پەروەردەی سێکسی

پێویست ناكات باسكردنی سێكس له‌نێو خێزانه‌كاندا وه‌ك قەدەغەکراو سه‌یربكرێت

Mic
2021-06-19

دایک و باوک ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینن لە پەروەردەکردنی هەرزەکار و ڕێنمونی کردنیان دەربارەی تەندروستی سێکسی و جەستەییان, بۆیە پەیوەندییەکی هاوڕێیانە لەنێوان هەرزەکار و دایبابدا دەبێتە هۆی پێگەیاندنی گەنجان لەسەر ڕێچکەیەکی دروست.

لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە پەیوەندییەکی کراوە و گفتوگۆئامێزی خێزان و هه‌رزه‌كاران لەسەر سێکس دەبێتە هۆی پێگه‌یاندنێكی ته‌ندروستتری گه‌نجان چونکە باسکردنی ئەم بابەتە هەستیارە بۆ هەرزەکاران پێویستە تا شەرمیان بشکێت و زیاتر لەبارەی  سێکسەوە بزانن.

ئێمەش لێره‌دا دەمانەوێت زیاتر دەربارەی پەیوەندی نێوان دایک و باوک و هەرزەکار لەسەر بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌سێکسه‌وه ڕوونبكه‌ینه‌وه‌‌، بەتایبەتی چۆنیەتی دەست پێکردنی ئەم گفتوگۆیانە، چ ڕێگەیەک کاریگەرە و باسی چی بکرێت، ئایا دایک و باوک ئامادەن بۆ گفتوگۆیەکی لەم جۆرە یان نا؟

دیبۆرا ڕۆفمن، پەروەردەکارێکی سێکسی و پسپۆڕ لەپەیوەندییەکانی نێوان دایباب و منداڵاندا، هەندێک ڕوونکردنەوە لەسەر گفتوگۆ خێزانییه‌كان دەربارەی سێكس‌ ده‌خاته‌ ڕوو:

یه‌كه‌م: خۆپاراستن له‌ هه‌ستكردن به‌ شه‌رمه‌زاری
زۆربەی گەنجەکان شتانێکی زۆر سادە و سەرەتاییان لەلایەن دایک و باوکیانەوە پێ وتراوە و زۆربەی زانیارییە سێکسییەکانیان لە ئینتەرنێتەوە وەرگرتووە، ئه‌مه‌ش بۆ وه‌رگرتنی زانیاریی سێكسی به‌س نییه‌ و ته‌نانه‌ت ده‌گونجێت به‌لاڕێدابه‌ریش بن و كه‌لێن بۆ هه‌رزه‌كاران دروستبکەن.

لەنێو زۆرینه‌ی خێزانەکان، کە تەنانەت خاوەنی پەیوەندییەکی باشیشن لە نێو خۆیاندا، گفتوگۆكردن له‌باره‌ی بابه‌ته‌ سێكسییه‌كانه‌وه‌ بە هەستیار دادەنرێت و هەرواش مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئەم دۆخە وادەکات کە پەروەردەی سێکسی لە ماڵەوە و له‌نێو خێزانه‌كاندا دەگمەن بێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ بە بابه‌تێكی هه‌ستیار و قەدەغەکراو (تابوو) دادەنرێت لەکاتێکدا لەوانەیە لە ژینگەی دەرەوەدا باسکردنی ئەم بابه‌ته‌ ئاسانتر بێت.

ڕەنگە لەدەرەوەی خێزان ژینگەیەکی تر دروست بێت بۆ گەنج کە تێیدا زانیاری هەڵە و نادروست وەربگرێت سەبارەت بە سێکس، ئەمەش دووری دەخاتەوە لەو کەشەی کە ونە لە ماڵەوە و لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پێکەوە لەسەر یەك مێز و سفرە لەگەڵی کۆدەبنەوە.

دووه‌م: باسكردنی سێكس بابەتێکی دووبارە نییە

بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ سێكسه‌وه‌ جار جار له‌نێو خێزانه‌كان به‌ ناڕاسته‌وخۆیی باسده‌كرێت، بەڵام تارادەیەك کەمە، ئەمەش هەستێکی نامۆ لای هه‌رزه‌كارران دروستده‌كات و ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین پرسیارییان ده‌كاته‌وه‌.

سێیه‌م: ڕاستگۆیی دایک و باوک
پەروەردەی سێکسی لە ماڵەوە نابێت تەنها دەربارەی ڕاستییەکان و ڕۆتیناتی ژیان بێت به‌ڵكو دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا سەرنج بخرێتە سەر فێربوونی زانیاری بەسوود.

لەوەش گرنگتر، فێربوونی چۆنییەتی گفتوگۆکردن دەربارەی بابەتە هەستیارەکان و بیرکردنەوە لێیانە کە یارمەتیدەر دەبن بۆ بڕیاردانی تەندروست و ڕاست بۆ خۆیان و دەوروبەریشیان.

چواره‌م: زۆر نا، زۆر زووش نا

دایک و باوک زۆر جار پێیانوایە پاراستنی منداڵەکانیان بریتییە لە دواخستنی گفتوگۆ هه‌ستیاره‌كانی وه‌ك بابه‌تی سێكسی, ئه‌ویش بەهۆی نەگونجاوی تەمەنییانەوە.

لە ڕاستییدا ئەمە پێچەوانەیە و دەکرێت ئەو منداڵانە توشی کێشە ببن و لەسەرچاوەی تر بگەڕێن دەربارەی بابەتەکە چونکە پرسیاریان زۆر بۆ دروست دەبێت و بە شێوەیەکی گشتی هەندێکیان فزوڵن دەربارەی ئەو شتانەی زانیاریان نییە لەسەری.

پێنجه‌م: شکاندنی قەدەغەکراوەکان
ئەو دوودڵییه‌ی بۆ قسەکردن لەسەر بابه‌ته‌ سێکسییه‌كان له‌نێو خێزانه‌كاندا هه‌یه‌ زۆرجار سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌و باوه‌ڕه‌ ئاینییه‌وه‌ هاتوو‌ه‌ كه‌ ده‌ڵێت “حه‌رامه‌”.

نابێت بیرمان بچێت‌ منداڵان و هەرزەکاران له‌ خێزانەکانیانەوە‌ پێویستییان به‌ پێنج شتی سه‌ره‌كییه‌ کە بریتیین لە: جەختکردنەوە و خۆشەویستی بێ مەرج بەو جۆرەی کە هەن و خۆیانن، زانیاری زیاتر و وردتر، چاوەڕوانی ڕوون لە دەوری بەهاکان، ڕێزگرتن لە سنوری خۆت و چواردەورت و ڕێنیشاندانییان لە بەڕێوەبردنی سەربەخۆیی گەشەسەندنییان.

باسكردنی وردی بابه‌ته‌ سێكسییه‌كان و به‌رچاوڕوونی پێدانیش له‌باره‌یانه‌وه‌ هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌ و به‌شێكی گرنگه‌‌ له‌و خاڵه‌ سه‌ره‌كییانه‌ی كه‌ باسكراون.

لە کۆتاییشدا باسكردنی بابه‌ته‌ سێكسییه‌كان ده‌رئه‌نجامێكی ئه‌رێنی بۆ دایباب و بەخێوکەران ده‌بێت و واده‌كات زیاتر هەست بە ئاسوودەیی بکەن سەبارەت بە قسەکردن لەسەر سێکس.

وەک بەخێوکەر پێویستە دایكان و باوكان ڕۆڵی خۆیان له‌ په‌روه‌رده‌كردنی گه‌نجاندا به‌ سه‌ركه‌وتوویی بگێڕن و پشتگیری ژیانێکی خۆش، تەندروست، ئەخلاقی، سەلامەت، چێژبەخش و تێرکردنی ژیانی سێکسی منداڵه‌كانیان بکەن.      

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.