هەواڵ

چی روویدا؟ ئەمریکا هێرشی کردە سەر ئێران

Mic
2025-06-22

ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردنی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئێستا هەڵوێستی تاران یەکلایی کەرەوەیە و هەنگاوەکانی بڕیار لەسەر هاوکێشەکانی داهاتووی شەڕەکە دەدەن.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆتایدا بڕیارە قورسەکەیدا و واشنتن بەشداری شەڕی ئێران و ئیسرائیلی کرد و فڕۆکەی B-2ـی ئەمریکی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومان کرد.

ئەمریکا هێرشەکەی بە فڕۆکەی جەنگی و موشەکە بەهێزەکانی ئەنجامدا، هەریەک لە بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی بە ئامانج گرت.

هێرشەکە کاردانەوەی توندی ئێرانی لێکەوتەوە، تاران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی توندی هێرشەکان دەکات، ئەوەیش لە رێگەی بە ئامانجگرتنی بەرژوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

هێرشی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، مەترسی تیشکدانەوەی ئەتۆمی دروستکردووە، بەڵام دەزگای سەلامەتی ئەتۆمیی ئێران رایگەیاندووە، نیگەران مەبن و لە دەوروبەری بنکەکان ئاسایی بژین.

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیش رایگەیاندووە، هیچ ئاماژەیەک نییە لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ئاستی تیشکدانەوەی ئەتۆمی زیادبووبێت.

بەپێی پێگەی ئەمواجی بەریتانی، واشنتن پێشوەختە ئێرانی لە هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکان ئاگادارکردووەتەوە، وەک بەرپرسێکی ئێرانیش بە ئاژانسی رۆیتەرزی بەریتانی راگەیاندووە، پێش هێرشەکە یۆرانیۆمی پیتێنراومان لە فۆردۆ گواستووەتەوە.

هێرشەکانی ئەمریکا زوو کاردانەوەیان بە دوای خۆیاندا هێنا، حکومەتی عێراق سەرکۆنەی کرد و رایگەیاند، ئەو پەرەسەندنە سەربازییە "هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

ئەمریکا ترسی هەیە
ئەمریکا لە دوای هێرشەکانی بۆ سەر ئێران، ترسی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی لەلایەن تارانەوە هەیە، چونکە ئەو وڵاتە هەڕەشەی توندترین وەڵام دەکات.

ئەمریکا وەک بەشێک لە ئامادەکارییەکان بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکانی، لە یەکەم کاردانەوەدا ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە بەغدا کەمتر کردەوە.

ئێستا ئێران لە دووڕیانێکدایە و دەتوانێت جەنگەکە گەورەتر بکات یان بە شێوەیەکی تەواوەتی کۆتایی پێبهێنێت، وەڵامدانەوەی هێرشەکان جەنگەکە گەورەتر دەکەن، یان بێدەنگ دەبن و کۆتایی پێدەهێنن.

چەند کاتژمێری داهاتوو بۆ جەنگی ئێران لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا یەکلایی کرەوە دەبێت، هەڵوێستی تاران بڕیار لەسەر هاوکێشەکانی داهاتووی شەڕەکە دەدات.

رۆژی 13ـی حوزەیران، ئیسرائیل لەناکاودا هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد، ئێرانیش وەڵامی هێرشەکانی دایەوە و 10 رۆژە شەڕی راستەوخۆی دوو وڵاتەکە دژ بە یەکتر بەردەوامە، بەڵام ئەمریکا هاوکار و پشتیوانێکی راستەوخۆی ئیسرائیل بووە و ئەمڕۆ بووە بەشێک لە جەنگەکە.

More News

Most Popular

هەواڵ

دادگای فیدراڵی دوو سکاڵای دژ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ڕەتکردەوە

Mic
2025-07-22

دادگای فیدراڵیی عێراق ئەو دوو سکاڵایەی ڕەتکردەوە کە لە دژی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تۆمار کرابوون.

لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، ئەو دوو سکاڵایەی لە دژی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ بە پارێزگابوونی هەڵەبجە تۆمارکرابوون؛ ڕەتکردەوە.

سکاڵاکان لەلایەن شەش پەرلەمانتارەوە لە دژی سەرۆک کۆماری عێراق، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرانی تۆمار کرابوون لە سکاڵاکاندا داوایان کردبوو، بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە نایاسایی بناسرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە.

پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ڕۆژی 14-04-2025، لە لایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند کرا، هەڵەبجە بووە 19ـهەمین پارێزگای عێراق و چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان.

ڕۆژی سێشەممە، 29-04-2025، د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ڕۆژی لەسەر یاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد.