ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، یەکەم بەیاننامەی لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و وڵاتەکەی پشتڕاستکردەوە و تیایدا هاتووە: "رایدەگەیەنن کە لەمەودوا هەر دەستدرێژییەک یان هەرەشەیەک... وەڵامی دەبێت".
لە بەیاننامەکەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران، ئەوە خراوەتەڕوو: "لە ماوەی 12 رۆژی رابردوودا، لە ئەنجامی خوێنی شەڕڤانان و کۆڵنەدانی بێوچانیان، هەموو دەستدرێژییەک لە سەردەمی خۆیدا و بە قەبارەی گونجاو وەڵامی دەدرایەوە".
هەروەها دەڵیت: "بە پشتبەستن بەو هۆشیارییە گەورەیەی ئێوەی گەلی ئێران، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنن کە لەمەودوا هەر دەستدرێژییەک یان هەرەشەیەکی رژێمی زایۆنیستی یان لایەنگرانی بە وەڵامێکی چارەنووسساز و راستەوخۆ بەرەوڕوو دەبێتەوە".
لە بەیاننامەکەدا ئەگەرچی بێ پێچ و پەنا باسی ئەوە نەکراوە کە چوونەتە قۆناغی ئاگربەستەوە لە جەنگەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام دەستخۆشی لەوە دەکات کە هێزەکانیان لەم ماوەیەدا کاری خۆیان ئەنجمداوە و لەمڕۆوە دۆخەکە دەچێتە قۆناغی چاودێرییەوە نەک بەردەوامیی جەنگ.
لە 12 رۆژی جەنگی ئیسرائیل و ئێراندا، بازاڕەکانی
هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار توشی هیچ شڵەژانێک و بەرزبونەوەی نرخی کاڵاو شمەک
نەبوو، لە کاتێکدا زۆرینەی کاڵای بازاڕەکانی ئێرانین.
بەرەبەیانی 13ـى حوزەیران ئیسرائیل هێرشێکی چڕ و
فراوانی کردە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران، هێرشەکە یەکەم هێرشی ئاشکرا و راستەوخۆی
ئیسرائیل بوو بۆ سەر ئێران.
ئیسرائیل گورزی کوشندەی لە ئێران وەشاند، جگە لە
کوژرانی سوپاسالاری ئێران و فەرماندەی سوپای پاسداران و فەرماندەی هێزی ئاسمانی
ئێران، چەندین فەماندەی پلەباڵای ئێران کوژران، هەروەها زیاتر لە 10 زانای ئەتۆمی
ئێران کوژران.
ئێران هەمان رۆژ وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و بەچڕی
ئیسرائیلی موشەک باران کرد، دوای 12 رۆژ شەڕەکە بە کاتی وەستێندراوە و بڕیارە
ئاگربەستی درێژخایەنیش بکرێت.
هەرێمی کوردستان لە نێوان بەرداشی ئێران و
ئییسرائیلدا بوو، بەشێک لە موشەک و درۆنەکانی هەر دوولا بەسەر ئاسمانی هەرێمدا
تێدەپەڕین و لە چەند ناوچەیەکیش کەوتنەخوارەوە.
ئەوەی بۆ هەرێمی کوردستان جیاوازبوو لەم جەنگەدا،
سەقامگیری دۆخی بازاڕەکانی بوو، نەک شتومەک گرانن نەبوو، بازاڕ هیچ شڵەژانێکی
بەخۆیەوە نەبینی، بەڵکو بەشێک لە شمەک و پێداویستییەکان نرخەکانیان دابەزی.
گراننەبوونی کاڵا و پێویستی هاوڵاتیان
لەکاتێکدابوو، بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەی لە بازاڕەکانی هەرێمدان، بەرهەمی
ئێرانییە، لە 12 رۆژ ئەو جەنگە قورسەی بەرۆکی ئێرانی گرتبوو، سنورەکان دانەخران و
ئاڵوگۆڕی بازرگانی وەک خۆی بەردەوام بوو.
یەکێکی تر لەو هۆکارانەی کە وایکرد، لە بازاڕەکاندا
هیچ شڵەژانێک روونەدات، دابەشنەکردنی مووچە بوو، کاتێک جەنگەکە دەستیپێکرد، 43
رۆژبوو مووچە دابەشنەکرابوو، ئەمەش وایکرد هاوڵاتیان بە لێشاو و زیاد لە پێویست
شتومەک نەکڕن.
هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئەنجامدانی
ریفراندۆم و بڵاوبونەوەی کۆرۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ لەکاتی سەرژمێریدا، بەلێشاو
روویان لە بازاڕەکان دەکرد بۆ کڕینی شتومەک، ئەمەش سڵەژانی لە بازاڕدا دروستت کرد
و بووەهۆی بەرزبونەوەی نرخ، بەڵام تێپەڕاندنی ئەم جەنگە بەبێ شڵەژانی بازاڕ،
هاوڵاتییانی هەرێم رادەهێنێت بۆ چۆنێتی مامەڵەکردنن لەگەڵ کێشە و قەیرانەکاندا.