تەندروستی

نەخۆشخانەكانی سلێمانی هێشتا بێ دەرمانن

Mic
2022-07-26

ئەو كەسانەی دوێنێ و ئەمرۆش بۆ چارەسەر چوونەتە نەخۆشخانەی شەهید ئاسۆی تایبەت بە چارەسەری چاو، بەشێکیان بەدەستی خاڵی و بەبێ دەرمانی چارەی نەخۆشییەکەیان گەڕانەوە، چونکە لە نەخۆشخانەکە دەرمان نەماوە، ئەوەش لەكاتێكدایە لەنەخۆشخانەكانی هیوا و بوژانەوەی دڵ و فریاكەوتنی خێرا لەسلێمانی زۆربەی دەرمانەكان چەند رۆژێكە نەماون.
کێشەی کەمی و نەمانی دەرمان بەرۆکی هەموو نەخۆشخانەکانی سلێمانیی گرتووە، نەخۆش روو لە هەرکامیان دەکات پێیان دەوترێت دەرمانمان نییە، بۆیە نەخۆشەكان ناچارن لەدەرەوە دەرمان بكڕن.
پێشتر د.یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا بەمایكی وت:"شەش مانگە داوای چارەسەركردنی كێشەی كەمیی دەرمانمان لەوەزارەتی تەندروستی كردووە بەڵام تائێستا وەڵام نەدراوینەتەوە".
وتەكانی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەكاتێكدایە دوێنێ هەریەك لە سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری كۆبوونەوە، پرسی سەرەكیش چارەسەركردنی كێشەی نەمانی دەرمان بووە لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی، بەڵام ئەمرۆش بەهەمانشێوە كێشەكە بەردەوامی هەیە.
 پێشتر ساڵانە تەندروستیی سلێمانی دوو ملیار و 580 ملیۆن دیناری لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆ دابین دەکرا، بەڵام لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە کێشە لە دابینکردنی ئەو پارەیەدا دروستبووە، ئەویش بەهۆی کێشە بووە لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی، چونکە پارەکە لە داهاتی ناوخۆ دابین دەکرێت.
 سەبارەت بەو پرسە دابان محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەمایكی وت :"ئەم کێشانە بەردەوام دەبێت، چونکە هەرجارەو بیانویەکیان دەبێت، پێشتر دەوترا پارە و داهات نییە، ئێستا دەڵێن سیولە نییە، ئۆباڵی سەرەکیی ئەم کێشانە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پلەی یەکەم و دووەم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بە پلەی دووەم، چونکە حاکمی موتڵەقی ئەم شارەیە و ئاگاداری دینار بە دینارە لەم شارە."
 بەپێی زانیارییەکانی مایك، لە شەش مانگی رابردوودا داهاتی ناوخۆی سلێمانی کەمی نەکردووە، بۆ هەر مانگێکیش زیاتر لە 100 ملیار دینار داهاتی هەبووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیولەوە هۆکار بووە بۆ سستی لە دابەشکردنی مووچە و کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی سلێمانی كێشەی سەرەكیش بۆ نەخۆشخانەكانی سلێمانی دروستبووە و بەهۆیەوە بەشێكی زۆر لەنەخۆشخانەكان دەرمانیان تێدا نەماوە.
ئێستا بەهۆی نەبوونی دەرمان لەنەخۆشخانەكانی سلێمانی مەترسی لەسەر ژیانی بەشێكی زۆر لەنەخۆشەكان دروستبووە، بەتایبەت ئەو كەسانەی پێویستیان بەنەشتەرگەری كتوپڕە و رۆژانەش نزیكەی 100 كەس لەسلێمانی پێویستیان بەو نەشتەرگەرییەیە.



More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.