تەندروستی

هەرێمی كوردستان رووبەڕووی كۆلێرا دەبێتەوە

Mic
2022-06-20

لە سلێمانی 10 كەس و لە هەولێرچوار كەس تووشی نەخۆشی كۆلێرابوون، ئیدارەی هەردوو شارەكە و وەزارەتی تەندروستیش ڕێكاری توند بۆ ڕێگریكردن لە بڵاوبونەوەی دەگرنەبەر، ئەوەش لەكاتێكدایە دوێنێ وەزارەتی تەندروستی عێراق 13 تووشبووی راگەیاند كە 10 یان تووشبووەكانی سلێمانی بوون و یەكێكیان لەكەركوك و دوانیان لە پارێزگای موسەنا.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ژمارە و ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشیەكانی سكچوونی توند زیادیكردووە و تیمەكانی پەتازانی بەپێی ستانداردی پەتازانی ڕێژەی پشكنین بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەكانی كۆلێرا ئەنجامدراوە، بەمەش ژمارەیەك لە حاڵەتەكانی كۆلێرا لە تەمەنە جیاوازەكان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەستنیشانكراون.
دوێنێ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دوای كۆبونەوەی لەگەڵ لیژنەی ئۆپەراسیۆنەكان بوونی چوار حاڵەتی كۆلێرای لە شارەكە ڕاگەیاند، وتیشی پێنج كەسی دیكە تا ئێستا ئەنجامی پشكنینەكانیان نەهاتووەتەوە كە گومانیان لێدەكرێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشدا ئەوان چەند ڕێكارێك دەگرنە بەر بۆ ڕیگریكردن لە بڵێ‌وبونەوەی پەتاكە.
 هاوكات كوێستان محەمەد وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم گیان لەدەستدانی دوو كەسی بەهۆی پەتاكەوە لە ناو چاكسازی گەورانی سلێمانی ڕاگەیاند و ئاشكراشی كرد كە سەردانی زیندانیان قەدەغە دەكرێت و ڕیگری دەكرێت لە خواردنی سەوزە لە چاكسازیەكاندا.
هەر دوێنێ د.سەباح هەورامی، بەڕیوەبەری تەندروستی سلێمانی ڕایگەیاند: 10حاڵی پەتای كۆلێرا لە سلێمانی تۆمار كراوە، بەوهۆیەوە باری لە ناكاو رادەگەیەنین.
وتیشی: هەوڵدەدەین لەماوەی مانگ و نیوێكدا دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەین.
بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو: تائێستا بەغدا 56 تووشبووی كۆلێرای پشتڕاستكردووەتەوە.
بەپێی زانیاریەكان تائێستا 9 كەس لەسلێمانی بەهۆی تووشبوونیان بەسكچوون و رشانەوە گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی چوار هەزار كەسیش بۆ چارەسەر روویان لەنەخۆشخانەكان كردووە.
تائێستا لەدهۆك تەندروستی شارەكە هیچ تووشبوویەكی كۆلێرای رانەگەیاندووە، سەبارەت بە سكچون و رشانەوەش هیچ ئامارێكی بڵاونەكردووەتەوە.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، ڕێكاری زیاتر و توندتر لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی كشتوكاڵ و شارەوانی و ناوخۆ و پارێزگا و ئیدارەسەربەخۆكان گرتووەتەبەر بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO و تەندروستی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لەبواری خۆپارێزی و چارەسەری و دابینكردنی پێداویستی پزیشكی.

لەلایەكی دیكەوە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاند: مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم رەزامەندی داوە بە خەرجكردنی 800 ملیۆن دینار بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆلێرا.
 لەراگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە: مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دا بە خەرجکردنی بڕی ٨٠٠ ملیۆن دینار وەکو بودجەی فریاگوزاری خێرا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشیەکانی سکچوون و کۆلێرا لە پارێزگای سلێمانی و ڕاسپاردنی وەزیری تەندروستی بۆ بەدواداچوونی ڕەوشی تەندروستی و ئامادەیی و پالپشتیکردنی هەر پێویستیەک بۆ ڕێگریگرتن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا.
 



More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.