هەواڵ

شەش ساڵ بەسەر تیرۆركردنی رۆژنامەنوس وەدات حسێن تێپەڕدەبێت

Mic
2022-08-13

شەش ساڵ بەسەر تیرۆر كردنی ڕۆژنامەنووس وەدات حسێن تێپەڕ دەبێت و تا ئێستا هیچ كەسێك لەسەر تیرۆركردنی دەستگیر نەكراوە، بەپێی زانیاریەكانیش هێزە ئەمنییەكانی سنوورەكە دۆسیەكەیان داخستووە، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسانیش دەڵێت شەش ساڵە  عەدالەت و یاسا لە تاوانی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس (ودات حسێن)دا، بێ دەسەڵاتە.
وەدات حسێن عەلی، ناسراو بە وەدات دهۆكی، ساڵی 1988 لە گوندی ئەلەكانی سەر بە شارۆچكەی گەڤەری پارێزگای جولەمێرگی باكووری كوردستان لە دایكبووە و  حەوت خوشك و 11 برای هەیە.
بنەماڵەی وەدات خەڵكی دهۆكن، بەڵام لە دوای ئاشبەتاڵی ساڵی 1975، باوكی وەدات ڕوو دەكاتە باكووری كوردستان و لەوێ ژیانی هاوسەریی پێكدەهێنێت، پاشان بەهۆی دۆخی ئەوكاتەی توركیاوە، لە ساڵی 1990دا دەگەڕێنەوە بۆهەرێمی كورستان و لە دهۆك نیشتەجێ دەبنەوە.
وەدات قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی تا پۆلی 12 لە دهۆك بە سەركەوتوویی تێدەپەڕێنێت، بەڵام بەهۆی گوشارەكانی سەریەوە، لە پۆلی 12ی ئامادەییدا ناچاردەبێت واز لە خوێندن بهێنێت.
وەدات بۆ ماوەی چەند ساڵێك وەك چالاكوانی مەدەنیی لە دهۆك كار و چالاكیی دەبێت و هەر لەو ماوەیەشدا چەندین چالاكیی بۆ پشتیوانیی شۆڕشی پارچەكانی دیكەی كوردستان ڕێكدەخات و بەشدارییش لە هەموو بۆنە و چالاكییە نیشتمانیی و نەتەوەییەكاندا دەكات.
وەدات ساڵی 2016 وەك پەیامنێری ئاژانسی رۆژنیوز لە دهۆك دەست بەكاربووە، هێشتا لە مانگەكانی سەرەتای كاركردنی بوو لەو ئاژانسە، لە 13ی ئابی 2016دا ڕفێندرا و دواتر بە برینداریی دۆزرایەوە، شوێنەواری زۆری ئەشكەنجە بە جەستەیەوە بوو، بەڵام نەیتوانی هیچ قسەیەك بكات و بەشێوەیەكی گوماناویی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
دوای 103 ڕۆژ لە تیرۆركردنی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا هەر یەكە لە سۆران عومەر، سەرۆكی ئەوكاتی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و مونیرە عوسمان ئەندامی هەمان لیژنە، لە خولی پێشووی پەرلەماندا، ڕاپۆرتی خۆیان لەسەر تیرۆرەكە بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئاشكراكرد.
لەو كاتەدا مونیرە عوسمان وتی: لە هەر وڵاتێكدا كەسێك تیرۆربكرێت، ئەگەر دەسەڵات یان هێزێكی گەورە لە پشتیەوە نەبێت ئەوە بەئاسانی بكەرانی دەدۆزرێنەوە.
سۆران عومەر لەوبارەیەوە وتی: هیچ سەرەداوێك لە تیرۆری وەدات حسێنی ڕۆژنامەنووس نەدۆزراوەتەوە.
وەدات چۆن رفێندرا 
رۆژی 13ی  ئاب، دوای ئەوەی وەدات براكەی دەگەیەنێتە شوێنی كارەكەی و 100 مەتر دووردەكەوێتەوە، لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە كە پێش و دوا لە وەدات دەگیرێت و دەمانچە لەسەر سەری دادەنێن و دایدەبەزێنن تورەكە بەسەریدا دەكەن و دەیڕفێنن.
بەپێی زانیاریەكان كە خەڵكی پرسیویانە بۆكوێی دەبەن، وتویانە گوایە لە منداڵێكی داوە، لەوێشدا خەڵكێكی زۆر بە موبایل دیمەنی ڕفاندنەكەیان گرتووە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە، لەلایەن چەند ئاسایشێكی مەدەنیەوە هەموویان دەستگیركراون و ڤیدیۆكانیان پێ سڕاوەتەوە و هەڕەشەشیان لێكراوە، كە هیچ شاهیدییەك لەسەر كەیسەكە نەدەن.
لەو شوێنەی ئەو ڕۆژنامەنوسە تیرۆركراوەی لێ دەرچووە تا شوێنی ڕفاندنەكەی، بە دوكان و شوێنە گشتیەكانەوە نزیكەی 200 كامێرای چاودێریی هەبووە، بەڵام هێزێكی بەناو بەرەنگاربوونەوەی تاوان لەوێ دەبن، خاوەنی ماركێتەكان شاهیدییان بۆ بنەماڵەی شەهید داوە، كە ئەو هێزەی پۆلیس دوای ڕووداوەكە تەواوی ڤیدیۆی كامێراكانیان سڕیوەتەوە، دواتریش هەڕەشە لە تەواوی ئەو كەسانە كراوە، كە هیچ قسەیەك لەسەر كەیسەكە نەكەن، هەربۆیە ئێستا ئەوان ناوێرن هیچ بڵێن.
بنەماڵەكەی كاتیك چوونەتە نەخۆشخانە، وەدات لە ژیاندا بووە، دەبینن ئەفسەرێكی پۆلیس و دوو ئاسایشی مەدەنی بە دیارەوە وەستاون، كۆمەڵێك لەو كەسانەی ئەوكاتە لەوێ بوون شاهیدییان داوە، هیچ پزیشكێك بانگهێشت نەكراوە بۆ چارەسەری و بینویانە دەرزییەك لە ژێر پەراسوی وەدات دراوە و كارەباش لە لاملی دراوە، دواتر ژیانی لەدەستداوە، ئەوانەشی ئەم ڕوداوە دەگێڕێننەوە هەڕەشەیان لێكراوەو ئێستاش ناتوانن هیچ شتێك لەو بارەیەوە بڵێن.
دوای لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی تیرۆركردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە جەستەی شوێنی ئەشكەنجە و كارەبای پێوە دیاربووە، شیشێك كراوە بە چاوی راستیدا و لە پشتەوە دەرچووە، پەنجەكانیشی هەمووی شكاوە، قۆڵی ڕاستیشی بە گیرەی ئاسنگەری شكێندراوە و هەموو ئەو بەڵگەنامانە لە بەردەستی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بوون، بەڵام جگە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دوو پەرلەمانتار هیچ هەڵویستێكی دیكەی پەرلەمان ڕانەگەیەندرا.
وەدات پێش تیرۆركردنی سێ جار بانگهێشتی ئاسایش كراوە دواین جاریان مانگێك پێش تیرۆركردنەكەی بووە لە ئاسایش پێیان وتووە بۆ ئاژانسی ڕۆژنیوز كاردەكەیت بیكە، بە مەرجێك بۆ ئێمەش كاربكەیت و ئۆتۆمبێل و پارەی باشت پێدەدەین. 

More News

Most Popular

زانست

زیلاندیا...هەشتەمین کیشوەری کە لە ئاوەکاندا نوقم بوو

Mic
2023-09-28

تەنها شتێک کە لەم پارچە ژێرئاوکەوتووە لە سەرووی ڕووی زەریاکەدا دەردەکەوێت، نیوزلەندا و دوورگەکانی دەوروبەریەتی، بەڵام خودی زیلاندیا لە مێژە وەک نهێنی ماوەتەوە.

کاتێک ٨٣ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر کیشوەری سەروو کۆنی گۆندوانا لەیەک جیا بووەوە، بەشێکی زۆری لە ژێر شەپۆلەکاندا نوقم بوو کاتێک دوور دەکەوتەوە، بەپێی هەندێک لە زانایانی جیۆلۆجی، ئەم پارچە ژێرئاوکەوتووە کە پێی دەوترێت زیلاندیا - دەتوانرێت بە کیشوەری هەشتەمی زەوی هەژمار بکرێت.

ئێستا تەنها ئەوەی لە سەرووی ڕووی زەریاکەدا دەرکەوتووە، نیوزلەندا و دوورگەکانی دەوروبەریەتی، بەڵام خودی زیلاندیا لە مێژە وەک نهێنی ماوەتەوە نزیکەی 94%ی کیشوەری 4.9 ملیۆن کیلۆمەتری چوارگۆشە لە ژێر ئاودایە، ئەمەش وردەکارییەکانی بەشی باکووری بارستەی زەوی.
لەم دواییانەدا بە بەکارهێنانی داتای جیۆکیمیایی و ئایزۆتۆپی لە نمونەی بەردی تازە هەڵکەندراو و هەروەها خوێندنەوەی بومەلەرزەزانی، جیۆلۆجیستێکی جیۆلۆجی نیوزلەندا ئەندی تولۆک و هاوکارەکانی نەخشەیەکی پێداچوونەوەیان بۆ ئەو ناوچەیە دروستکرد بۆ لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی دەرکەوتنی کیشوەرەکە.

وەک لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ماڵپەڕی ئاگاداری زانستدا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، نمونەی بەردەکان کە هەندێکیان تەمەنیان وەک دایناسۆرەکانە، لە شوێنەکانی کونکردنی گەڕان و ژمارەیەک لوتکەی بەرکەوتوو لە باشووری زیلاند، وەک دوورگەکانی چاتام و ئەنتیپۆدس وەرگیراون.

شیکاری پێکهاتەی کیمیایی، لەگەڵ بەڵگە جیۆلۆجیەکانی تر، لێکچوونەکانی لە نەخشەکانی لەگەڵ جیۆلۆجیای ڕۆژئاوای ئەنتارکتیکا ئاشکرا کرد، ئەمەش پێشنیاری ژێرئاوکەوتنی پەراوێزی زیلاندیا دەکات تا ٢٥٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، بەسەر ئەو شوێنەی کە ئێستا فەلاتی کامپبێل لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای نیوزلەندا . ژێرئاوکەوتن کاتێک ڕوودەدات کە دوو لێواری توێکڵی زەوی پاڵ بە یەکەوە بنێن، لێوارێک پاڵدەنێتە خوارەوە بۆ ناو پۆششی زەوی.
تولۆچ و تیمەکەی لە توێژینەوەکەیاندا کە لە گۆڤاری Tectonics لە 12ی ئەیلولدا بڵاوکرایەوە، ڕوونیکردەوە "هەردوو وڵاتی زیلاندیا و ئەنتارکتیکا لە ناوخۆدا شێواوییەکی زۆریان هەیە" چەند ساڵێک بەر لە ئێستا.

پاشان لە قۆناغی کۆتایی کریتاسی نزیکەی ٧٩ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، زیلاندیا و ڕۆژئاوای ئەنتارکتیکا دڕا و زەریای هێمنیان پێکهێنا ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر جیۆلۆجی سەرسام کردووە ئەوەیە کە چۆن توێکڵی زیلاندیا توانیویەتی ئەوەندە تەنک بێت پێش ئەوەی بشکێت تەنکییەکی هاوشێوە لە ئەنتارکتیکای ڕۆژئاواشدا دەردەکەوێت.

تولۆک و هاوکارەکانی بەڵگەیان دۆزیەوە کە ئاراستەی فراوانبوونەکە لە نێوان ٨٠ بۆ ١٠٠ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بە ڕێژەی ٦٥ پلە جیاواز بووە، ئەوان پێیان وایە ڕەنگە ئەمە ڕێگەی بە تەنکبوونەوەی بەربڵاوی توێکڵی کیشوەری داوە، ئەم ئەنجامانە پێکەوە بناغەیەکی تۆکمە بۆ شیکارییەکی وردتر بۆ ئەم فراوانییە سەیرەی زەوی دروست دەکەن.