێنێتەوە و کەمتر ئەگەری بەستنی تەواوەتی هەیە، ئەمەش ماسییەکە دەپارێزێت وادەکات لە ژیاندا بمێنێتەوە.
- کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، بەو پێیەی ئاستی چالاکییەکانیان زۆر کەم دەبێتەوە، ماسییەکان پێویست ناکات لە وەرزی زستاندا وەکو جاران خۆراک بدۆزنەوە، لەوانەیە زۆر کەم بخۆن یان پشت بە وزەی یەدەگی خۆیان ببەستن.
- گونجاندنی فیزیۆلۆژی، هەندێک جۆری ماسی گونجانی تایبەتیان لە جەستەیاندا هەیە کە یارمەتیان دەدات لە سەرمادا بمێننەوە، بۆ نموونە هەندێکیان پرۆتینی دژە بەستن لە خوێنیاندا هەیە کە ڕێگری لە بەستنی خانەکانیان دەکات.
هەر بۆیە بە بەکارهێنانی ئەم ستراتیژانە، ماسییەکانی دەریاچە بەستووەکان دەتوانن وزەی خۆیان بپارێزن و لە بارودۆخی سەختی زستاندا بژین تا بەهار دێت.