تەندروستی

حكومەت پارەی كۆمپانیاكانی زبڵ و خاشاك نادات، رێگەش نادات كۆمپانیاكانی ریسایكلین كاری خۆیان بكەن

Mic
2022-08-06

دوای چەند جارێک هەڕەشەکردنی مانگرتن لە کارەکانیان، بەرپرسانی کۆمپانیاکانی پاککەرەوە لە سلێمانی دەڵێن، وەکو قەرز بڕێک پارە بە کرێکارەکانیان دراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەهۆی گرێبەست لەگەڵ كۆمپانیایەك حكومەتی هەرێم رێگری لەگەورەترین كۆمپانیای ریسایكلین دەكات لەسلێمانی كارەكانی خۆی بكات.
شاری سلێمانی کراوەتە پێنج زۆنەوە و لە لایەن سێ کۆمپانیاوە لە زبڵ و خاشاک پاکدەکرێتەوە، بە وتەی خاوەنی کۆمپانیاکان، نزیکەی 15 ملیار دیناریان لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە و بەبیانووی نەبوونی سیولە لە بانکەکانی سلێمانیدا بۆیان خەرجنەکراوە.
حكومەتی هەرێم پارەی كۆمپانیاكانی پاككەرەوە خەرج ناكات و حزب پارەیان دەداتێ، بەوتەی خالید شینكی بەڕێوەبەری كۆمپانیای خالید شینكی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی پارەی بەقەرز پێداون لەپێناو ئەوەی بەردەوام بن لەكاركردن و دەبێت دواتر قەرزەكە بگەڕێننەوە.
نزیکەی هەزار و 500 کرێکاری سێ کۆمپانیا، شاری سلێمانی و دەوروبەری لە زبڵ و خاشاک پاکدەکەنەوە. کۆمپانیای خالید شینکی بە نزیکەی 600 کرێکار لە نو سلێمانی کاردەکات، کۆمپانیای شکار 780 کرێکاری لە زۆنەکانی دووکان و چەمچەماڵ هەیە و 350 کرێکاریشی لەنێو شاری سلێمانیدا کاری پاککردنەوە دەکەن، کۆمپانیای هەرێم بە نزیکەی 500 کرێکار دوو زۆنی نێو سلێمانی لە زبڵ و خاشاک پاکدەکەنەوە.
لە پێنج زۆنەوە زبڵ و خاشاکی سلێمانی کۆدەکرێتەوە، مانگانە 1 ملیار و 300 ملیۆن دینار تێچووی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی سلێمانییە،نزیکەی 60%ـی پێکهاتەی زبڵەکان ماددەی خۆراکی و ئەندامییە، بەشەکەی دیکەشی پلاستیک و کارتۆن و تەختە و ماددەی دیکەیە. 
زبڵ و خاشاک بە زێڕی پیس ناودەبرێت و لە ئەوروپا ئەو کۆمپانیایەی کە ریسایکلینگی دەکات 50 تاوەکو 60 یۆرۆی پێدەدرێت لەلایەن حکومەتەکانەوە، بۆ ریسایکڵینی ماددەی هەستیار وەک ماددە و کەرەستەی تەندروستی نزیکەی 100 یۆرۆ دەدات.
گەورەترین کارگەی ریسایکلینی رەق لە هەرێمی کوردستان لە سلێمانی دانراوە، 60 ملیۆن دۆلاری تێچووە و دوو ساڵە کاردەکات، بەڵام بەپێی زانیاریەكان حکومەت یەک دینار پارەی پێ نەداون، بۆ هەر تۆنێکیش 18 دۆلاریان بۆ هەژمارکراوە، ئەوەشیان پێنەدراوە. 
بەرهەمی ئەو کارگەیە ماددەی RDFە، بەپێی نرخی نەوت بەرمیلی دەکاتە 20 دۆلار، رۆژێک 300 تۆن لە RDF لە خاشاکی سلێمانی بەرهەمدەهێنرێت، کێشەی ئەوەی کە خاشاکی سلێمانی پارە ناکات ئەوەیە کە بە شێوازێکی دروست کۆناکرێتەوە،  ئەگەر تەنانەت جیاش بکرێتەوە حکومەت تێکەڵی دەکاتەوە، لەبەرئەوەی ئەو کۆمپانیایەی لەگەڵ حکومەت گرێبەستی هەیە بۆ کۆکردنەوەی خاشاک تێکەڵی دەکات.
لەكاتێكدا کارگەکەی سلێمانی یەکێکە لە گەورەترین کارگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ریسایکڵینی خاشاکی رەق. 

More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.