ئەمڕۆ، شەممە، شانەی تاکتیکی وەزارەتی ناوخۆ
داوا لە عێراقییەکان دەکات وەڵامی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نەدەنەوە یان ئەو لینکانە
نەکەنەوە کە بۆیان دەنێردرێت.
شانەکە لە بەیاننامەیەکدا پشتڕاستی کردەوە کە
"تیمەکەیان زانیاری هەستیاریان لەبارەی هێرشێکی ئەلیکترۆنی لە عێراق دەستکەوتووە،
کە پێدەچێت سەرچاوەکەی مۆسادی ئیسرائیل بێت".
رونیشیکردەوە، "هێرشەکە مۆبایلی ئەندامانی
پێشەنگی کوتلە چەکدارە عێراقییەکان یان کەسانی پەیوەندیدار بەوان دەکاتە ئامانج، بە
ناردنی لینکی زیانبەخش بۆ ژمارە تەلەفۆنەکان یان لە ڕێگەی فەیس تایم، جیمەیڵ،
واتسئەپ، مەسنجەر، یان تێلێگرام، یان لە ڕێگەی پەیوەندییە دووبارەکانەوە لە ژمارە
نێودەوڵەتییە نادیارەکانەوە".
رونیشی کردەوە کە "ئەمە جۆرێکە لە تەڵەی هێرشی
ئەلیکترۆنی کە پشت بە ئەندازیاری کۆمەڵایەتی دەبەستێت بۆ دانانی نەرمەکاڵای فیشینگ
لەسەر بەکارهێنەر، بە ئامانجی دزینی داتای مۆبایل و سیخوڕیکردن و دیاریکردنی شوێنی
جوگرافی".
شانەی تەکنیکی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکرد،
"ئەم تاکتیکە هاوشێوەی ئەو تاکتیکەیە کە مۆسادی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر
ئامێرەکانی بەشێک لە سەرکردە سەربازییەکانی ئێران و بەشێک لە هاووڵاتیانی پەیوەندیدار
بە ئەندامانی سوپای پاسداران بەکاریدەهێنن. ئەمەش وایکرد دەسەڵاتدارانی ئێران هۆشدارییەکی
ئەمنی بۆ هاوڵاتیان دەربکەن بۆ ئەوەی لینکی گوماناوی نەکەنەوە، دوای ئەوەی زۆرێک لە
ئێرانییەکان پەیامی ساختەیان پێگەیشت کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ماڵپەڕی فەرمیی
ڕێبەری مەزنی ئینقلابی ئیسلامییەوەن بە هەمان پاساو فێڵیان لێکراوە."
شانەکە داوای لە هاوڵاتیانی عێراق کردووە وەڵامی
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان نەدەنەوە و ئەو لینکانە نەکەنەوە کە لە ژمارە یان ئەکاونتی
نادیارەوە دەنێردرێت، بەبێ گوێدانە ئەو نوسینەی لەگەڵ لینکەکەدا نێردراوە.
پەرلەمانتارێکی عێراق،
کە وتەبێژی کوتلەی سادیقون (سەر بە قەیس خەزعەلی، سەرۆکی بزوتنەوەی عەسئیبی ئەهلی
حەق)، ئاشکرایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان شەفاف نییە و ئەوەش هۆکاری نەناردنی
موچەی فەرمانبەرانە.
محەمەد کەریم ئەلبەلداوی، جێگری سەرۆکی لیژنەی
پلاندانانی پەرلەمان، بە میدیاکانی راگەیاندووە، "مامەڵەکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی
دەبێت لەسەر بنەمای شەفافیەت بێت، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ شێوازی چەوت و تەمومژاوی ببرێت".
ئەلبەلداوی دەڵێت: "کاتێک حکومەتی هەرێم
ناو و پەنجەمۆری هێزە سەربازییەکان نانێرێت بۆ بەغداد، ئەوە هەوڵێکە بۆ
بەلاڕێدابردن و دەستکارییکردنی پرسە هەستیارەکان".
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نزیکایەتی
هەیە لەگەڵ عەسائیبی ئەهی حەق، هەروەها محەمەد کەریم ئەلبەلداوی، وتەبێژی فەرمیی
عەسائیبە، پشتیوانی لەو رێوشوێنانە دەکات کە وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی موچەی
موچەخۆرانی هەرێمەوە گرتویەتیەبەر.
ئەلبەلداوی جەختلەوە دەکاتەوە کە "هیچ نهێنییەک
لە کارکردن لەگەڵ دامودەزگاکانی دەوڵەتدا نییە، حکومەتی هەرێم دەبێت نەرمیی
بنوێنێت و بەرپرسیارانە مامەڵە بکات، بۆ ئەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر
بکات، دیارترینیان مەلەفی مووچەیە، کە کاریگەری لەسەر توێژێکی بەرفراوانی هاووڵاتیان
هەیە".
ئەو پەرلەمانتارە هیچ ئاماژەیەکی دیکەی بە
هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نەکردووە، لەکاتێکدا دوو
مانگە موچە و شایستە داراییەکانیان لە بەغدادەوە نەنێردراوە و پرسەکە بە هەڵپەسێردراوی
ماوەتەوە.