پەروەردەی سێکسی

مێژووی تاشینی موو، بۆچی مرۆڤ دەستی بە تاشینی مووی لەشی کرد؟

Mic
2021-07-14

بۆ سەدەها ملیۆن کەس تاشینی موو بووە بە ڕۆتینێکی ڕۆژانە، پیاوان ڕۆژانە ڕیشیان دەتاشن، ئافرەتان هەفتانە جه‌سته‌یان بە موکێش، مۆم، یان بە لێزەر مووی شوێنە جیاجیاکانی لەشیان لێدەکەنەوە، پەیوەندی مرۆڤ و مووی لەش زۆر سەیرە و مێژوویەکی دێرینی هەیە.

شێتانە دەردەکەوێت کاتێك بە درێژایی ژیانمان هەزارەها کاژێر بەسەر دەبەین بۆ موو لێکردنەوە کە لە هەمان جێی خۆی دەڕوێتەوە، بەڵام هەندێك کات لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە وا ڕاهێنراوین ڕووخسارمان تاشراو بێت و لەشیشمان بە هەمان شێوە.

کەی مرۆڤ دەستیکرد بە تاشینی موو، بۆچیش ئەم کارە تا ئێستا بەردەوامە؟

مێژووی موو تاشین
بە دیاریکراوی نازانرێت کەی دەستیپێکراوە، شارەزایان چەند ئامێرێکیان دۆزیوەتەوە دەریدەخات موو تاشین مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە 100,000 ساڵ پێش زاین.

مرۆڤی ئەشکەوتەکان یەك بە یەك مووی لەشیان دەردەهێنا بەرد و قاوغیشیان بەکاردەهێنا بۆ خێراکردنی پرۆسەکە، پاش 70 هەزار ساڵ مرۆڤی سەرەتایی هەستی بە سوودەکانی بەردی فلینت کرد، کە بە تەنها بۆ ئامێرە جەنگیەکان باش نییە بەڵکو بۆ لێکردنەوەی مووش باشە.

چیرۆکی ڕاستەقینەی موو تاشین تا سەردەمی شارستانیەتی میسڕی دەستپێناکات، کاتێك موو تاشین بە تەواوی دەرکەوت لەسەر ئاستی جیهان، میسڕیەکان باوەڕێکی بەهێزیان هەبوو کە مووی لەش نیشانەی پیسوپۆخڵیە، بۆیە هەردوو پیاو و ئافرەت سەرتاپای لەشیان دەتاشی، هەندێك ماددەی وەکو ئۆکسیدی کالسیۆم و زەرنیخیان بەکاردەهێنا.

لە ناو ئەو کرێم و پێکهاتانەی بۆ موو تاشین بەکاردەهات، گوێزانە سەرەتاییەکانیش هەر لەو سەردەمەدا دەرکەوت هاوتا لەگەڵ بەرزبوونەوەی کارکردن لە کانگای کانزاکان و دەرهێنانی کانزاکان لە جیهاندا.

پەیوەندی میسڕیەکان بە پاکوخاوێنی و مووی لەشەوە گەیشتبووە ڕادەی خولیابوونێکی زۆر، کەسانی پلە بەرز ڕۆژانە چەندجارێك خۆیان دەشت و سەریشیان بە تەواوی سفر دەکرد و باڕۆکەیان لەسەر دەکرد لە دەرەوە.

ترسی پیسبوونی لەش مایەی دوودڵی بوو هەر بۆیە مرۆڤەکانی سەردەمە کۆنەکان مووی لەشیان دەتاشی، مووی لەش کەشێکی لەبارە بۆ ئەسپێ و مێرووەکانی تر و دەکرێت کەڕووشی تیادا بڕوێت بە تایبەتیش لە کەشە گەرم و شێدارەکاندا.

میسڕیەکان هەوڵیان دەدا مەترسیەکانی نەخۆشکەوتن لە ڕێی بوونەوەر و مێرووەکانەوە بنەبڕ بکەن لەڕێی نەهێشتنی هیچ کەشێکی لەبار بۆ پەرەسەندنیان، لە کەشە گەرم و شێدارەکەی میسڕدا مووی لەشی زۆر دەبووە هۆی دەردانی بۆنی ناخۆش کە ئەوەش نیشانەیەکی دیکەی پیسبوون بوو لە کۆمەڵگای میسڕی کۆندا.

بەپێی ئەم بیروبۆچونانە موو تاشین پەیوەست کرابوو بە ئاست و پلەی کەسەکانەوە، کاتێك دەموچاوت نەتاشراوبوایە واتای ئەوەبوو نەوتوانیوە بچیت بۆ لای دەلاکێك یاخود گرنگی نادەیت بە خۆت یان بە دەرکەوتنت لە کۆمەڵگادا. تا ئەمڕۆش لە چەندەها ناوچە ڕووخسارێکی نەتاشراو یەکسانە بە تەمەڵی و ئیهمالی.

خووی موو تاشین ڕاستەخۆ جیهانی نەگرتەوە بەڵام یۆنانی و ڕۆمانیەکان لە سەدەی چواری پێش زایندا دەستیاندایە ئەم خووە، ئەسکەندەری مەزن پاڵپشتێکی تەواوی بیرۆکەی موو تاشینی ڕۆژانەبوو هەروەها سەرنجی ئەوەشیدا مووی کەمتر لە کاتی جەنگدا بەسودە چونکە هێزەکانی دوژمن ناتوانن قژی سەربازەکان ڕابکێشن ئەمەش وادەکات سەربازە ڕۆامانیەکان بەهێزتر و ڕێكوپێكتربن.

پاش هەزارەها ساڵ موو تاشین بڵاوبۆوە لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا، هەندێك کلتور ڕیشێکی پاك و سەرنجڕاکێش دەهێڵنەوە بەڵام دەبێت مووەکانی تری لەشیان تاشراوبێت، هەندێك کلتوری تریش دەموچاو بە تەواوی دەتاشن، لە چەندەها وڵات و چەندەها کات و ساتدا موو تاشین وەکو شتێکی باو ڕەچاو دەکرێت هەندێك کات لەگەڵ جوڵەیەکی کلتوری یاخود مۆدەیەکی باو.

 بۆ شتێکی جیهانی لەم جۆرە هەوڵی کەم دراوە، هەرچەندە گوێزانی دەسك ئاسن ئەم کارەی زۆر ئاسانترکرد وەك لە گوێزانە ڕێکەکان، وایدەکرد چیتر پێویست نەکات سەردانی دەلاك بکەیت، لە سەدەی 19دا پاش بەرهەمهێنانی گوێزانی سەفەری کوالیتی تاشین زۆر بەرەو باشتر چوو، چیتریش پێویستی بە تیژکردنەوەی گوێزانەکان نەما بە بەرد و چەرم.

لەمڕۆدا جیهان دوبارە گۆڕدرا، لە دە ساڵی ڕابردوودا بەرزبوونەوەیەکی زۆر دەبینرێت لە درێژکردنەوەی ڕیشدا، مووی لەشیش بە گشتی بە هەمان شێوە ماوە ماوە ڕێژەی هێشتنەوە و تاشینیان گۆڕانکاری بەسەردا دەهات.

پرسی تاشینی نێوان دوو ڕەگەزەکەش بابەتێکه‌ جێی باسە، چونکە خەڵکی ئێستا هەمیشە سابون و شامپۆ و پێکهاتە پاککەرەوەکانیان لەبەردەستدایە چیتر بیانوی پیسبوونی لەش بە نەتاشینی موو گرنگی پێنادرێت، کەواتە بۆچی موو تاشین باوە و بەشێکە لە کلتوری مرۆڤ؟

ئافرەت و موو تاشین لە سەردەمی ئێستادا

هەرچەندە پیاو و ئافرەت شوێنە جیاجیاکانی لەشیان تاشیوە بە درێژایی شەش هەزار ساڵ، هێشتا گفتوگۆ هەیە لەسەر پرسی خوو و بنەمای ئافرەت بۆ تاشینی مووی لەشی.

بۆ هەزارەها ساڵ ئافرەتان قۆڵ و بنباڵیان دەرنەدەکەوت بۆیە نەدەتاشران، پاش ئەوەی دەرخستنی ئەو شوێنانەی لەش باو بوون، لە رووی کلتوریشەوە حوکم درا بەسەر بوونی موو لە بنباڵدا، بەڵام بۆ پیاوان شتێکی ئەوتۆ نەبوو کە بنباڵیان دەربخەن، باویش نەبووە پیاوان ئەو بەشەی لەشیان بتاشن بە درێژایی دوو هەزار ساڵی پێشوو.

وەکو ئەو نمونەیە، هاندان بۆ تاشینی مووی لەش شێوازە باوەکانی ناو کلتور و جیاوازی ڕەگەزەکانە، بە ڕۆشتنی کات بیرۆکەی جوانی لەلای ئافرەتان پەرەی سەندووە.

زۆرینەی کاتیش بەهۆی داواکاری کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارەوە، لە دەرئەنجامیشدا کاتێك پێوەرێکی جوانی دانرا، ئیتر ئه‌گەر تاشینی شوێنی قاچبێت چونکە مۆدی پانتۆڵی دڕاوە یاخود شوێنە هەستیارەکان بتاشیت لەبەر ئەوەی پیاوان حەزیان پێیەتی.

هەرچەندە دژایەتی پیاوسالاری و کاریگەریەکانی لەلایەن ئافرەتانەوە کراوە، جەنگ له‌پێناو یەکسانییەکی تەواوی نێوان ڕەگەزەکان زۆر باوە.

جوڵەیەکی زۆر هەیە لەلایەن ئافرەتانەوە بۆ دەستگرتنەوە بەسەر لەشی خۆیاندا و چیتر وەکو شێوازە باوەکان، ستاندارد و پێشبینیە نایەکسانەکانی پیاوان نەبیندرێن. لە ئەمریکا و ئەوروپا مووی بنباڵی ئافرەتان بووەتەوە بە شتێکی باو، تاشینی قاچی کەسێك دەبیتە جێی پرس و تێبینی.

بە هۆکارێك پێوەری جوانی دەبەسترایەوە بە نەبوونی موو لەسەر لەش بەڵام وا دیارە دووبارە ئەم پێوەرە لە گۆڕاندایە.
ده‌رئه‌نجام
موو تاشین بەشێك بووە لە کلتووری مرۆڤ بۆ ماوەیەکی زۆر، بۆ چەندەها مەبەستیش بەکار هاتووە هەر لە تەندروستیەکی باشەوە بۆ جیاکاری نێوان خەڵك و دانانی ئاست و پلە بۆیان بۆ جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان و دانانی پێوەرێك بۆ جوانی یاخود دەربڕینی پیاوەتی.

تاشینی مووی لەش بووەتە مایەی گفتوگۆی ملیارەها مرۆڤ بە درێژایی مێژوو، لە داهاتووشدا کەس نازانێت چ ڕەفتارێکی باو دێتە پێشەوە و چی بەسەر ئەم ڕیشاڵە بچوکانەی سەر لەشمان دێت بەڵام بە دڵنیاییەوە جێی سەرنج دەبێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بەهاوکاریی ئاسایشی سلێمانی لە سعودییە دەستگیرکران

Mic
2025-09-15

دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەر بە 142 کیلۆگرام ماددەی کریستاڵی شل بە هاوکاری دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە وڵاتی سعودییە دەستگیرکران.

بازرگانەکان خەڵکی سەلاحەدینن و کۆمپانیای حەج و عەمرەیان هەیە و لەنێوان عێراق، سعودییە و تورکیا وڵاتانی دیکەی عەرەبی بازرگانی ماددەی هۆشبەریان کردووە.

ئەو دوو بازرگانە بۆ گواستنەوەی ماددەکان سوودیان لە پاسی عومرەکاران وەرگرتووە و  بەوەشێوەیە هیچ گومانێکیان لەسەر نەبووە، خاوەن کۆمپانیای حەجوعەمرەبوون.

دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی زانیاریی وردیان لەسەر بازرگانەکان داوە، بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق و سعودییە.

لەسەر بنەمای زانیارییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی لە ئۆپەرسیۆنیكی تایبەتدا بازرگانەکان دەستگیر کراون.

بەوتەی عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ماددەکە لە جۆری کریستاڵی شلە و کێشەکەی 142 کیلۆگرام بووە، لەناو یەکێک لە پاسەکانی عومرەکاران هەڵگیراوە و بەهاکەی ملیۆنێک و 270 هەزار دۆلاربووە.

لەدوای پێدانی زانیاریی ورد، وەزارەتی ناوخۆی سعودییە داوای لە بەڕێوەبەرایەتیی رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی سلێمانی کردووە، کارمەندێکی خۆیان بنێرەنە ئەو وڵاتە بۆ هاوکاریی دەزگا ئەمنییەکانی ریاز.

بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان بیرۆکە و تەکنیکی سەیر بۆ گواستنەوەی ماددەکانیان بەکاردەهێنن و بۆ ئەوەی لە بازگە و خاڵی پشکنینەکان هیچ گومانێکیان نەچێتە سەر.

ماددە هۆشبەرەکان یەکێکە لە هەڕەشە مەترسیدارەکان، سەرەڕای ئاڵودەبوونی بەکارهێنەران و رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری مردن-یان؛ هۆکارێکی سەرەکیشن بۆ زۆربوونی رووداوە جۆراو جۆرەکان و هەڵوەشاندنەوەی خێزانەکان.

بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر بووەتە دیاردەیەکی جیھانی و بنبڕناکرێت چونکە ھەموو سنوورەکانی بڕیووە، لەگەڵ زۆربوونی ئالوودەبووان و بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر، شێوازی بازرگانییکردن و بڵاوبوونەوەیشی تەکنیکی نوێی بەخۆیەوە بینیووە.

سەرەڕای پێشکەوتنی یاساکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی، لە ھەمانکاتدا شێوازی بازرگانیکردنیشی پێشکەوتن و شێوازی نوێ بەخۆیەوە بینیوە.

بەپێی ئامارەکانی دەزگای ئاسایشی ھەرێم، لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 388 تۆمەتباری ماددەی ھۆشبەر دەستگیر کراون، کە 173 کەس بەکارھێنەر بوونە، 143 بازرگانی ئاسایی بوونە، 72 کەس بازرگانی نێودەوڵەتی بوونە.

هەر بە گوێرەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە ماوەی ساڵی ڕابردووشدا نزیکەی ھەزار تۆمەتبار بەھەر سێ جۆرەکەوە دەستگیر کراون.

بەگوێرەی ناوەندی ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێڕاق، ژمارەی ئەو بازرگانان و بەکارهێنەرانەی ماددەی ھۆشبەر کە لە ساڵی 2024 لە عێڕاق دەزگیرکراون 14 هەزار کەس بوون.

 هەر لە هەمان ساڵ؛ دەسەڵاتی دادوەری عێراق سزای لەسێدارەدانی بەسەر 144 بازرگانی نێودەوڵەتیی ماددەی ھۆشبەر و سزای زیندانی ھەتاھەتایی بەسەر 434 بازرگانی ناوخۆیدا سەپاندووە.