هەواڵ

ئیسرائیل هەڕەشە لە عێراق دەکات و سودانیش دەڵێت بیانووەکانی لاوازن

Mic
2024-11-25

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵیت ئیسرائیل بە بیانووی لاواز هەڕەشە لە عێراق دەکات ئەمەش مەبەستە شەڕانگێزەکانی دەردەخات و داوای لە وەزارەتی دەرەوە کرد لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکاندا بەدواداچوون بۆ دۆسیەی هەڕەشەی ئیسرائیل بکات، بۆ ڕێگریکردن لە هەوڵەکانی ئەو قەوارەیە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لە ناوچەکەدا.
بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی عێراق، ئیسرائیل هەڕەشەی لێدان لەو گرووپانە دەکات، حکومەتی عێراقیش ئەمە بە بیناوێک دەزانێت بۆ لێدانی لە عێراق، هەر ئەمڕۆش گرووپی چەکداری "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لەڕێگەی درۆنەوە ئەنجامدانی هێرشێکیان بۆ سەر ئیسرائیل راگەیاند.
محەممەد شیاع، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕێوەڕەسمی 100 ساڵەی دامەزراندنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوەدا، لە سەرەتای دروستبوونی گرژییەکان عێراق داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و پاراستنی خەڵکی سڤیل کرد، بۆ ئەوەی بازنەی ململانێکان فروانتر نەبێت.

هەر لە میانی گوتارەکەیدا سوودانی ئاماژەی بەوەدا ئیسرائیل بە پاساوی نابەجێ هەڕەشە لە عێراق دەکات، ئەو هەڕەشانە دەرخەری نیازی خراپی سەرکردەکانی ئیسرائیلە، خەجت لەوە دەکەینەوە نابێت عێراق ببێتە سەرچاوەی هیچ ‌هێرشێک.

ئیسرائیل نامەیەکی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردووە و گرووپە چەکدارەکانی عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی هێرشی کوشندەیان دژی ئیسرائیل ئەنجامداوە، هاوکات بە مافی خۆشی دەزانێت وەڵامی ئەو هەڕەشانە بداتەوە کە لە خاکی عێراقەوە دەکرێتە سەریان.

More News

Most Popular

هەواڵ

هەڵبژاردن شەڕی نەوەی نوێ و کۆمەڵ گەرم دەکات

Mic
2025-07-01

شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی لەگەڵ نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردن گەرمتردەبێت، بەشێکیش وەک هۆکارێک بۆ پەرتبوونی دەنگی ناڕازی پێناسەی دەکەن.

نزیکبونەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شەڕی میدیایی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە سەرۆکایەتی شاسوار عەبدولواحید و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر گەرم دەکات.

دەستپێکردنی پشووی هاوینەی پەرلەمانی کوردستان کە سەرۆکە بەتەمەنەکەی لە لیستی نەوەی نوێیە، دیسانەوە بووەتە بابەتێکی دیکەی جەنگی میدیایی نێوان نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەریی.

کۆمەڵی دادگەریی، تاکە هێزی سیاسی هەرێمی کوردستانە کە بەهۆی ناڕازیبوونی بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بایکۆتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە.

نەوەی نوێ ترسی هەیە هەڵوێستەکەی کۆمەڵ کاریگەری لەسەر شەقام هەبێت و بەشێکی دەنگی ناڕازی لە رێگەی ئەو هەڵوێستەوە بۆ خۆی ببات بە تایبەت کە تائێستا پەرلەمان کارا نەبووە. 

ئەوەی وایکردووە ئەو گریمانەیە بەهێزبێت، هێرشی توندی میدیایی نەوەی نوێیە بۆ سەر بڕیارەکەی کۆمەڵ بۆ بایکۆتکردنی پەرلەمانی کوردستان.

 نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەری بەوە تۆمەتبارکردووە کە کۆتا هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاریی رۆژی هەڵبژاردن و جیاکردنەوەی دەنگەکانەوە بایکۆتی پەرلەمانی کردووە، کەچی دیسان بەشداریی هەڵبژاردن دەکاتەوە. 

کۆمەڵ لەسەرەتاوە بێدەنگیی هەڵبژارد، بەڵام دواتر وەڵامی هێرشەکەی نەوەی نوێی دایەوە و جوڵانەوەکەی بە "ئاڕاستەکراو" تۆمەتبار کرد.

کۆمەڵی دادگەری بە تایبەت رەخنەی لەو هەڵوێستەی نەوەی نوێ گرتووە کە لە پەرلەمانی عێراق دەنگی بە یاسای "بە تاوانکردنی هاوڕەگەزخوازیی و ڕەگەز گۆڕین" نەداوە. 

هاوڵاتییان رای جیاوازییان لەسەر شەڕی میدیایی نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری هەیە، بەشێکیان وەک بابەتێکی ئاسایی و هەڵمەتێکی پێشوەختەی هەڵبژاردن لێی دەڕوانن، بەڵام زۆرن ئەوانەشی پێیان وایە شەڕی میدیایی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان کاریگەری لەسەر پەرتکردنی دەنگە ناڕازییەکان دەبێت. 

نەوەی نوێ و کۆمەڵی دادگەری لە کاتێکدا شەڕی میدیایان دژ بە یەکتر گەرمکردووە کە دوو پارتەکە لەگەڵ لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەدا لە هەوڵی دروستکردنی یەک لیست بوون بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەڵام هەوڵەکەیان شکستی هێنا. 

جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان خاوەنی 15 کورسییە و لە پەرلەمانی عێراقیش خاوەنی 9 کورسییە، کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق خاوەنی یەک کورسییە، ئەگەرچی لە پەرلەمانی کوردستان 3 کورسی بەدەستهێناوە، بەڵام وەک خۆیان رایانگەیاندووە، بەهۆی " ساختەکاری"یەوە بایکۆتی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانیان کردووە.