پەروەردەی سێکسی

چۆن ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی هاوڕێی نزیك دەبیتەوە؟

Mic
2021-07-08

"ماوەی ٤ ساڵە هاوڕێیه‌تی كوڕێك ده‌كه‌م و هاوڕێی نزیكی یه‌كترین، بەڵام به‌م دواییانه‌ به‌رده‌وام داوام لێدەکات سێکسی له‌گه‌ڵدا بکەم، من هەر دەڵێم 'نەخێر'، بەڵام وازم لێ ناهێنێت، چی بکەم بۆ ئەوەی چیتر بێزارم نەکات؟"

ئه‌مه‌ پرسیاری گه‌نجێكه‌ له‌باره‌ی چۆنییه‌تی ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و داواكارییانه‌ی بۆ سێكس دێنه‌ به‌رده‌می. ئه‌م پرسیاره‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ پرسیاری به‌شێكی زۆری كچانی گه‌نجی كۆمه‌ڵگه‌یه ‌و لێره‌وه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ بده‌ینه‌وه‌.

کاتێك کەسێك زۆرت لێدەکات بۆ ئەوەی شتێك بکەیت کە نائاسوودەیت پێی، مافی خۆتە بڵێیت نەخێر جا بابەتەکە سێکسی بێت یان هەر شتێکی تر بێت. هاوڕێ دەبێت هەمیشە ڕێزت بگرێت و وەڵامەکەت قبوڵ بکات.

كاتێك دەزانیت شتێك ڕاست نییە، شانازی بەخۆتەوە بکە كه‌ ڕه‌تی بكه‌یته‌وه‌. کە قسە دەکەیت دژ بەو شتە، هاوڕێکەت زۆرت لێدەکات بۆ ئەوەی شتێك بکەیت ئەو دەیەوێت هەرچەندە وەڵامیشت نەخێر بووە، وا دەکات نائاسودە بیت و لەوانەشە هەست بە بێڕێزی بکەیت.

بەڵام لە سەروو ئەمانەوە کێشە سەرەکییەکە ئەوەیه‌ هاوڕێکەت سنوری بەزاندووە، جا خۆی ئاگاداربێت لەم سنوور بەزاندنە یان نا. با هاوڕێش بن، ئەو سنووری بەزاندووە و کارێکی کردووە دەکرێت ناوی بنێین گێچەڵی سێکسی.

هەوڵی گفتوگۆیەکی تر بدە لەگەڵ هاوڕێکەتدا، پێی بڵێ ئەو شتانەی ئەو باسی دەکات نائاسوودەت دەکات. هێمنبە بەڵام لە مافی خۆت خۆش مەبە، پێی بڵێ نابێت چیتر باسی ئەو بابەتە بکات و ئەمە شتێکی گاڵتە ئامێز نییە و و وا خۆت دەربخە کە بەشیوەیەکی جدی قسە دەکەیت.

هاوڕێ نابێت زۆر لە یەکتر بکەن یان یەکتری بەکاربهێنن. بۆی روون بکەرەوە‌ ئه‌گەر جارێکی تر باسی ئەو شتەی کردەوە ئەوا بێ قسە جێی دەهێڵیت. بەهێز و خاوەن متمانە و ڕوون و ئاشکرابە لەگەڵی، هەوڵ بدە تووڕە نەبیت و داوای لێبوردنیش نەکەیت.

هاوڕێکەت دەبێت لەوە تێبگات ناتوانێت چیتر بە بەکارهێنانی کەسانی دیکە مەرامەکانی خۆی بهێنێتە دی، ئه‌گەر بە ڕاستی هاوڕێتە ئەوا دەبینێت چەنێك ئەم داواکارییە کارت لێدەکات.

پەیوەندییەکی تەندروست جا هاوڕێیەتی بێت یاخود سۆزداری دەبێت ڕێزی تێدابێت، هاوڕێیەکی ڕاستەقینە حەز دەکات هەست بە ئارامی بکەیت و ڕێزت بگیرێت و باش مامەڵەت لەگەڵ بکرێت نەك بەکاربهێنرێیت و یاریت پێبکرێت.

بە باسکردنی ئەو شتانەی سنووریان بەزاندووە یارمەتی هاوڕێکەت دەدەیت بۆ بوون بە هاوڕێیەك و خۆشەویستێکی باشتر لە داهاتوودا.

More News

Most Popular

تەندروستی

بەکارهێنانی مەیکەپی دژە ئاو مەترسیدارە؟

Mic
2025-10-04

توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری زانستی ژینگە و تەکنۆلۆژیادا بڵاو کراوەتەوە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لە بابەتی جوانکارییەکان کە ئەمڕۆ بەکار دێت، ڕێژەیەکی زۆر لە ماددە کیمیایییە ژەهراوییەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە وەک پۆڵی فلۆرۆ ئەڵکیل (PFAS ) . کە بەداخەوە لە پێکهاتەی ماددە جوانکارییەکاندا ئەم ماددە نانووسرێت بۆ ئەوەی خەڵک هۆشیار بێت.

ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) باس لەوە دەکات، بەشێک لە بابەتە جوانکارییەکانی وەکوو بۆیەی نینۆک و کرێمەکان و سوراو و قەڵەم چاو و ماسکەرا، دەکرێت ئەم ماددانەی تێ بکرێت بۆ ئەوەی زۆرتر بە درەوشاوەیی دەربکەوێت. بۆیە زۆر گرنگە ئەو بابەتە جوانکارییانە بەکار دێت کە دڵنیان لەوەی ئۆریجیناڵە و کوالێتی بەرزە.