گەنجانی عێراق فریو دەدرێن؛
بەناوی دەسخستنی هەلیکار دەبرێنە روسیا و لەوێشەوە بۆ بەرەکانی جەنگ لەگەڵ
ئۆکرانیا.
میدیا عەرەبییەکان ئاشکرای دەکەن گروپە گەشتیارییەکان؛ بوونەتە
ئامرازێکی کاریگەر لە رەوانەکردنی گەنجانی عێراق بۆ جەنگی روسیا و ئۆکرانیا.
هەرچەندە عێراق بێ لایەنی خۆی لە جەنگەکە دەربڕیوە، بەڵام
هاوشێوەی چەندین وڵاتی دیکەی ئاسیا و ئەفریقا، عێراق-یش بووەتە دابینکەری سەرچاوەی
مرۆیی و چەکدار بۆ سوپای روسیا.
پڕۆسەکە لە دابینکردنی ڤیزای گەشتیارییەوە دەستپێدەکات؛ هەتا دەگاتە
گرێبەستی سەربازی لە سوپای روسیا.
ئەسکەندەر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی
عێراق بە کەناڵی ئەلحوررەی راگەیاندووە، خراپی دۆخی دارایی و بێکاری پاڵنەری
سەرەکی کۆچی گەنجانە بۆ روسیا.
وەتوت دەشڵێت، پێدانی مووچەیەکی 500 بۆ سێ هەزار دۆلاری
دەرفەتێکی سەرنجڕاکێشە بۆ گەنجان، بەتایبەت لە وڵاتێکدا کە ڕێژەی بێکاری لەنێو ئەم
توێژەدا دەگاتە 35%.
شارەزایەکی ئابوریی عێراق-یش بەناوی جەعفەر زیارە، هۆکاری ئەم
دیاردە ترسناکە بۆ لاوازیی سیاسی و ئابووریی عێراق دەگەڕێنێتەوە.
نوسینگە گەشتیارییەکان بەناوی هەلیکار لە نموونەی چێشتلێنەری و
شۆفێریی، گەنجان دەنێرنە روسیا، بەڵام لە راستیدا دەبرێنە بەرەی جەنگ و هێڵەکانی
پێشەوەی شەڕ.
لە راپۆرتەکەی ئەلحوررەدا گەنجێکی عێراقی قسەی بۆ کەناڵەکە
کردووە و دەڵێت، کاتێک گەنجان دەچنە روسیا مەشقی سەربازی چڕ و فێربوونی زمان
وەردەگرن، پاشان ڕۆڵی شەڕکەری مەترسیداریان پێ دەسپێردرێت.
بەگوێرەی خەمڵاندنەکان لە ئێستادا هەزاران گەنجی عێراقی لە
ریزەکانی سوپای روسیا خەزمەت بە مۆسکۆ دەکەن و لەوەتەی شەڕیشە نزیکەی 200 گەنجی
عێراقی کوژراون.
تێوەگلانی
عێراقییەکان لە شەڕی ئۆکرانیا کاریگەریی سیاسی و ئەمنیی هەستیاری هەیە، رەنگە لە
داهاتوودا کاریگەرییەکانی زیاتر دەربکەون.
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی
داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کۆتایی هات و چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ وەڵامی ئەنجومەنی
وەزیرانی عێراق بداتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا شاندێکی
هەرێمی کوردستان بەشداربوون، کۆبوونەوەکە بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ چارەسەری گرفتی
مووچەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت.
ئەنجوومەنەکە ئەمڕۆ چوارەم کۆبوونەوەی لەسەر پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا و، تێیدا تاوتوێی پرسی داهاتی نانەوتیی
هەرێم، کە یەکێکە لە خاڵە ناکۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان؛ پێشبینیدەکرێت
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەنجامی کۆبوونەوەکە بە راپۆرتێک بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی
عێراق بەرزبکاتەوە.
رای ئەنجوومەنەکە لە بارەی کێشەی هەولێر و
بەغدا لەسەر داهاتی ناوخۆ بە یەکلاکەرەوە ناو دەبرێت و بۆ چارەسەری پرسی داهاتیی
ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەولێر و بەغدا.
لە کاتێکدا ژمارەیەک لە چاودێران پێیان وایە، ئەو ئەرکەی
بە ئەنجوومەنی دەوڵەت سپێردراوە؛ کاری ئەو نییە و ناتوانێت چارەسەر بۆ کێشەکە
بدۆزێتەوە، بەڵکو دەبێت کێشەی داهاتی ناوخۆی هەرێم، دادگای باڵای فیدراڵی بڕیاری
لەبارەوە بدات.