Project

تەمووز، ئینقیلابی خوێناوی، ململانێ و پێکدادانەكان

Mic
2021-07-01

 عێراقییەکان لە چلەکاندا تامەزرۆی کودەتا بوون، لە پەنجاکاندا کودەتایان کرد، لە شەستەکاندا ئازارەکەیان چەشت.. لە حەفتا و هەشتاکاندا باجەکەیان دا!

پێت سەیر نەبێ ئەگەر ئەم زانیارییە دەبیستی کە یەکەم کودەتای خوێناوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا، لە وڵاتی عێراقدا کرا لە ساڵی 1936.

تا پێش ئەم کودەتا خوێناوییە، مێژووی ئەم ناوچەیە شتێکی تێدا نییە بەناوی کودەتا و هەڵگەڕانەوەی سوپا لە دەسەڵاتی مەدەنی.

ئەمساڵ تەمەنی عێراقی نوێ دەبێتە ١٠٠ ساڵی رێک، واتە ساڵی ١٩٢١ دامەزراوە، بەڵام هەگبەی ئەم مێژووە نوێیە، پڕیەتی لە کودەتا و هەوڵی کودەتای سەربازیی کە لە هەموویاندا بە سەدان و هەزاران کەس کوژران و بێسەروشێن کران. هیچ کام لەو کودەتایانە بە ئەندازەی کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم لە ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ کاریگەر و یەکلاییکەرەوە نەبوون.

کەواتە مێژووی عێراق بۆ پڕیەتی لە کودەتای خوێناوی بۆچی کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسم کاریگەرترین کودەتا بوو لەمیژووی وڵاتەکەدا؟

" عەبدولکەریم قاسم زوبەیدی ١٢ی نۆڤەمبەری ١٩١٤ لە گەڕەکێکی میللی شاری بەغدا لە دایکێکی شیعە و باوکێکی سوننی لە دایکبووە. ساڵی ١٩٣٢ پەیوەندی بە سوپای عێراقەوە کردووەو پلە سەربازییەکانی تا ئامر لیوا رۆشتووە. ساڵی ١٩٥٨ لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی هاوڕێی پلانی ئینقلابێکی عەسکەرییان داڕشت و رۆژی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ پلانەکەیان سەرکەوتووبوو"

بەرەبەیانی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ گەلانی عێراق لەڕێی رادیۆوە گوێیان لە قسەی نوێ و هەواڵی نوێ بوو ناوهێنانی عێراق بەم نازناوە، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا تەواوی وڵاتی وروژاند. ئیتر بۆ هەمیشە نازناوی شا و ناوی پاشا نەما و لەو رۆژەوە بە شێوەیەکی خوێناویی، کۆتایی بە بنەماڵەی پاشایەتیی و دەسەڵاتەکەیان هات.

کودەتاکەی ١٤ی تەمووز تەنیا رووداوێک نییە لە سەردەم و قۆناغێکی دیاریکراودا وەستابێ، بەڵکو تا بەئێستایش دەگات، ئەو رووداوە بەردەوامە و هەرگیز نەیهێشت عێراق بکەوێتە ناو ئارامییەکی دڵخۆشکەرەوە.

پێش ١٤ی تەمووز، زیاد لە شەش کودەتا یان هەوڵی کودەتا دراوە، بەڵام هیچیان وەکو ئەم نەیتوانی مێژوو بگۆڕێ. 

" یەکەم کودەتای سەربازی لە عێراق ساڵی ١٩٣٦ ئەنجامدرا بە سەرکردایەتی لیوا بەکر سدقی کە ئەفسەرێکی پلەباڵای ناو سوپای پاشایەتیی بوو، ئینقلابەکە مەترسی دروستکرد لەسەر دەسەڵاتی پاشایەتیی، بەڵام هەرزوو سەرکوتکرا و بەکر سدقی و هاوکارەکانی کوژران، "

دەسەڵاتی سیاسی عێراق کە لەسەر سیستم و شێوازی پاشایەتیی دامەزرا، هەر لە سەرەتاوە تا کۆتایی نەیاری زۆری بۆ دروست بوو چونکە عێراق و دەسەڵاتەکەی، زیاتر لە رۆبۆتێکی دەستی ئینگلیز دەچوو تا ئەوەی وڵاتێکی خاوەن سەروەریی و سەربەخۆبێ.

ئەم دەستبەسراوییەی دەوڵەتی عێراق وایکردبوو، هەمیشە ناڕەزایی جەماوەریی لە دژی دەسەڵات و حکومەتەکەی بوروژێنرێ. ئینگلیز لە ساڵانی  1922 و 1926و 1930 و 1948 چوارجار عێراقی ناچارکرد بە ئیمزاکردن و بەشداریکردن لە رێکەوتننامەی جۆراوجۆردا.

زۆر کەم لەو رێکەوتنانە لە قازانجی عێراق و عێراقییەکاندابوون، ئەمەش وایکردبوو خەڵک هەمیشە دژی دەسەڵاتی پاشایەتیی بووەستنەوەو هەرگیز ئەو پێشکەوتن و دەستکەوتانە نەبینن کە لە سایەی ئەو دەسەڵاتەدا بنیات دەنران.

دەوڵەت و سوپای عێراق کە لەسەر بنەمای ئینتمایان بۆ عروبە و سوننە دامەزرابوون، هەمیشە ئەفسەرانی سوننەی ناو سوپا هەوڵیان دەدا کودەتا بەسەر دەسەڵاتە مەدەنییەکەی پاشایەتیدا بکەن. پاساوەکانیشیان ئەوەبوو عێراق خاوەنی هیچ سەرەوەرییەک نییە و ژێرچەپۆکەی ئینگلیزە، بۆیە پێویستە شکۆ بۆ ئەم وڵاتە عەرەبییە سوننە بگێڕنەوە!

لەم پاساوەیاندا تاڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووبوون و خەڵک باوەڕی پێدەکردن. لە کودەتاکەی عەبدولکەریم قاسمدا خەڵک زۆر بە شادمانیی و ئاسوودەییەوە پێشوازییان لە دەسەڵاتی سەرکەوتووی کودەتا کرد. 

تا دوو ساڵ و بگرە زیاتریش، قاسم و دەسەڵاتەکەی کە پێی دەوترا " زەعیمی ئەوحەد – سەکردەی تاقانە" ببووە وێردی سەرزاری خەڵک.

بەڵام ساڵانی دواتر دەریخست، ئەو کودەتایە دەرگای دۆزەخی لە عێراق کردەوەو هەرگیز نەبوویەوە بەو وڵاتەی خەونی پێوە دەبینرا.

دوای ئەو کودەتایە، ئیتر دەسەڵاتی یەکەم کەوتە دەست پیاوانی سەربازیی، وردە وردە دامەزراوە مەدەنییەکانی وەکو دادگا و دامەزراوەکانی حکومەت بوون بە بارمتەی دەستی دەسەڵاتدارە سەربازییەکان.

کارەساتی گەورەتر ئەو کاتە روویدا کە (عەبدولسەلام عارف)ی هاوڕێ و هاوکودەتاچی قاسم، بە یارمەتیی بەعسییەکان، لە مانگی شوباتی ١٩٦٣ بە کودەتایەکی خوێناویی، کۆتایی بە دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم هێنا و خۆی چووە جێگاکەی. بەعسییەکان  و عەبدولسەلام زۆر دڕندانە کەوتنە وێزەی کورد و هەموو شیوعی و دیموکراسیخوازان.

" مانگی شوباتی ١٩٦٣ لە کودەتایەکی خوێناویدا، عەبدولکەریم قاسم لە دەسەڵات لادرا و لەلایەن کودەتاچییەکانەوە  گوللەباران کرا. دوای سەرکەوتنی ئینقلابی بەعسییەکان و عەبدولسەلام عارف، لەناوخۆیاندا ناکۆکی قوڵیان بۆ دروست بوو، بۆیە عەبدولسەلام عارف توانی بەعسییەکان لە دەسەڵات دوور بخاتەوەو خۆی ببێتە سەرۆک و دەسەلاتداری یەکەم"

ئەوجا هەموو ئەو دەسەڵاتە لابەلا و نادەستووریانەی لە سەردەمی قاسم دروستکرابوون، لە سەردەمی بەعسییەکان و عەبدولسەلامدا بوونە هێزی کاریگەر و باڵا لەناو دەوڵەتی عێراقدا لەوانە گاردی کۆماریی کە هێزێکی دڵڕەقی دەستوەشێن بوون و جێگەی پۆلیس و دادگایان گرتبووەوە.

بەعسییەکانیش لە ١٣ی تەمووزی ١٩٦٨ بە کودەتایەکی تر، بوونە حوکمڕانی ڕەهای عێراق. ئیتر لێرەوە دەسەڵاتی توندوتیژ و سەرکوتکار بوویە دەسەڵاتی بێچەندوچوونی عێراق. 

واتا قاسم دەسەڵاتی مەدەنیی لاواز کرد، بەعسییەکان و عەبدولسەلام دەسەڵاتی زیادەیان لکاند بە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە. بەعس هەموو ئەوانەی بردە ئاستێکی خراپتر و توندترەوە،  بۆیە لە ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ەوە تائێستاشی لەگەڵدابێ، هەرگیز عێراق نەیتوانی ئەو نەزیفی خوێنە بوەستێنێتەوە کە دەسەڵات و دەسەڵاتداران دەیڕێژن.

کودەتای ١٤ی تەمووز دەرگای دۆزەخی خستە سەرپشت، کودەتاکانی تر عێراقیان بردە ناوەڕاستەکەی و وا ئێستایش دوای نزیکەی شەست ساڵ، ئاگری ئەو دۆزەخە هەر نێڵەی دێت و بەردەوام عێراقییەکان دەسووتێنێ!

More News

Most Popular

هەواڵ

هێزيکی ئاسایش وێنەگری دیجیتاڵ میدیایی 'مایک'یان دەستبەسەرکرد

Mic
2024-03-25

سلێمانی ـ MIC

لەکاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزێکی ئاسایشی سلێمانی، گریڤان فەرمان یان بۆ ماوەیەک دەستبەسەرکرد و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆننامەوانیەکدا گرت.

گریڤان فەرمان بە دیجیتاڵمیدیای MIC وت”هێزەکەی ئاسایش سەرجەم ئەو وێنە و دیمەنانەی خۆپیشاندانەکە، کە تۆمارم کردبوون سڕییانەوە و رێگەشیان نەدا رووماڵەکە بکەین.”

وتیشی” پاش سڕینەوەی دیمەنەکان ناچاریان کردین شوێنی خۆپیشاندانە جێبهێڵین.”
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمڕۆ لەدژی نەدانی مووچەکانیان و پرۆژەی هەژماری من، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و هەوڵیاندا بچنە دەباشان وچاویان بە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی بکەوێت، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگری کرا لە خۆپیشاندانەکە.

هەروەها رێگری کرا لە چەند کەناڵێکی میدیایی کە رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن.