هەواڵ

دواین زانیاری لەبارەی دەستگیركراوانی بادینان، دۆسیەی بەشێكیان نێردراوە بۆ داواكاری گشتی

Mic
2022-08-10

 ژمارەیەك لەچالاكوانان و رۆژنامەنوسان لەبەردەم دادگای سلێمانی گردبوونەوە و داوای ئازادكردنی گیراوانی بادینانیان كرد، بەپێی زانیاریەكانیش ئەمڕۆ دۆسیەی پێنج گیراوەكەی شیلادزێ لەچاكسازی گەورانی هەولێر جوڵێندراوە تا ببرێتە بەردەم داواكاری گشتی و بڕیار لەسەر چارەنوسیان بدرێت.
كارزان فازڵ بەناوی ژمارەیەك لەپارێزەرانی سلێمانی رایگەیاند: بەدواداچونمان كردووە سەبارەت بەدۆسیەی گیراوانی بادینان دواجار بەوهۆیەوە تەمیز كراوەتەوە، بەڵام دواجار سەرۆكی هەرێم بڕیاریدا كە چەند دۆسیەیەكیان سزاكانیان %50 بۆ %60 دابەزێنرێت.
ئەو پارێزەرە وتیشی: هەندێك تاوان ئازادبوونی تێدایە بەمەرج، بەڵام لەپێش جەژنی قوربانەوە هاوڕێكانمان لەسەر هێڵن تا ئەو دۆسیانە ئازادبوونی بەمەرج بیانگرێتەوە، بەداخەوە ئێستا دوای مانگرتنی هاوڕێیانمان دەڵێن جارێكی دیكە دۆسیەكان بەرزدەكرێتەوە بۆ داواكاری گشتی، بۆیە داوا دەكەین لەهەموو دەسەڵاتی دادوەری و لایەنەكان كە ژیان و مانی ئەو كەسانە لەئەستۆیانە و با یاسا سەروەربێت.
لەلایەكی دیكەوە بەشدار حەسەن یەكێك لەپارێزەرانی گیراوانی بادینان بەمایكی وت: ئەمرۆ سەردانی نوسینگەی سلێمانی پەرلەمانی عێراقم كرد و یاداشتێكمان دایە نوسینگەكە تا بیگەیەننە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی كار بۆ ئازادكردنی گیراوانی بادینان بەمەرج بكەن.
هەفتەی رابردوو وەفدێكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مونا یاقو سەرۆكی دەستەكە سەردانی بەڕێوەبەرایەتی چاكسازی گەورانی هەولێریان كرد، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەكە مەبەستیان بەدواداچونی دۆخی سزادراوان بووە.
دەستەی مافی مرۆڤ لە بارەی مانگرتنی سزادراوانی بادینان ڕایگەیاندووە:  ئەوەی تایبەت بوو بە رەوشی تەندروستی سزادراوان ومانگرتنیان دوای بینینی مانگرتوان لە لایەن وەفدەكەوە دەركەوت كە دۆخی تەندروستیان جێگیرە، بەڵام لە حاڵەتی بەردەوام بوونیان لە مانگرتن رەنگە مەترسی لەسەر ژیانیان و تەندروستیان دروست بێت.
دەستەی مافی مرۆڤ ئەوەشی خستووەتەڕوو: بنكەی تەندروستی چاكسازی وەكو پێویست نیە لە رووی نەبوونی پزیشكی پسپۆر و پێداویستی پزیشكی سزادراوان گلەییەكی زۆریان هەبوو، بۆیە دەستە ئەم بابەتە بە بایەخەوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی تاوتوێ دەكات و بە تایبەتیش كە ئێستا چەند سزادراوێك توشی نەخۆشی پێست بوون.
بەوتەی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك لە سزادراوان داواكاریان هەبوو تایبەت بە (ئازادكردنی بە مەرج)، دەستەكە دەشڵێت: بۆ ئەم مەبەستەش پێمان راگەیاندن ‌ دەستە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی داواكاری گشتی و ئەنجومەنی دادوەری لە پەیوەندیدایە بۆ چارەسەری ئەم گرفتە بە گوێرەی یاسا و رێنماییە كارپێكراوەكان.
سەبارەت بە داوای سزادراوان لەسەر فەرمانی هەرێمی تایبەت بە كەم كردنەوەی سزای (٦٠%) و (٥٠%) لە سزای پێنج سزادراو، دەستەكە بەڵێنی بە سزادراوانداوە‌ لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ تەواوكردنی رێككارەكانی ئەم بڕیارە و بەدواداچوونی پێویستی بۆ دەكات.
ماوەی نزیكەی دوو هەفتەیە 53 زیندانی لە چاكسازی گەوران كە 10یان سزادراوانی بادینان و شیلادزێن، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن كردووە.
 پاش ئەوەی دادگای هەولێر بڕیاری ئازادكردنی بەشێك لە دەستگیركراوانی بادینانی دەركرد و بەپێی بریارەكە دەبوایە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی رابردوو ئازاد بكرانایە، بەڵام بەبێ بوونی هیچ بیانوییەك بڕیارەكە ڕاگیراوە، لە بەرامبەردا لە ڕۆژی 22ی تەمموزەوە 53 لە دەستگیركراوانی چاكسازی گەورانی هەولێر، مانگرتنیان لە خواردن ڕاگەیاندووە.

More News

Most Popular

هەواڵ

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا

Mic
2024-04-25

لە قەڵادزێ بەڕێکەوت و لە فەرەنسا خنکا
سلێمانی - MIC
ژیلان محەمەد ئەمین، کچە کوردێکی تەمەن 24 ساڵە و یەکێکە لە قوربانییەکانی رووداوەکەی دوێنێ سێشەممەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا.
ژیلان لەگەڵ چەند کەسێکی دیکەدا و یەکێک بووە لەو 100 سەرنشینەی کە لەناو بەلەمێکی پەڕینەوەدابوون لە فەرەنساوە بۆ بەریانیا.
بەڵام پێش گەیشتنیان چەند کەسێک دەکەونە ناو ئاوەکەوەو دەخنکێن کە یەکێکیان ژینایە.
زانیاری ئەوە هەیە، رووداوەکە بەهۆی زۆری ژمارەی سەرنشینانی سەر بەلەمەکەوە بوبێت، بەتایبەت کاتێک کە بەلەمەکە کەوتوەتە ڕێ، ژمارەیەک کۆچبەری ئەفریقیش لەڕێگەی بەکارهێنانی فشارەوە چونەتە ناو بەلەمەکەوە و هەندێکیش دەڵێن شەڕ و ئاڵۆزی روویداوە.
هێشتا بەتەواوی هۆکاری خنکانی ژیلان و ئەوانی دیکە نییە، روونیش نییە کە ئاخۆ جگە لە ژیلان لەناو خنکاوەکاندا کوردی دیکە هەیە یان نا، بەڵام ئەوەی دەزانرێت کە بەشێکی زۆری کۆچبەرەکانی سەر بەلەمەکە عێراقی بوون و لەناو عێراقیەکانیشدا ژمارەیەک کورد هەبوون.
تائێستا نازانرێت کە ئاخۆ ژیلان محەمەد بەتەنها کۆچیکردوە یان خزم و کەسوکاری لەگەڵدا بووە.
ساڵانە لەکاتی پەڕێنەوەی کۆچبەران لەنێوان فەرەنسا بۆ بەریتانیا دەیان کۆچبەر دەخنکێن، ئەوەش لەپێناو گەیشتنیان بۆ ئەو وڵاتە و مافی بەدەستهێنانی مانەوەیان.
هەرچەندە لەچەند رۆژی رابردوودا پەرلەمانی بەریتانیا یاسای ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی وڵاتەکەی بۆ رواندا پەسەند کرد ئەوەش وەک هەولیک بۆ رێگریکردن لە چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچبەران بە یەکێک لە وڵاتە دڵخوازەکەی خۆیان دەزانن بۆ مانەوەیان و وەرگرتنی مافی پەنابەری.