هەواڵ

چارەنووسی دادگای فیدراڵی دوای داواکاری خانەنشینبوونی سەرۆک و دەستلەکارکێشانەوەی 9 ئەندام

Mic
2025-06-23


سەرۆکی دادگای فیدراڵی داوای خانەنشینبوونی کردووە و 9 ئەندامی دادگاکەش، نامەی دەستلەکارکێشانەوەیان پێشکەش کردووە، پەسەندکردنی هەموو ئەمانە، هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەنووسی دادگاکە نابێت و کارەکانی بەردەوام دەبێت.

دوای پێشکەشكردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوە لەلایەن 9 ئەندامی دادگای فیدراڵییەوە، سەرۆکی دادگاکەش داواکاری خانەنشینبوونی پێشکەشی ئەنجومەنی دادوەری کرد.

هۆکاری پێشکەشکردنی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای فیدراڵی " هەڵسوکەوتەکانی سەرۆکی دادگاکەیە"، ئەندامێکی دادگای فیدراڵی کە نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشكردووە بە دیجیتاڵ میدیای Micـی وت،" داواکاری خانەنشیبوونی سەرۆکی دادگا، نامان گەڕێنێتەوە".

باسی لەوەشكرد، "چاوەڕوانی بڕیاری ئەنجومەنی دادوەری دەکەین لەسەر داواکارییەکانی ئێمە بۆ دەستلەکارکێشانەوە و داواکاری سەرۆکی دادگاش بۆ خانەنشیبوون، بەپێی بڕیاری ئەنجومەن ئێمەش بڕیار دەدەین".

چارەنووسی دادگای فیدراڵی ئەو تەوەرەیە کە لە دوای پێشكەشکردنی داواکاری دەستلەکارکێشانەوەی دادوەرانەوە بەردەوام باس دەکرێت، ئەندامێکی دادگای فیدراڵی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای Micـی رایگەیاند،" داواکاری خانەنشیبوونی سەرۆک و دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانیش پەسەند بکرێت، دادگای فیدراڵی لە کارەکانی بەردەوام دەبێت".

دادگای فیدراڵی عێراق بەپێی یاسای ژمارە (30) ساڵی 2005 پێکهێنراوە، ئەندامانی لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری هەرێمەكان كاندید دەكرێن.

ئەگەر داواکاری خانەنشیبوونی سەرۆک و دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانیش پەسەند بکرێت، بەپێی هەمان یاسا کارەکانی دادگاکە بەردەوام دەبێت و سەرۆک و ئەندامی نوێ بۆ دادگاکە دیاری دەکرێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

رێککەوتن نەکراوە… حکومەتی عێراق کەی پارەی مووچە رەوانە دەکات؟

Mic
2025-07-16


حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لەسەر نەوت و داهاتی نانەوتی رێککەوتنیان نەکردووە، وتەبێژی حکومەت دەڵێت، لێک تێگەیشنەکە سەرەتاییە و دواتر دەبێت رێککەوتنێکی فراوان.

پرسی نەوت و داهاتی نەوتی خاڵی ناکۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بوو، دوای چەندین جار توانرا بگەنە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا بە روونی دانی پێداناوە لێکتگەیشتنە نەک رێککەوتن و رایگەیاندووە، پێشوازیی لێ دەکەن.

بەپێی لێکتێگەیشتنەکە هەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق دەکات. حکومەتی عێراق لە بەرامبەردا مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، لێکتگەیشتنەکە سەرەتاییە، دواتر هەردوو حکوومەت دەچنە ناو ڕێککەوتنێکی فراوانترەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دیجتاڵ میدیایMic، تا ئەنجامدانی رێککەوتن پارە رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت و دوای رێککەوتنەکە حکومەتی عێراق دەست بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەکات.

تا ئێستا وادەی رێککەوتنەکە بە فەرمی دیاریی نەکراوە، بەڵام هەموو چاوەڕوانییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە بکرێت.

بەپێی رێککەوتنەکە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ  دیجتاڵ میدیای Mic پشتراستکردوەتەوە، نابێت هیچ مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بفەوتێت.