هەرچەندە بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی داخستنی دۆسیەی سەهەندی 17 ساڵی ڕاگەیاند كە مانگی 11 ی ساڵی ڕابردوو دوای دەستگیركردنی لەبنكەی پۆلیسی سەرچنار گیانیلەدەستدا، بەڵام پارێزەرەكەی دەڵێت دۆسیەكەیان تەمیزكردووەتەوە و بەڵگەكانیان ڕەوانەی هەولێر كردووە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش لەسەر دۆسیەكە هاتووەتە سەرخەت.
ئەحمەد هۆرێنی پارێزەری سەهەندی 17 ساڵ كە كەسوكارەكەی پۆلیس بە گیانلەدەستدانی تۆمەتبار دەكەن، بەمایكی وت: دۆسیەی سەهەند جارێكی دیكە تەمیزكراوەتەوە و چەند بەڵگەنامەیەكمان ئاڕاستەی هەولێر كردووە و چاوەڕێی دوا بڕیاری دادگاین لەوبارەیەوە.
وتیشی: لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم پشتڕاستیكردووەتەوە كە سەهەند ئەشكەنجەدراوە، بەڵام تائێستا پشتڕاستی نەكردووەتەوە كە بەهۆی ئەشكەنجەكەوە گیانیلەدەستداوە یاخودنا.
ڕۆژی 12-3-2023 سەبارەت بە دۆسیەی سەهەند بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند دۆسیەكە داخراوە.
پێشتر ئەحمەد محەمەد پارێزەری دۆسێی سەهەند رایگەیاند: ئێستا هاردەكان وەرگیراونەتەوە نێردراونەتەوە بۆ لایەنی تایبەتمەند كە توانای گەڕانەوەی ڤیدیۆكانیان هەیە.
وتیشی: بەكاتی دۆسێكە داخراوە و لەكاتی تەواوبوونی بەڵگەكانی ئێمە دۆسێكە دەهێنینەوە جێگەی خۆی و تەمیزكردنەوەی لە رێدایە.
رۆژی 26ی 11ی 2022 لەلایەن تیمێكی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی موەبەسەرچووی هەرێمەوە گۆڕی سەهەندیان هەڵدایەوە و تەرمەكەیان دەرهێنا بە ئامانجی دووبارە لێكۆڵینەوە لە روودانی گیانلەدەستدانی. پۆلیسی سلێمانیش رایگەیاند ئەوان ئاگاداری هەڵدانەوەی گۆڕی سەهەند نین.
مایك چەند جارێك پەیوەندی بە كەسوكاری سەهەندەوە كرد،بەڵام ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن.
سابیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری ئۆفیسی سلێمانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم بەمایكی وت: ئێمە سەبارەت بە دۆسیەی سەهەند ڕاپۆرتمان داوە بە سەرووی خۆمان و ڕووداوەكە بە پێشێلكاری زەقی مافی مرۆڤ دەزانین.
وتیشی: دۆسیەی سەهەند ڕاستە لەسلێمانی داخراوە، بەڵام وەزارەتی ناوخۆ دۆسیەكەی دانەخستووە و ئێمەش لەسەر ئەو ڕووداوە بەردەوامین لەبەدواداچوون چونكە داواكاری گشتیش جارێكی دیكە داوایكردووە لەسەر دۆسیەكە لێكۆڵینەوە دەستپێبكاتەوە.
بەوتەی سابیر عەبدوڵا پزیشكی دادی لەڕاپۆرتەكەیدا باسی لەوەكردووە كە سەهەند بەهۆی جەڵدەی دڵەوە گیانی لەدەستداوە، بەڵام وەك لەكامێراكانیش دەركەوتووە و ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆش ئاماژەی پێداوە پێشتر سەهەند ئەشكەنجەدراوە.
سەهەند ئەحمەد، مێردمنداڵێكی تەمەن 17 ساڵ بوو، كاری گەیاندنی خواردن (دلیڤەر)ـی بۆ ماڵان دەكرد، رۆژی (11/11/2022) لەلایەن پۆلیسی سەرچنارە وە بەتۆمەتی تەقەكردن و برینداركردنی هاووڵاتییەك دەستگیركرا، بەڵام رۆژێك دوای دەستگیركردنی، لە بنكەی پۆلیسی سەرچنار گیانیلەدەستدا، دواتر لە راپۆرتی پزیشكیدا ئاماژە بەوەدرابوو، ئەو مێردمنداڵە بە جەڵتە گیانی لەدەستداوە.
ئۆجەلان بانگەواز دەکات بۆ ئاشتی لە تورکیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام دەوڵەتی تورکیا پرۆسەکە بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەناسێنێت، پرۆسەکە بە هەر ناوێک بناسرێت، بەڵام لەم هەنگاوەدا کورد چ دەستکەوتێک بەدەستدەهێنێت و چی لەدەست دەدات؟
یەکەم گروپی 40 چەکداریی،چەکەکانیان لە ناوچەیەکی شاری سلێمانی دانا، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ بانگەوازی ئاشتی عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان.
بەپێی پێدوانەکانی بەرپرسە باڵاکانی تورکیا، ئەو چەک و تەقەمەنییانەی لە گەریلاکانی پەکەکە وەردەگیرێنەوە، ناهێڵن بکەوێتە دەستی هیچ هێزێکی دیکە و دەسوتنێرێت.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا بە روونی ئاماژە بەوەدەکات کە ئیتر سەردەمی خەباتی چەکداریی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە بۆ کورد، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی و تورکیا بەتایبەتی دەتوانێت ئایندەیەکی رۆشنتر و گەشتری هەبێت دوور لە پێکدادانی چەکداریی و رشتنی خوێنی یەکتریی.
لە پەیامێکی 40 لاپەڕەیی ئۆجەلاندا، کە رۆژی (27ی شوباتی 2025) لە کۆنگرەی پەکەکە خوێندرایەوە، رێبەری پەکەکە بۆ قۆناغی داهاتوو پابەندبوونی تورکیا بە بنەما دیموکراتییەکان و رێگەدان بە بەشداریی هەموو پێکهاتەکان لە دەسەڵات، بە گرەنتی چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەزانێت.
کۆنگرەی 12ی پەکەکە، بە کۆی دەنگ پرۆژەکەی ئۆجەلانی پەسەندکرد بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێکخستنە چەکدارییەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان و دانانی چەک و بوار بەخشین بە سیاسەت و پرۆسەی دیموکراتی کە گرفتەکان چارەسەر بکەن.
موراد قەرەیلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی پارتەکە لە کۆنگرەی گشتییدا بەشدارییانکرد و گروپێکی دیکە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەشێوەی راستەوخۆ لە شوێنێکی دیکەوە بەشدارییانکرد و وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان دایەوە.
کۆنگرەی 12 لە پەیامێکدا رایگەیاند: "پارتەکەمان لە سەرەتای 'پرۆسەی نوێی هەڵوەشاندنەوە'دایە و لە داهاتوودا لەڕێگەی چەند گروپێکەوە دەستدەکات بە دانانی چەک، بەمەبەستی بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی ئۆجەلان.
هەروەها ئۆجەلان رۆژی 9ی تەموز، بۆیەکەمجار پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوڕێ زیندانیکراوەکانی خۆیدا بانگەوازی ئاڕاستەی ئەندامانی پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا کرد کە پلان و پرۆژەی ئاشتی وەکو خۆی جێبەجێ بکەن.
لەناو تورکیادا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان، جەختی لەسەر هەوڵەکان بۆ بەدیهاتنی ئاشتیی و نەماتی تیرۆرکرد لە تورکیا و بە ئەندامانی پارتەکەی راگەیاند، خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغی سەختی داهاتوو، بۆئەوەی پرسەکان بەلاڕێدا نەبرێت و بەرپرسیارێتی مێژویی بڕیارەکە هەڵدەگرن.
ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایکردووە، ئەردۆغان، پلانێکی هەیە بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی 2028 بۆ جارێکی دیکە پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا بەدەستبهێنێتەوە و ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن لەبەریەکهەڵوەشێنێت و هێزە کوردییەکان بخاتە بەرەی خۆیەوە.
بەگشتی کوردەکان بەشدارییان نەکرد لە خۆپیشاندانەکانی 19ی ئازاری ئۆپۆزسیۆن دژی دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو، سەرۆکی گەورە شارەوانی ئیستانبوڵ و سەرکردەی پارتی کۆماریخوازی گەلی تورکیا، ئەوەش وەکو سەرکەوتنێک بۆ سیاسەت و بڕیاری نوێی ئەردۆغان لێکدرایەوە بۆ نزیکبوونەوە لە کوردەکان و بەڕێوەچوونی پرۆسەی ئاشتی.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ساڵی 1984 دامەزرا، بەڵام عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارەتەکە کە لە ساڵی 1999 لە کینیا لە ئۆپەراسیۆنێکی میتی تورکیا دەستگیرکرا و هێنرایەوە بۆ تورکیا و زیندانیی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا.
بەڵام پرۆژە نوێیەکەی ئۆجەلان زەمینەی بۆ کۆتایی هاتنی ململانێی چل ساڵەی نێوان چەکدارانی کورد و دەوڵەتی تورکیا سازکرد.
چاوەڕوانکراوەکان:
چارەنوسی ئۆجەلان: هێشتا چارەنوسی ئۆجەلان بە هەڵپەسێدراوی ماوەتەوە و لێدوانی جیاجیا بەدیدەکرێن، بۆ نمونە، پارتی داد و گەشەپێدان لە رۆژنامەی "تورکیا"ی زمانحاڵی حکومەت، ئاشکرایکردووە کە سیستمی بەندکردنی ئۆجەلان پاش هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، "هێوردەکرێتەوە"، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ئازادکردنی بدات.
یەکەمجار دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی حیزبی نەتەوەپەرستی تورکیا، لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، دەستپێشخەری ئاشتی کرد، بۆئەوەی لە پەرلەمانەوە بە یاسا گۆڕانکاریی لە بڕیاری سزای سەر ئۆجەلاندا بکرێت و ئاشتی بەرقەراربکرێت و کۆتایی بە تیرۆربهێنرێت.
هەر بۆیە شاندێکی دەم پارتی کە سری سورەیا ئۆندەر سەرپەرشتیی دەکرد، سەردانی دورگە ئیمرالیان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە و پرۆسەی ئاشتییان گەیاندە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو.
شاندی دانوستانکاری ئیمرالی، چەندینجار ئەوەیان راگەیاندووە کە ئیتر تۆپەکە لە گۆڕەپانی پەرلەمانی تورکیادایە کە هەنگاو هەڵگرێت بۆ دەرکردنی یاسایەک کە کۆتایی بە دۆسیەی تیرۆر بهێنێت لە وڵاتەکەیان و ئۆجەلان ئازادبکرێت.
کوژراو یان شەهید؟
لەو یاسایەدا کە پەرلەمانی تورکیا دەریدەکات، دەبێت ئەو تێڕوانینەش راست بکرێتەوە کە 41 ساڵە هێزی خێر و شەڕی لەیەکتریی جیاکردووەتەوە.
لەمەودوا هەردوو لایەنی ناکۆکیی و بەشەڕهاتوو (پەکەکە و سوپای تورکیا) دەبنەوە یەک هێز و کۆتایی بە خوێنڕشتن دەهێنرێت، هەروەها ئەو خوێنەی کەڕژاوە دەبێت مامەڵەیەکی دیکەی لەگەڵ بکرێت و کەسوکاری شەهیدەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش خۆیان بە هاوبەشی پرۆسەی ئاشتی بزانن و بە چاوی دوژمن لە شەهیدەکان و کەسوکاریان نەڕوانرێت.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان:
هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاریگەریی لەسەر رێسا جێبەجێکراوەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دەبێت، لەمەودوا بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی ئۆجەلان و سەرکردەکانی دیکەی پەکەکە، نابێت سزای لەسەربێت، بۆ ئەو مەبەستەش حكومەتی تورکیا ئەو سکاڵا و داخوازاییانەی خۆی لە کۆمپانیاکانی سۆشیاڵ میدیا دەکێشێتەوە.
ئەگەر ئەم هەنگاوە بنرێت، زۆرێک لەو سزایانەی لە نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕی ئینتەرنێت، بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سەپێنرابوون بەسەر زاراوە کوردییەکاندا، هەڵدەگیرێن و قۆناغێکی نوێ لەو بوارەدا دەستپێدەکات.
نەمانی کەیسی تیرۆر
دۆزی کورد زۆر زیانی پێگەیشتووە بەهۆی تۆمارکردنی پەکەکە لە ریزی گروپ و رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا.
لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بەربەستی زۆر بۆ دیپلۆماسیەت و دۆزی کوردی دروستدەبوو، بەهۆی بوونی گروپێکی تیرۆری نێودەوڵەتی بەناوی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە.
لەمەودوا کورد لە تورکیا دەتوانن وەکو هێزێکی سیاسی کاریگەر بەشداریی لە پرۆسەی سیاسییدا بکەن و پەیوەندیی بە گەلانی دونیاوە بکەن.
زیندانییەکان:
بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، لەمەودوا دەبێت بە زیاتر لە 40 هەزار زیندانییکراو و بەندکراو لە تورکیا ئازادبکرێن، ئەوەش ئومێد دەگێڕێتەوە بۆ دەیان هەزار خێزانی کورد لە باکوری کوردستان و کۆتایی بە گۆشەگیرییان دەهێنرێت.
کاتێکیش زیندانییکراوەکان ئازاد دەکرێن، زۆرینەیان دەتوانن بگەڕێنەوە سەر کار و پۆست و پیشەکانی پێشووی خۆیان، کە بەشێکی زۆریان کاربەدەست و سەرۆکی شارەوانی و کەسانی ئیداریی و کارگێڕیی و وەبەرهێنەربوون.
لابردنی قەیومەکان
دەیان شارەوانی لە تورکیا بەهۆی تۆمەتبارکردنی سەرۆکی شارەوانییەکان کە بە هەڵبژاردن دەرچووبوون، لەلارەکانیان لادراون و قەیوم لە جێگایان دانراون، دەبێت ئەم پرۆسەی ئاشتییە ئاسۆیەک لەوبارەیەوە بکاتەوە بۆ گێڕانەوەی بەها بۆ بەشدارییکردنی سیاسی کورد لە تورکیا.
لە بەیاننامەکەی کۆنگرەی پەکەکە، بەهیچ شێوەیەک داوای خۆسەریی، فیدراڵیی و کۆنفیدراڵیی نەکراوە، بەڵکو تەنها نوسراوە "چارەسەری دیموکراتی"، ئەوەش ئەو خاڵەیە کە لە چەقی بەیاننامەکەدا جەختی لێکراوەتەوە.
هەربۆیە گێڕانەوەی بەها بۆ بەشداریی سیاسی و پابەندبوون بە بنەما دیموکراتییەکان، دەبێت لە نەخشەڕێی پرۆسەی ئاشتیدابێت لە تورکیا و کاروباری قەیومەکان بەتەواویی رابگیرێن.
کورد لە ئەوروپا:
تورکیا لەبەرئەوەی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆیە و گرێدراوە بە ئەوروپا، لەمەودوا کارتی سیاسی کورد لە ئەوروپا بەهێزتر دەبێت، بەوپێیەی زۆرینەی رەهای رەوەندی کوردی خەڵکی باکوری کوردستانن.
هەروەها دەیان هەزار کورد بەهۆی دۆسیەی پەکەکەوە لە تورکیاوە ئاوارەی ئەوروپا و وڵاتانی جیهان بوون، بەڵام دەبێت ئەم پرۆسەیە بەربەستی گەڕانەوەی ئەو کوردانە نەهێڵێت بۆ تورکیا و سودمەندبوون لە ناسنامە و وڵاتینامەی تورکیا.
هەروەها ئەو هەزاران کوردەی بەهۆی سکاڵای تورکیاوە لە ئەوروپا بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆدەرچووە، یان بزنس و سەرمایەکانیان دەستی بەسەرداگیراوە، دەبێت سەرجەمیان پاکتاوبکرێت.
باکوری کوردستان و ئاشتی
بەهۆی هەڕەشەی تیرۆر و دۆسیەی پەکەکە، دەیان ساڵە ناوچە کوردنشینەکان پشتگوێخراون و جیاوازییەکی زۆر بەدیدەکرێت لەنێوان ناوچە کوردنشینەکان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی جوگرافیای تورکیا.
لە ساڵانی داهاتوودا، دەبێت پلانێکی نیشتمانیی هەبێت بۆ دووبارە گێڕانەوەی وەبەرهێنان و سەرمایەگوزارییە نیشتمانییەکان بۆ باکوری کوردستان، ئەگەرچی لە دوو دەیەی رابردوودا لەو بوارەدا هەوڵی زۆردراوە.