پەروەردەی سێکسی

بۆچی باوەشکردن بۆ هه‌ندێك كه‌س مایه‌ی دڵخۆشییه‌ و بۆ هه‌ندێكیتر مایه‌ی بێزاری؟

Mic
2021-07-12

باوەشکردن یان هەر بەرکەوتەیەکی جەستەیی کە سۆز دەربڕێت وا دەکات هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین لە مێشکدا دەربدرێت، ئۆکسیتۆسین دەبێتە هۆی زیادبوونی متمانە و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان تاکەکان وە هەروەها دوودڵی و ترس کەمدەکاتەوە بۆیە کاتێك کرداری باوەشکردن ئەنجام دەدرێت هەست بە ئارامی دەکرێت.

کاتێك کەسێكی ئازیزت باوەشت پیادەکات ڕاستەوخۆ هەست بە دڵخۆشی دەکەیت، کردەی قبوڵکردن وەك باوەشکردن وادەکات هەست بە خۆشویستن و ئارامی بکەین و کەمتر هەست بە تەنیایی بکەین لە جیهاندا، بەڵام نهێنی ئەم کارە چییە کە قۆڵمان لە دەوری کەسێك دەگێڕین و ئیتر ئەم جیهانە سەختەمان له‌لا ئاسان دەبێت؟

پێش ئەوەی بپرسین بۆچی باوەشکردن هێندە دڵخۆشکەرە وا باشترە سەرەتا لەوە بکۆڵینەوە بۆ ئەنجامی دەدەین؟

گریمانەی پەیوەندی کۆمەڵایەتی:

یەکێك لە گریمانەکان کە زۆر باسدەکرێت بریتییە لە گریمانەی "پەیوەندی کۆمەڵایەتی"، کردەی جەستەیی لەگەڵ کەسێکدا یارمەتیمان دەدات پەیوەندیەکی پتەوی سۆزداری و کۆمەڵایەتی دروست بکەین لەگەڵ ئەو کەسەدا.

کاتێك مرۆڤ و زۆرینەی ئاژەڵان بە بوونەوەری کۆمەڵایەتی دادەنێین ئەوا گریمانەکە دەربارەی ئەم بوونەوەرە کۆمەڵایەتیانە دەڵێت کە کردەی باوەشکردن گرنگە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییه‌کانی نێوانیان، ئەم پەیوەندیەش یاریدەدەر دەبێت بۆ متمانە کردن بەو کەسانەی لە چواردەورتن.

باوەشکردن شتێك نییە بە تەنها مرۆڤ ئەنجامی بدات، زیندەوەرەکانی پێش ئێمەش ئەنجامیان داوە لە ڕێی باوەشکردن و دەستهێنان بە سەری یەکتریدا بۆ ئارامکردنەوە. مشکەکانیش کە جۆرێکن لە ڕەچەڵەکی قڕتێکەرەکان یەکتری ئارام دەکەنەوە بە بەرکەوتەی جەستەیی.

باوەشکردن و کردەی سۆزداری تر وادەکەن متمانە دروست ببێت، ئەم پەیوەندیە کۆمەڵایەتیانە دەکرێت دۆزینەوەی هاوسەرێك بێت چونکە بێ هاوسەر ناتوانیت نەوە بخەیتەوە ئەمەش دەبێتە مەترسی بۆ سەر جینەکەت، ئێمەش بە گشتی وا دروستکراوین بۆ ئەوەی دووبارە نەوە بخەینەوە.

باوەشکردن دەکرێت بگات بە نەوە خستنەوە و متمانەکردن لە کۆمەڵەکاندا بە واتای ئەوەی  دەتوانیت دڵنیابیت کەسێکت لەپشتە کاتێك ڕووبەڕووی کێشەیەك دەبیتەوە، کەواتە کردەی باوەشکردن سوودی هەیە بۆ پەرەسەندن.

پاش زانینی ئەم شتانە دەپرسینەوە بۆ باوەشکردن هێندە دڵخۆشکەرە؟ لەبەر ئەوەی هۆرمۆنێکی دیاریکراو لە لەشماندا هەیە و شێوازی باوەشکردنمان دیاری دەکات.

باوەشکردن هۆرمۆنی خۆشەویستی دەردەدات كه‌ ناسراوه‌ بە ئۆکسیتۆسین، ئۆکسیتۆسین ناوی زۆرە وەکو هۆرمۆنی خۆشەویستی و هۆگربوون، ئەم هۆرمۆنە و دەمارەگوێزەرەوەکانی (ئەو پێکهاتە کیمیاییانەن وادەکەن دەمارەکانمان پەیوەندیان هەبێت) بریتییە لە نۆ ترشی ئەمینی پێپتیدی بچوك كه‌ بناغەی ژیانن.

کارە سەرەکییەکانی بریتین لە ئاسانکردنی منداڵبوون، دەقی وشەی ئۆکسیتۆسین کە لە یۆنانیەوە وەریدەگێڕیت واتای "لەدایکبوونی ئاسان" ی هەیە و هەروەها یارمەتیدەرە بۆ شیردان بە منداڵ.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئۆکسیتۆسین پەیوەستە بە بواری هەستکردنێکی زۆر بە جۆش و خرۆش و خۆشویستن، وەکو ئۆرگازم، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، پەیوەندی لەگەڵ دایك و باوکدا، هەروەها دۆزینەوەی هاوسەرێك.

بە شێوەیەکی سادە، ئۆکسیتۆسین یارمەتیدەرە لە دۆزینەوەی خۆشەویستدا، بۆ خۆشویستنی کەسێك و بۆ چێژ وەرگرتن لەو خۆشەویستیەی پێمان دەبەخشرێت، ئێستا ئەو نازناوەنەی پڕ بە پڕی خۆیەتی.

کاریگەریەکانی ئۆکسیتۆسین لەسەر لەش و مێشك

ئۆکسیتۆسین کاریگەری جیاوازی هەیە لەسەر مێشك و جەستەمان، ئێمە باسی باوەش دەکەین بۆیە لەو ڕووەوە لێیدەکۆڵینەوە.

ئۆکسیتۆسین لەگەڵ وەرگرەکانیدا کار دەکات، کاتێك ئۆکسیتۆسین دەردەدرێتە مێشکەوە دەبەسترێتەوە بە وەرگرەکانیەوە، دەتوانیت هۆرمۆنەکە و وەرگرەکەی وەك دوو پارچەی تەواوکەری یەك ببینیت، چونکە ئۆکسیتۆسین تەنها بە وەرگری خۆیەوە دەبەسترێتەوە.

وەرگری ئۆکسیتۆسین لە چەندین شوێنی جیاوازی مێشکدا بوونیان هەیە، لەو جێگانەی هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین دەبەسترێن بە وەرگرە جیا جیاکانیان لە ناو مێشکدا کە وا دەکەن دەمارەکان گڕ بگرن و چالاك ببن ئەمەش وادەکات شوێنە جیاجیاکانی لەش کرداری دیکە بکەن.

کاریگەرییەکانی ئەو ئۆکسیتۆسینەی لە کاتی باوەشکردندا دەردەدرێت بەشێك نیە لەو وەرگرانەی کە چالاکی دەکات، بەڵام زیاتر کاریگەری کپکردنی هەیە کە زۆرێك لە ناوچە جیاجیاکانی مێشك کپ دەکات، وەك ناوچەیەی ترس و توڕەیی و پاداشت و حەزی سێکسی، بە کپکردنی ئەم شوێنەی مێشك ئۆکسیتۆسین هەستی ترس و دوودڵیمان ناهێڵێت، کەمبوونەوە و نەمانی دوودڵێت وامان لێدەکات بڵێین دڵخۆشین.

توێژینەوەیەک لە ساڵی 2004 دا بڵاوکرایەوە لە گۆڤاری دەروونناسی زیندەیی ئەوەی دەرخست کە کاتێك هاوسەرەکان باوەش بە یەکتردا دەکەن، ئۆکسیتۆسین دەردەدرێت لە مێشکدا ئەمەش فشاری خوێن دادەبەزێنێت و وامان لێدەکات ئارامتربین، کەمبوونەوەی فشاری خوێن بۆ مولولە خوێنەکانی کۆئەندامی دڵیش بەسوودە.

توێژینەوەیەك کە لە ساڵی 2016 دا ئەنجام درا دەریخست باوەشکردن فشاری دەروونی کەمدەکاتەوە و ئەگەریش هەیە هەوکردن کەمبکاتەوە، فشاری دەروونی کۆئەندامی بەرگری لاواز دەکات ئەمەش ئەگەری نەخۆشکەوتن زیاتر دەکات، بەڵام پاڵپشتی کۆمەڵایەتی بەردەوام وەکو باوەشکردن فشاری دەروونی کەمدەکاتەوە.

ئه‌ی بۆچی هەندێك کەس حەزیان بە باوەشکردن نییە؟

 هەرچەندە زۆر باسی سوودەکانی باوەشمان کردووە بەڵام هەموو کەسێك حەزی پێی نییە، بۆ هەندێك کەس باوەشکردن کارێك نییە ئاسودەیان بکات و نامورتاحن.

ئەوانەی حەزیان بە باوەش نییە دەکرێت هۆکارە سەرەکیەکە لە منداڵیاندا بێت، هەندێك هەن لە خێزانێکدا گەورەبوون کە باوەشکردن شتێکی باو نییە تیایاندا بۆیە لە گەورەییشدا مورتاح نابن بە باوەشکردن.

منداڵان زمانی کۆمەڵایەتی لە ڕێی دایك و باوکیان و خێزانەکەیانەوە فێردەبن، کاتێك دایك و باوك یاری لەگەڵ منداڵەدکانیان دەکەن، باوەشیان پیادەکەن ئەمانە گشتی دەبێتە هۆی دروستبوونی پەیوەندی ئەرێنیانە و منداڵێکی تەندروست.

جیاوازی کلتورییش ڕۆڵ دەبینێت، لە هەندێك کلتوردا دەربڕینی زمانی جەستەیی سۆزداری باوە.

لە هەندێك حاڵەتدا شیاو نییە باوەشبکەیت بە کەسێکدا، تەنها حەز بەوە دەکەین باوەشمان پێ بدرێت لەلایەن کەسانێکەوە کە دەیانناسین یان سۆزمان بۆیان هەیە و حەزدەکەین زیاتر بیانناسین.

More News

Most Popular

هەواڵ

لیای 10 ساڵ، ئەو کیژۆڵەی دووجار بەخاکسپێردرا

Mic
2022-05-23

کیژۆڵەیەکی 10 ساڵان، تەنها لە هەفتەیەکدا دووجار بەخاکسپێردرا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گومان لەدۆسییە کوشتنەکەیدا هەبوو، بەڵام دواجار دادگا دۆسییەکەی یەکلاییکردەوە.

باوكی لیا كە چەند رۆژێك لەمەوبەر گیانی لەدەستدا دەڵێت پزیشكی دادوەری پشتڕاستیكردوەتەوە كە كچەكەی بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە گیانی لەدەستداوە، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانیش دەڵێت لێكۆڵینەوە لەگەڵ بنەماڵەی منداڵەكە و خاوەنی سەگەكانیش كراوە.

عەلی ڕەحیم، باوكی لیای تەمەن 10 ساڵ، ئەو كچەی ھەفتەی رابردوو لە گەڕەكی ڕاپەڕینی شاری سلێمانی سەگ پەلاماری دا و گیانی لەدەست دا بە مایكی ڕاگەیاند: تەرمی كچەكەم لە پەیمانگەی پزیشكی دادی سلیمانی وەرگرتەوە و جارێكی دیكە بە خاكمان سپاردەوە".

وتیشی: "بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگەی پزیشكی دادی سلێمانی، دەركەوتووە كچەكەم بەھۆی پەلاماردانی سەگەوە گیانی لەدەست داوە و خواردوویەتی، بۆیە سبەی بنەماڵەكەمان لەسەر ئەو ھەموو تۆمەتانەی ئاڕاستەمان كراوە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ھەڵوێستمان دەبێت".

باوكی لیای تەمەن 10 ساڵ، وتیشی: "ئەو سێ سەگەی كچەكەمیان خواردووە، كوژراون، بەڵام من سەگەكانم نەكوشتووە".

لەوبارەیەوە سەركەوتن ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بەمایكی وت:"لەسەر دۆسیەی لیا لێكۆڵینەوە لەگەڵ بنەماڵەی لیا و ئەو بنەماڵەیەش كە سەگەكانیان هەیە كراوە".
وتیشی :"لەسەر دۆسیەكە لێكۆڵینەوەی تەواو كراوە و ئەوەی هەیە پەیوەندی بەدادوەری گشتیەوە هەیە".
هاوكات بەرزان محەمەد بەڕێوەبەری پزیشكی دادی سلێمانی بەمایكی راگەیاند: سەرجەم ئەو پرسیارانەی سەبارەت بە مردنی لیا لەپزیشكی دادوەری لەلایەن داواكاری گشتیەوە كراون وەڵاممان داونەتەوە".
پێشتریش هەر سەبارەت بەو پرسە، گوڵستان سەعید ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان بەمایكی وت:"سەبارەت بەو پرسە قسەمان لەگەڵ دەستەی مافی مرۆڤ كردووە، ئەوان پێیان وتین لەسەر دۆسیەكە لێكۆڵینەوەیان كردووە، بەڵام وەكو پەرلەمان ناتوانین دەستێوەردان لەكاروباری داواكاری گشتی بكەین".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا كە رۆژی هەینی رابردوو بڵاویكردەوە، رایگەیاند: بە بڕیاری دادوەر و بە ئامادەبوونی مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی راپەڕین، تیمەكانی بەشی بەڵگەی تاوان و پزیشكانی دادوەری، تەرمی لیا لەناو گۆڕەكەی دەرهێنراوەتەوە و توێكاری بۆ لاشەكەی دەكرێت و لێكۆڵینەوەش لە رووداوەكە بەردەوام دەبێت".
16 یی ئەم مانگە هەواڵی گیانلەدەستدانی كچێكی 10 ساڵ لە سلێمانی بەهۆی پەلاماردانی سەگ بڵاوبویەوە، هەواڵەكە و پاشانیش لێدوانی باوكی منداڵەكە كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەتیش لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان، بەوهۆیەشەوە لەسەر فەرمانی داواكاری گشتی گۆڕەكەی لیا هەڵدرایەوە.