هەواڵ

وەزارەتی دارایی مووچەی ئەوانە رادەگرێت کە تا هەفتەیەکی دیکە فۆڕمی " هەژماری من" پڕ ناکەنەوە

زانیار بەهادین
2025-05-20

فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەولێر تەنها هەفتەکەیان لە بەردەست ماوە بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی "هەژماری من"، وەزارەتی دارایی دەڵێت، ئەوەی پڕی نەکاتەوە مووچەکەی رادەگرن. 

وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکدا کە ئاڕاستەی یەکە ژمێرکارییەکانی هەولێری کردووە و کۆپیەکی دەست دیجتاڵ میدیای MIC کەوتووە، 27ـی ئایاری وەک دوایین وادە بۆ دابەشكردنی مووچە بەشێوەی نەختینەییی دیاریی کردووە.

لەبارەی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی تا ئێستا فۆڕمی "هەژماری من"یان پڕنەکردوەتەوە ، لە نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابورییدا هاتووە، لە دوای ئەو بەروارەوە ناتوانن مووچە وەربگرن.

بەشێک لە مووچەخۆران و فەرمانبەران هەموو رێکارەکانی "هەژماری من"یان تەواو کردووە، بەڵام کارتی بانکیان وەرنەگرتوتەوە، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، پێویستە تا هەفتەیەکی دیکە کارتەکانیان وەربگرن.

وەزارەتی دارایی و ئابوری، رێکارەکانی بە بەشێک لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بۆ سیستمێکی دیجتاڵی، بۆیە ئەوە دوایین ئاگادارکردنەوە دەبێت.

لە پارێزگای هەولێر نزیکەی 163 هەزار فەرمانبەر خاوەنی هەژماری بانکین و بەشێوەیەکی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن، بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری تەنها 4 هەزار و 500 فەرمانبەر مووچەکانیان نەکراوە بە دیجتاڵی کە لەو ژمارەیە 2 هەزار و 400 فەرمانبەرییان خۆیان لە "هەژماری من" تۆمارنەکردووە و 2 هەزار و 100 فەرمانبەریشیان خۆیان تۆمارکردووە، بەڵام کارتی بانکیان وەرنەگرتووەتەوە . 

نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان تەنها بۆ پارێزگای هەولێرە، بەڵام رێکارەکان وەرگرتنی فۆڕمی "هەژماری من"ـی لە سلێمانی گەرم کردووە، بەشێوەیەک رۆژانە دەیان هاوڵاتی پێکەوە سەردانی بانکەکان دەکەن تا فۆڕمی پڕۆژەکە پڕ بکەنەوە. 

More News

Most Popular

هەواڵ

سامانە سروشتییەکان: گرێبەستەکانمان نوێ نین و چەندین ساڵە واژۆکراون

Mic
2025-05-20

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، وەڵامی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراقی دایەوە و رایدەگەیەنێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە روونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە".

پاش ئەوەی ئەمڕۆ، چەند کاتژمێرێک لەوپێش وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و گرێبەستە نوێیەکانی هەرێمی کوردستانی بە "پوچەڵ و ناشەرعی" وەسفکرد و رەتیکردەوە، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیاندراوێکدا بە مافی خۆی دەزانێت ئەو جۆرە گرێبەستانە واژۆبکات.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، جەخت لەوە دەکاتەوە "ئامانج لە رێککەوتن و گرێبەستەکان پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆییە و دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبایە."

وەەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوەش ئاشکرادەکات کە ئەوەی واژۆکراوە، "ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین، بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە".

دەقی راگەیاندراوەکە:

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا جەخت لە هەموو ماف و دەسەڵاتە دەستوورییەکانی خۆی دەکاتەوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراق کە بە ڕوونی ماف و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستانی دەستنیشانکردووە، لە هەمانکاتدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەو دوو ڕێککەوتننامەیەی وەزارەتەکەمان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای ئەمەریکی HKN و WesternZagros کردوویەتی ، ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکوو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییان دا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی وگرێبەستییەکانی هاتوو لە ڕێکەوتننامەکان و هەردوو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت وگاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین. 
ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و  گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سووتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەموو ناوچەکانی عێراق . 


وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی 
حکومەتی هەرێمی کوردستان 
2025/5/20