-18

ترسی منداڵ لە پزیشکی ددان

Mic
2024-02-03

بۆچی منداڵ لە پزیشکی ددان دەترسێت؟
زۆرێک لە منداڵان بێزارن له چوون بۆلای پزیشکی ددان هەڵبەت جێگای سەرسوڕمان نییە چونکە چوونە لای پزیشکی ددان بۆ گەورەکانیش زۆر ئاسوودە بەخش نییە, لەڕاستیدا دایک و باوک هەرچەندێک بشڵەژێن و سترێس بن منداڵیش هەستی پێدەکات, هەروەها ڕەفتاری پزیشکەکەش زۆر گرنگە لەگەڵ منداڵەکە, ترسی منداڵ لە کێشانی ددان, لە دەرزی پزیشکەکە و ئەزموونی ناخۆشی لەگەڵ پزیشکی ددان دەکرێت ببێتە هۆی دروستبوونی ترس تێیدا.

بۆچی یەکەم سەردانکردنی پزیشکی ددان گرنگە؟
کلۆربوونی ددان کێشەیەکی باوی قۆناغی منداڵییە، لەبەر ئەوە هەوڵبدەن هەر لە ساڵەکانی سەرەتای تەمەنی منداڵی، منداڵ ببەن بۆ لای پزیشکی ددان، هەروەها زوو سەردانکردنی منداڵ بۆ لای پزیشکی ددان ئەو بیرکردنەوەیە لای منداڵ دروست دەکات کە دەبێت ئاگاداری ددان و پووکەکانی بێت، ڕەفتار و هەڵسوکەوتی دایک و باوک لەگەڵ بارودۆخەکەدا زۆر گرنگە چونکە کاردانەوەی منداڵ بۆ پزیشکی ددان و سەردانکردنی دیاری دەکات، ترسی منداڵیش لە دەرزی و پزیشکی ددان و گریانی منداڵ کێشەیەکی زۆر ئاسایی و باوە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن ڕەفتاری لەگەڵ بکرێت.

چۆن ڕەفتار بکەین لەگەڵ ترسی منداڵ لە پزیشکی ددان؟
پێش سەردانیکردنی پزیشکی ددان باسی ئەوە بۆ منداڵەکەت بکە کە بڕیارە بچنە لای پزیشکی ددان، بەڵام مەچنە ناو وردەکارییەوە، هەر پرسیارێکی لێکردن بەڕاستەوخۆ وەڵامی بدەنەوە و بهێڵن پزیشکی ددانەکە وەڵامی پرسیارە وردەکانی بداتەوە، پزیشکانی ددان بۆ وەڵامدانەوەی دروستی پرسیاری منداڵەکان تاقیکردنەوە و ئەزموونی پێویستیان کردووە و دەتوانن بە زمانێک کە تایبەتە بە ئەوان بەبێ ترس قسەبکەن.
کاتی قسەکردن لەگەڵ منداڵ دووربن لە بەکارهێنانی وشەی ددان دەرهێنان و کێشان.
هەرگیز باسی ئەو ئەزموونە ناخۆشانەی خۆتان مەکەن کە لەگەڵ پزیشکی ددان هەتانبووە.
دڵنیایی بدەن به منداڵەکەتان کە پاراستنی ددان و پووکەکان زۆر گرنگە و پزیشکی ددان له ڕاستیدا هاوڕێی ئەوە و بە چارەسەرکردنی ددانەکانی یارمەتی پاراستن و سەلامەتی ددانەکانی دەدات.
بۆ ڕۆشتن بۆ لای پزیشکی ددان لەگەڵ منداڵەکەتان بە هیچ شێوەیەک بەڵێنی پاداشت و دیاری مەدەن. 
لەبیرتان بێت کە ترسی منداڵ لەم بابەتە زۆر ئاساییە، هەندێک لەبەر جیابوونەوە له دایک و باوک، هەندێک لەبەر ئەوەی ڕووبەڕووی شتێکی نەناسراو دەبنەوە، هەندێکی تریش لەبەر ئەوەی ڕەنگە ئازاریان پێ بگات و بەرگەی ئەو ئازارە نەگرن و تووشی ترس و شڵەژان دەبن. 
ڕۆڵی پزیشکی ددان
منداڵان بە ڕێگا و شێوازی جیاواز ترسیان دەردەخەن لە پزیشکی ددان، هەندێکیان لەوانەیە بگرین و بێزاری دەربڕین و بۆڵەبۆڵ بکەن و بیانووبگرن، بەگشتی پزیشکانی ددان بۆ کەمکردنەوەی سترێس و ترسی منداڵ سوود لە هەندێک تەکنیک وەردەگرن:
پزیشکی ددان دەبێت بە دەنگ و تۆنێکی هاوڕێیانە قسە لەگەڵ منداڵ بکات و لەکاتی پێویستدا توند و جدی بێت.
بۆ وەسفکردنی شێوازی ئەنجامدانی ددان کێشان و کارەکانی تر دەبێت وشەی سادە بەکاربهێنێت، هەندێک کات پزیشکەکە پێش ئەنجامدانی کارەکە لەسەر منداڵەکە، لەسەر بووکەڵەیەک یان کەسێکی تر شێوازی ئەنجامدانەکەی بەشێوەیەکی خۆش و سادە نیشان دەدات.
زۆر کات پزیشکەکە بۆ سەرقاڵکردنی منداڵەکە تا ئاگای لە ئەنجامدانی پشکنین و کارەکان نەبێت چیرۆک بۆ منداڵەکە باس دەکات یان گفتوگۆیەک لەگەڵی ئەنجام دەدات تاکوو ئاگای لە پڕۆسەی کارکردنەکە نەمێنێت.
بەگشتی پزیشکان سوود لە زمانی جەستە وەردەگرن وەک زەردەخەنە بۆ ڕەفتارێکی باش و ڕوو گرژکردن بۆ ڕەفتارێکی خراپ بەڵام بۆ بەهێزکردنی ڕەفتاری باشی منداڵ دەبێت هانبدرێت و وەسف و سەنای بکرێت.
لەوانەیە پزیشک دەرمانی سڕکەر بەکاربهێنێت لە کاتی پێویستدا بۆ ئەوەی منداڵ ئازار نەکێشێت یان ئاسوودە بێت. 
ئەگەر دەزانن کە پزیشکی ددانەکە یارمەتی هەستی ئاسوودەیی و کەمکردنەوەی سترێسی منداڵەکەتان نادات، هەرچی زووترە پزیشکی منداڵەکەتان بگۆڕن، زۆر گرنگە کە منداڵ لە ساڵەکانی سەرەتای ژیانی ئەزموونێکی باشی لە پزیشکی ددان هەبێت چونکە لەکاتی هەبوونی ئەزموونێکی خراپ لەوانەیە تووشی ڕەشبینی ببێت بەرامبەر پزیشکی ددان و ئەم ڕەشبینییە لە گەورەییدا بەردەوامی هەبێت و کەسەکە هەروا لە پزیشکی ددان بترسێت.

More News

Most Popular

-18

ئایا لە منداڵدا مەڵاشوو دەکەوێت؟

Mic
2024-02-21

ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.