پەروەردەی سێکسی

فەرامۆشکردنی هەست و سۆز لە پەروەردەی سێکسی راگەیاندنەکاندا

Mic
2021-06-19

هۆشیاری دەربارەی سێکس بۆ هەموو تاکەکان گرنگییەکی زۆری هەیە، هەر لە منداڵییەوە تا دەگاتە قۆناغی هەرزەکاری و پاش هەرزەکاری، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تاکە سەرچاوەی زانیاری بووه‌ بۆ زۆربەی ئەو کەسانەی کە پەروەردەیەکی سێکسی گشتگیریان وەرنەگرتووە.

 

هۆشیاری و پەروەردەی سێکسی یارمەتیدەرە بۆئەوەی مرۆڤەکان به‌ پرۆسه‌‌یه‌كی سێكسی ته‌ندروستدا تێبپەڕن له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانیاندا، بەڵام ڕاگه‌یاندنه‌كان بوونەتە سەکۆیەك بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە لەسەر پەروەردەی سێکسی.

 

ئەگەر سەرنجی ئەو بابەتانە بدەین کە لە کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان قسەیان لەسەر دەکرێت و لە ماڵپەڕ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە، به‌گشتی  باس لە نەهێشتنی سکپڕی و نەخۆشییە گواستراوە سێکسییەکان دەکەن و به ‌ده‌گمه‌ن باس لە هەست و سۆز و ئارەزووەکان دەکەن.

هەرچەندە زانیاری لەبارەی ئەوانیشەوە گرنگە، بەڵام بابەتی هەست و ئارەزووەکانیش بە هەمان شێوە گرنگن و زۆرجار ڕاگەیاندنەکان خۆیانی لێ دەبوێرن‌.

یەکێک لەو بابەتانە چێژوەرگرتنە. زۆرکات وێنای سێکس و چێژ لە میدیای پۆڕندا لەگەڵ حەقیقەتی سێکس ناگونجێت و یەکناگرێتەوە. راگەیاندنەکان سەرنج ناخەنەسەر  چێژی تایبەتی چونکە لە کەسێكەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە و  بۆ هەمووان بەیەك جۆر نییە، بەڵام چۆن دەتوانین لە بارەی هەست و ئارەزووەکانمانەوە بزانین کاتێک دامەزراوە میدیاییەکان تەنها دیوێکمان پیشاندەدەن و دیوەکانی تر ون دەکەن؟

 

بۆ ده‌ستكه‌وتنی وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارە پێویستە بزانین ئەو شێوازه‌ی میدیا و به‌رنامه‌ پۆڕنۆگرافییه‌كان بەکاریدەهێنن بۆ پیشاندان و خستنەڕووی سێکس و بابەتە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بەم بابەتە، کاردەکاتە سەر بیرکردنەوە و سایکۆلۆژیای خەڵک، به‌جۆرێك گەورەکردن و نادروست پیشاندانی وێنە سێکسییه‌كان دیاریدەکەن و وا لە خەڵک دەکەن بەو جۆرە بیر لە سێکس بکەنەوە.

 

بۆ نموونە ئەگەر باس لە پۆڕن بکەین، پسپۆڕان پێیانوایە پۆرن ده‌بێته‌ هۆی دروستكردنی وه‌هم له‌ژیانی ڕاستیدا، هەرچەندە لایەنگرانی باس لەوە دەکەن دەکرێت پۆڕن ڕێگایەک بێت بۆ گەڕان بەدوای  پاڵنه‌ره‌ وروژێنەرە سێکسیەکان.

 

جگەلەوە، بەرنامە پۆرنۆگرافییەکان ناتوانن زانیاری ببەخشن بە بینەر سەبارەت بە چێژ، بەڵکو دەگونجێت بەلاڕێشیاندا ببەن چونکە ئەگەر باس لە چێژ بکەین، ئەو شتانه‌ی کە كه‌سێكی دیاریكراو چێژی لێوه‌رده‌گرێت ڕەنگە بۆ کەسێکی تر نەبێتە مایەی چێژ لێوەرگرتن بەو پێیەی هه‌ركه‌سێك خولیای دیاریكراوی خۆی هه‌یه‌، ئەمەش بینەری ئەو بابەتانە دەخاتە گومانەوە لەسەر ئارەزووەکانی.

 

کەواتە بۆچی گرنگە میدیاکان گرنگی بەم بابەتانە بدەن؟ وەڵامەکەی ئاسانە، کاتێک کەسێك زانیاری تەواوی دەبێت  سەبارەت بە سێکس و چێژ و چ ڕێگایەک هەستێکی خۆشی پێدەدات، ئەوکات دەتوانێت لەم ڕێگەیەوە هەڵسوکەوتەکانی دیاری بکات و هەوڵ دەدات بەشێوازێکی دروست مامەڵە بکات کاتێك هاوەڵێکی بۆ پەیدا دەبێت یان هاوسەرگیری دەکات.

 

بەتایبەت ئەگەر رۆژنامەنوسان ڕاستگۆیانە لەڕێگای میوانداری پسپۆڕانەوە لە بارەی سێکس و هەست و ئارەزووەکانەوە له‌گه‌ڵ گه‌نجاندا بدوێن و پەروەردەی هەرزەکاران بکەن، بە شێوەیەکی ڕاست و دروست وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە و بابەتە پەروەردەییە سێکسییەکان لە ڕێگەی بەرنامەکانیانەوە بڵاو بکرێنەوە، ئەوان ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی شەرم  و ڕێگەیەکی باش دەبێت بۆ زانیاری بەخشین و وەڵامدانەوەی پرسیاری تازە پێگەیشتوان.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.