هەواڵ

رێککەوتن نەکراوە… حکومەتی عێراق کەی پارەی مووچە رەوانە دەکات؟

Mic
2025-07-16


حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لەسەر نەوت و داهاتی نانەوتی رێککەوتنیان نەکردووە، وتەبێژی حکومەت دەڵێت، لێک تێگەیشنەکە سەرەتاییە و دواتر دەبێت رێککەوتنێکی فراوان.

پرسی نەوت و داهاتی نەوتی خاڵی ناکۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بوو، دوای چەندین جار توانرا بگەنە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا بە روونی دانی پێداناوە لێکتگەیشتنە نەک رێککەوتن و رایگەیاندووە، پێشوازیی لێ دەکەن.

بەپێی لێکتێگەیشتنەکە هەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق دەکات. حکومەتی عێراق لە بەرامبەردا مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، لێکتگەیشتنەکە سەرەتاییە، دواتر هەردوو حکوومەت دەچنە ناو ڕێککەوتنێکی فراوانترەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دیجتاڵ میدیایMic، تا ئەنجامدانی رێککەوتن پارە رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت و دوای رێککەوتنەکە حکومەتی عێراق دەست بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەکات.

تا ئێستا وادەی رێککەوتنەکە بە فەرمی دیاریی نەکراوە، بەڵام هەموو چاوەڕوانییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە بکرێت.

بەپێی رێککەوتنەکە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ  دیجتاڵ میدیای Mic پشتراستکردوەتەوە، نابێت هیچ مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بفەوتێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

بۆ وەستاندنی هێرشە درۆنییەکان داوای کۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمان دەکرێت

Mic
2025-07-17


هێڕشە درۆنییەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان و کردنە ئامانجی کێڵگە نەوتییەکان بەردەوامە، فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق دەکات لەسەر ئەو پرە و جەختدەکاتەوە، هێرشەکان، سەروەریی عێراق، ئاسایش و سەقامگیرییەکەی تێک دەدەن.


لە سەرەتای ئەم مانگەوە 15 هێرشی درونی کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان و بەشێکیان کێڵگە نەوتییەکانیان کردووەتە ئامانج، ئەمڕۆی درۆنێکی تر لە نزیک ناحیەی بەحرکەی سنوری پارێزگای هەولێر کەوتەخوارەوە.

حکومەتی هەرێم راگرتنی هێرشە درۆنییەکان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراق و ئەمڕۆیش، فراکسیۆنی پارتی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە چوارچێوەی فشارە ئابوورییە ناڕەواکاندا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن)ـی بۆمبڕێژکراوەوە، ژمارەیەک هێرشی تیرۆریستی کراونەتە سەر ژمارەیەک دامەرزاوەی گرنگ لە هەرێمی کوردستان، لەنێویشیاندا ژێرخانی ئابووری، پاڵاوگەی نەوت، سەرچاوەی وزە.

فراکسیۆنی پارتی داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی پەرلەمانی عێراق بۆ "تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە مەترسیدارانە و پێداچوونەوە بە ڕێکارەکانی حکوومەت لەمبارەوە" دەکات، ئەمەش بە مەبەستی "بە‌‌هێزکردنی ڕۆڵی دەسەڵاتی یاسادانان لە پاراستنی وڵات و هاووڵاتییاندا".

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، فراکسیۆنی پارتی هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایش و سەقامگیرییەکەی ناو دەبات و دووپاتی کردووەتەوە، هێرشەکان زیانێکی زۆر بە شادەماری ئابووریی عێراق دەگەیەنن.