هەواڵ

سامانە سروشتییەکان: گرێبەستەکانمان نوێ نین و چەندین ساڵە واژۆکراون

Mic
2025-05-20

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە و رایدەگەیەنێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە روونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە".

پاش ئەوەی ئەمڕۆ، چەند کاتژمێرێک لەوپێش وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و گرێبەستە نوێیەکانی هەرێمی کوردستانی بە "پوچەڵ و ناشەرعی" وەسفکرد و رەتیکردەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیاندراوێکدا بە مافی خۆی دەزانێت ئەو جۆرە گرێبەستانە واژۆبکات.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە "ئامانج لە رێککەوتن و گرێبەستەکان پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆییە و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە."

وەەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوەش ئاشکرادەکات کە ئەوەی واژۆکراوە، "ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە".

دەقی راگەیاندراوەکە:

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە، لە هەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی ، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. 
ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و  گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق . 


وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی 
حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2025/5/20

More News

Most Popular

هەواڵ

دیووی پشتەوەی گرێبەستەکانی ئەمریکا… یەکێتی بە راکێشانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەیەوێت مەترسی لە زۆنەکەی دورخاتەوە

Mic
2025-05-20


یەکێتی ئاگاداری ئەو گرێبەستانەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری سامانەسروشتییەکاندا واژۆی کردوون و بە فاکتەریكی ئارامی و دورخسنەوەی مەترسییان لە زۆنەکەیدا دەبینێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو گرێبەستی بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار لە بواری سامانی سروشتی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی، وێسترن زاگرۆس و HKN Energy، واژۆ کرد، کە عێراق پێی وایە بە ئاشکرا "دژی یاسای عێراقییە".

گرێبەستەکان بۆ ئەوەن بەرهەمی غاز و نەوتی کێڵگەی میران، کوردەمیر و کێڵگەی تۆپخانە زیاتر بکرێن، لە کێڵگەی میران بەگوێرەی پێشبینییەکان زیاتر لە 8 ترلیۆن پێ سێجا گاز هەیە، بە نرخی ئێستا نزیکەی بەهای 40 ملیار دۆلار دەکات.

پێشبینی دەکرێت کێڵگەی تۆپخانە، 5 ترلیۆن پێ سێجا غاز و نۆ ملیۆن بەرمیل نەوتی تێدابێت، بە گوێرەی نرخی ئێستا نزیکەی 70 ملیار دۆلار دەکات کە ژێڕخانێکی گەورەی بواری وزەیە.

 ئەو کێڵگانە لە سنوری گەرمیانن و دەکەونە ئەو زۆنەی یەکێتی حکومڕانی دەکات کە بە وتەی سەرۆکی حزبەکە، "دیدگایەکی جیاوازیان بۆ دۆسیەی غاز هەیە".

دۆسیەی غاز هەمیشە یەکێک بووە لە خاڵی ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان چەند جارێک بە دەنگی بەرز رایگەیاندووە،" دەبێت بەسەر لاشەی مندا غاز هەناردەی دەرەوە بکرێت".

ئەوەی لە رێککەوتنەکاندا دەبینرێت و وەک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دوای واژۆکردنی گرێبەستەکان لە واشنتۆنەوە رایگەیاند، "گرێبەستەکان بۆ زیادکردنی بەرهەمی غازە لە پێناو دابینکردنی کارەبا".

بەرپرسانی باڵای یەکێتی کە دیجیتاڵ میدیای Mic قسەی لەگەڵ کردوون، حزبەکەیان بە بەشێک لە رێککەوتنەکە دەزانن و نایشارنەوە رێککەوتنەکان بە ئاگاداری حزبەکەیان کراوە.

یەکێتی رێککەوتنەکە بە هەوڵێکی ستراتیژی دەبینێت بۆ دورخستنەوەی ئەو مەترسیانەی لەسەر زۆنەکەی دروست بووە، بە تایبەت کە زۆرکات وەک بەشێک لە بەرەی مقاوەمە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و ئاستی وەبەرهێنانی کۆمپانیا بیانییەکانی تێدا زۆر لاوازکراوە.

سەرەتای ئەمساڵ مەترسییەکان گەیشتنە ئاستێک کە بە دور نەدەزانرا، پریشکی شەڕی بەرەی مقاوەمە و ئەمریکا تا سنورەکانی یەکێتیش بێت کە هاوسنوری خاکی ئێرانە.

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لەگەڵ ئەوەی رێککەوتنەکەی بە گرنگ و ستراتیژی پێناسە کرد،  بە دیجتاڵ میدیای Micـی وت،" چوار مانگ پێش ئێستا زۆنەکە لە ژێر مەترسی پەلامار بوو ئێستا ئەمریکا بە بڕی 110 ملیار دۆلار وەبەرهێنانی وزەی تێدا دەکات، کە بەرهەمی کۆمەڵێک هەوڵی ناوچەی نێودەوڵەتییە".

سێ ساڵی رابردوو کێڵگەکانی سنوری پارێزگاکانی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان ئەزموونێکی تاڵیان بە رێکرد، ئەوەیش بەهۆی هێرشی بەردەوامی گروپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.
هێرشەکان لەگەڵ ئەوەی تیمە ئەندازیارییەکانی پڕۆژەی پەرەپێدانی کێڵگەکەیان کردە ئامانج، بوونە هۆکارێکیش بۆ رۆیشتنی کۆمپانیا بیناییەکان لە کێڵگەکە.

رۆژی 19ـی ئابی 2024 کۆمپانیای دانەغاز بە فەرمی و بە راگەیەندراوێک لە بازاڕی دارایی ئەبوزەبییەوە (ADX) کۆتایی بە گرێبەستی کارکردنی کۆمپانیای ئینەرفلێکسی کەنەدی هێنا، کە کاری لە تەواوکردنی پڕۆژەی گازی کۆرمۆری KM250 دەکرد.

سەرمایەگوزاری وزە، فاکتەرێکی سەرەکییە تا ئەمریکا سەقامگیری ئەو ناوچانە دابینبکات کە کۆمپانیاکانی کاری تێدا دەکەن، بۆیە یەکێتی هاتنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات بێنە ناوچەکە و بە فاکتەرێکی سەقامگیریی لێیدەڕوانێت.

یەکێتی تەنها لە عێراق دۆستی دۆستەکانی ئێران نییە، بەڵکو هەمیشە ئەو وڵاتە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بڕیار و مامەڵەکانی حزبەکە هەبووە.

یەکێتی دەیەوێت دوای گۆڕانکارییەکان و پاشەکشەی ئێران لە ناوچەکەدا، مامەڵەیەکی جیاوازتر بکات و خۆی لەو بەرەیە دوربخاتەوە کە کاریگەری لەسەر هێزی حزبەکە لە گۆڕەپانی سیاسی نوێدا دەبێت.

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە دوایین دیداریدا لەگەڵ میدیای حزبەکەی دانی بە هەڵگرتنی هەنگاوی سیاسی نوێدا نا، کە خۆی بە قۆناغی دروستکردنی هاوسەنگی ناوی برد و رایگەیاند، "پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ ئەوپەڕی باشی بردووە".

رۆژی 15ـی کانوونی دووەمی 2025،  لە چوارچێوەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لەندەن، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بریتش پترۆڵیۆم (BP) یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک واژۆکرد

رێبوار تەها پارێزگاری کەرکووک کە لە پشکی یەکێتییە و خۆی بەشێک بووە لە دانوستاکانەکان، ئەو رێککەوتنەی بە دەستکەوتی ئەو ئیدارەیەی پارێزگای کەرکووک وەسفکرد کە حزبەکەی تێدایە زۆرینەیە.

هاوشێوەی گرێبەستەکانی هەرێمی کوردستان ئەو رێککەوتنەش بەشێک لە بەرهەمی سیاسیەتی خۆی دەزانێت و پێی وایە، ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە ستراتیژیانەی حزبەکەیانە لە پەیوەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا و فاکتەرێکیشە بۆ ئارامی کە لە بەشێک لەو ناوچانە هەوڵی تێکدانی دەدرێت.