Project

کورد کەی دەبنە بار بەسەر یەکترەوە؟

Mic
2021-06-21

سیاسەتمەداری بەناوبانگی ئەمریکا هێنری کیسنجەر وتوویەتی: کورد مەحکومی جوگرافیان بۆیە زۆر درەنگ دەگەن بە ئامانجەکانیان!

رەنگبێ ئەم پێناسەیە پوختترین و واقیعیترین پێناسەبێ بۆ بێئاکامی شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی کورد. چونکە هیچ شۆڕش
و راپەڕێنێکی کورد نییە بەهۆی کاریگەرییەکانی جوگرافیاکەیانەوە شکستی نەهێنابێ یان لاواز نەبووبێ.

لانیکەم سەد ساڵی رێکە، هەر کاتێک بزووتنەوەیەکی سیاسی یان چەکداریی کورد سەری هەڵدابێ لە پارچەیەکی، ئەوا سەرانی ئەو بزووتنەوەیە بەناچاری پەنایان بۆ پارچەیەکی تری کوردستان بردووە، بەڵام هەرزوو ناچارکراون ئەو پارچەیە جێبهێڵن ئەگەرنا توشی شەڕ و خوێنڕشتنی کورد بە کورد هاتوون...بۆ نموونە:

سمایلخانی شکاک ـ سمکۆ ـ کاتێک لە ناوچەی ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دژی دەسەڵاتدارانی ئێران راپەڕی و بەشێکی زۆری کوردستانی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆی، بەڵام کەوتە ژێر پاڵەپەستۆیەکی زۆری حکومەتی ئێرانەوە، ئەوەبوو ساڵی1922 خۆی و بەشێک لە لەشکرەکەی هاتنە باشووری کوردستان. ماوەیەک لە هەولێر و دەوروبەری مانەوەو ویستی ئینگلیز یاریدەی بدەن. بەڵام ئینگلیزەکان کە ئەو کات هاکمی عێراق بوون نەک یاریدەیان نەدا، بەڵکو فشاریان خستە سەر کوردی هەولێر تا چیتر جێی نەکەنەوە.

سمکۆی شکاک بەناچار ڕووی لە شاری سلێمانی کرد کە ئەوکات سلێمانی پایتەختی قەڵەمڕەوی شێخ مەحموودی حەفید بوو. سمکۆ لەلایەن شێخ مەحموودەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، بەڵام ئینگلیز زۆری بۆ دەسەڵاتەکەی شێخ هێنا بۆیە سمکۆ ناچار گەڕایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

"ئیسماعیل محەمەد عەلی خان ناسراو بە سمکۆی شکاک.. ساڵی ١٨٨٧ لە گوندێکی سەر بە شارۆچکەی سەڵماس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. ساڵی ١٩٠٧ لە تەمەنی بیست ساڵاندا، لە ورمێ سەرکردایەتیی راپەرێنێکی کرد دژی شای قاجار و توانی بەشێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی کوردستان بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی.
ساڵی ١٩٣٠ لە پیلانێکی ئێرانییەکاندا لە شاری شنۆ غافڵکوژ کرا."

هەوڵی دەرکردنی بارزانییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان

کاتێ شای ئێران ساڵی 1978 لە دەسەڵات و وڵات دەپەڕێنرا (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە) بوونە حاکمڕانی بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو دوو حزبە هەوڵی زۆریاندا کە سەرانی پارتی و بنەماڵەی بارزانی کە بەهۆی شکستی شۆڕشی ئەیلول لە کەرەج و رۆژهەڵاتی کوردستان گیرسابوونەوە، دەر بکرێن. ئەو کاتە بە پارتی دەوترا "قیادە مۆقەتە" تەنانەت یەکێک لە خاڵەکانی مفاوەزاتی نێوان حکومەتی ئێران و کوردی رۆژهەڵات، دەرکردنی سەرۆک و سەرانی قیادە مۆقەتە بوو بۆباشووری کوردستان.

لەم ناکۆکییانەی نێوان کوردی رۆژهەڵات و قیادە مۆقەتەدا، سەدان پێشمەرگە و چەکداری کورد لە هەردوولا کوژران.

دوای شکستی شۆڕشی ئەیلول لە بەهاری ١٩٧٥، سەرکردە و چەکدارانی ئەو شۆڕشە بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی لە (کەرەج)ی نزیک شاری تاران نیشتەجێکران. دوو ساڵ دواتر سەرکردایەتی پارتی خۆی رێکخستەوەو دەستیکردەوە بە خەبات. ئەم قۆناغەی سەرکردایەتیکردن ناونرابوو "قیادە مۆقەتە .. سەرکردایەتی کاتیی"
بنکە و بارەگای قیادە مۆقەتە زیاتر لە ناوچەی شنۆ و نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان بوو.

راوە پێشمەرگە لە هەکاری

 ساڵی 1978 لە کارەساتی (هەکاری)دا کە سەدان پێشمەرگەی ی.ن.ک چووبوونە باکووری کوردستان تا لەوێوە بچنە سوریا بۆ هێنانی چەک بۆ شۆڕشە تازە هەڵگیرساوەکەی باشووری کوردستان، ئەو کوردانەی چەکداری دەوڵەتی تورکیابوون لەگەڵ چەکدارە خێڵەکییەکانی ناوچەی هەکاری، بە توندی روبەڕووی پێشمەرگەکانی یەکێتی بوونەوەو بە دەیانیان لێکوشتن یان تەسلیمی میت و سوپای تورکیا قیادە مۆقەتەیان کردن. لەم رووداوەدا زیانێکی یەکجار گەورەی گیانیی و سەربازیی و سیاسی لە یەکێتی کەوت.

دوای دەستپێکردنەوەی شۆڕشی نوێ لە باشووری کوردستان، سەرکردایەتی ی.ن.ک هێزێکی ٥٠٠ کەسیی نارد تا لە باکووری کوردستانەوە بچنە سوریا بۆ هێنانی چەک. ئەو هێزە رەوانەکراوە لە ناوچەی هەکاری توشێ لێکدابڕان و سەرلێشوان هاتن و بەشی هەرەزۆری ئەو چەکدارانە بە شێوەی جۆراوجۆر کوژران یان تەسلیم بوونەوە بە حکومەتی عێراق. لە ئەدەبیاتی یەکێتی و شۆڕشی نوێدا ئەو رووداوە ناونراوە " کارەساتی هەکاری"


"پەکەکە بچێتە دەرەوە"

ساڵی 1991 کاتێ کوردستان پاککرایەوە لە بەعس و بەرەی کوردستانیی حوکمی گرتەدەست، بەبڕیارێکی پەرلەمانی کوردستان ساڵی 1992داوای دەرکردنی چەکدارانی پەکەکە کرا. دوای ئەوەی پەکەکە رەتیکردەوە قەندیل جێ بهێڵێ پارتی و یەکێتی پێکەوە هێرشیان کردە سەر پەکەکە و لەو شەڕانەدا سەدان پێشمەرگە و گەریلا کوژران!
ئێستا و لە ساڵی2021 سی ساڵ دوای یەکەم هێرش بۆ سەر پەکەکە، دیسان نیشانەکانی ئاگرێکی تری کوردکوشتن بەدەستی کورد دەرکەوتووەتەوەو پارتی هەوڵ دەدات پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە زەبری هێز بکاتە دەرەوە. کە بەبۆچوونی شارەزایانی سەربازیی و سیاسی ئەم هەوڵە، ئاستەنگی زۆری بۆ دێتە پێش چونکە پەکەکە بە ئاسانی مل بەم ویست و داوایە نادات و ئامادەی بەرگرییەکی توندە.
ساڵی ١٩٩١ بە رێکەوتنی پارتی و یەکێتی و پەکەکە، بەشێکی زۆری چەکدارانی پەکەکە لە قەندیل نیشتەجێکران.
ئەنجام

لێرەدا دەردەکەوێ هەرچەندە کێشە و پرسی کورد یەک کێشە و یەک چارەسەری هەبێ، بەڵام پارچەکانی تر ناتوانن هاوکاری یەکتر بکەن و داڵدەی شۆڕشگێڕەکانی یەکتر بدەن. بۆ ئەمەش دوو هۆکاری گەورە رۆڵیان هەیە
یەکەم:
هەرگیز دەوڵەتە سەردەستەکانی کوردستان رازی نابن بزووتنەوەی سیاسی و چەکداریی کورد لە هیچ پارچەیەک گەشە بکات و گەورە ببێ.
دووەم هۆکار پەیوەندی هەیە بە خودی سەران و دەسەڵاتدارانی کورد خۆیەوە هەیە کە ئەویش نفوز و دەسەڵاتی یەکتر قبوڵ ناکەن و ئامادەن لە پێناوی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی یەکتر پەنا بۆ چەک و کوردکوشتن ببەن. لەم پێناوەشدا زۆرجار پەنا بۆ هاوکاری دوژمنەکانی کوردیش براوە!

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.