دوای نزیکەی 11 مانگ لە
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی و یەکێتی هەنگاوێک نزیکدەبنەوە لە پێکهێنانی
کابینەی 10ـى حکومەتی هەرێم، پارتی رازیبووە دەستبەرداری پۆستی
وەزیری ناوخۆ ببێت بۆ یەکێتی.
رۆژی 20ـى 10ـى 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا، دوای
راگەیاندنی ئەنجامەکان جگە لە پارتی و یەکێتی و پارتی سۆسیال دیموکرات و
پێکهاتەکان هەموو لایەنەکانی دیکە رایانگەیاند، کە بەشداری حکومەت ناکەن و دەبن بە
ئۆپۆزسیۆن.
لەسەرەتای ئەمساڵەوە کۆبونەوەکانی
شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی حکومەت
دەستیپێکرد، لە مانگی ئاداردا رەشنوسی کارنامەی حکومەتیان پەسەند کرد، بەڵام هەنگاوی
دووەم کە پەیوەستبوو بە دابەشکردنی پۆستەکانەوە بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە نەبینی.
یەکێتی نیشتمانی
کوردستان بانگەشەیەکی توندی بەڕێکرد و کۆمەڵێک بەڵێنی بە خەڵکی هەرێمی کوردستاندا،
لە ئێستادا ئەو حزبە پێیوایە، بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی، دەبێت کۆمەڵێک پۆست
وەربگرێت و یەکێک لەو پۆستانە وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
ئەمڕۆ، د. مەجید
حەمەئەمین، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە میدیاکانی راگەیاند، لەسەر دوو پۆست ناکۆکیمان لەگەڵ پارتی هەیە،
ئەوانیش سەرۆکایەتی هەرێم و وەزیری ناوخۆیە.
بەپێی زانیارییەکانی
دیجیتاڵ میدیای mic، پارتی
رازیبووە بەوەی پپۆستی وەزیری ناوخۆ بدرێت بە یەکێتی، بەڵام تائێستا یەکێتی سورە
لەسەر داواکارییەکانی.
هاوکات، مەحمود محەمەد،
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم مانگەدا
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پێکدێت.
لەبارەی پێکهێنانی
حکومەت و دابەشکردنی پۆستەکانەوە، وتەبێژی پارتی هیچ زانیارییەی نەخستەڕوو تەنها ئاماژەی
بەوەکرد، بابەتەکانی تر بەپێی کات و بەپێی یاسا یەکلایی دەکرێنەوە، وردەکارییەکەی
لای شاندی پارتی و یەکێتییە.
رێکارەکانی کۆبونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی
پەرلەمان و رێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت زیاتر لە دوو مانگی پێویستە، لە ئەگەری
رێککەوتنی پارتی و یەکێتیدا لەسەر پێکهێنانی حکومەت، ئەوا پرۆسەکە دەکەوێتە دوای
هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە.
لە
سلێمانی کۆد بۆ ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان دەکرێت و لەمەودوا، هەر سەرپێچییەک تۆماربکەن سزای پێ بژاردنیان بۆ دەکرێت.
بەپێی
زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای MIC لیژنەی
باڵای ئەمنی پارێزگای سلێمانی، دەیەوێت لەرێگەی پێدانی کۆد، ئۆتۆمبێلە بێ
سەرەتاکان رێکبخاتەوە.
بەپێی ئامارە
نافەرمییەکان نزیکەی 65 هەزار ئۆتۆمبێلی بێ
سەرەتا لە هەرێمی کوردستان هەیە و ژمارەیەکی زۆری کە بە 30 هەزار ئۆتۆمبێل دەخەمڵێندرێت؛ دەکەوێتە سنووری
پارێزگای سلێمانی-یەوە.
Mic زانیویەتی لیژنەی باڵای
ئەمنی پارێزگای سلێمانی بڕیاریداوە، سەرجەم ئۆتۆمبێلە سەرەتاکانی سنووری پارێزگاکە
کۆدیان بۆ بکرێت.
دوای دروستکردنی کۆد بۆ ئۆتۆمبێلە بێ
سەرەتاکان هەموو رێنمایی و رێکارەکانی هاتوچۆیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و لەئەگەری
تۆمارکردنی سەرپێچی وەک هەر ئۆتۆمبێلێکی تابلۆدار سزا دەدرێن.
بەپێی بەدواداچونەکانی MIC هەر خاوەن ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا تەنها یەک
کۆدی پێ دەکرێت، واتە ئەگەر زیاتر لە ئۆتۆمبێلێک-یشی هەبێت هەر یەک کۆدی پێ دەدرێت.
لە
دووی کانوونی یەکەمی 2024، لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی چەند بڕیارێكی لەبارەی قەدەغەكردنی
ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاكان دەرکرد، بەپێی ناوەرۆكی بڕیارەكان نابێت ئۆتۆمبێلی دیکەی
بێ سەرەتا بهێنرێتە سلێمانی.