هەواڵ

دابخرێت عێراق ناتوانێت موچە دابەشبکات.. ئێران گەروی هورمز دادەخات

Mic
2025-06-22


فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گەروی هورمز دادەخەن، بە داخستنی گەرووەکە رێژەی رۆشتنت نەوتی عێراق نزیک دەبێتەوە لە سفر و بەمەش سەرچاوەی داهاتی عێراق وشک دەکات.

دوای هێرشەکەی بەرەبەیان ئەمڕۆی ئەمریکا بۆسەر بنکەیی ئەتۆمی فۆردۆ لە ئێران، ئەمڕۆ عەلی ڕەزا تەنکسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران رایگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا گەروی هورمز دادەخەن، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا.

لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران و پاشان ففراوانبوونی هێرشەکانی ئێران و ئیسرائیل بۆسەر یەکتری، یەکێک لە بژاردەکانی ئێران بۆ هەر دەستوەردانێکی ئەمریکا لە جەنگەکەی لەگەڵ ئیسرائیل، ئەوەبوو، کە گەروی هورمز بەتەواویی دابخات، هەموو جموجوڵیکی بازرگانیی و هەناردەکردنی نەوت ببوەستێنێت.

ئێستا ئەمریکا بەشداری جەنگەکەی کردووە و دوورنییە بەردەوامبێت لە هێرشەکانی بۆسەر ئێران، رەنگە ئێران چەکە ئابورییە کاریگەرەکە بەرامبەر بە ئەمریکا بەکاربهێنێت، کە ئەویش داخستنی گەرووی هورمزە.

گەروی ھورمز، پانییەکەی 50 کیلۆمەترە، بەڵام تەنها 40 کیلۆمەتری بۆ جموجوڵی بازرگانیی بەکاردەهێنرێت و ڕێڕەوێکی ئاویی ستراتیژییە و کەوتوەتە نێوان ئێران و عومان و ئیماڕات، کە کەنداوی فارس بە دەریای عەرەبی و پاشان زەریای ھیندی دەبەستێتەوە و پێنجیەکی هەناردەکردنی نەوتی جیهان لەم نۆکەندەوە تێدەپەڕێت.

بەپێی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان ناسراو بە (ئەن کلۆس)، کە لە ساڵانی 1973 تا 1982 هاتوەتە ئاراوە، هەموو کەشتی و فڕۆکەکان مافی تێپەڕبونیان بەم گەروەدا هەیە و داخستنی تاکلایەنەی وڵاتێک دەبێتە هۆی پێشێلکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە.

گەرووەکە بەناوی دورگەی هورمزەوە ناونراوە کە دورگەیەکی بچوکە و دەکەوێتی سنوری ئاوی ئێرانەوە و سەر بە پارێزگای هورمزگانە و روبەری دورگەکە 42 کیلۆمەترە و سێ هەزار کەس لێی نیشتەجێن.

شارەزایانی بواری جیۆپۆلەتیکی و چاودێرانی نێودەوڵەتی، پێیان وایە ئێران هەم لە ڕوی سەربازی و هەمیش لە ڕوی جوگرافییەوە توانای داخستنی گەروەکەی هەیە.

لە ئەگەری داخستنی گەروەکە، سعودییە، ئیمارات و عێراق چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداو زیانی گەورەی ئابورییان بەردەکەوێت، سەرەڕای ئەوەش دەبێتە هۆی بەزربوونەوەی نرخی کاڵا و زیادبونی تێچووی گواستنەوەی نەوت و پچڕانی ڕێگای وڵاتانی ھاوردەکار.

More News

Most Popular

هەواڵ

بەربەستە گەورەکەی بەردەم ناردنی مووچە نەما

Mic
2025-08-13


رێککەوتنی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بەربەستی گەورەی بەردەم ناردنی مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە لادەبات، بەغدا بیانوی بۆ نەناردنی مووچە بەدەستەوە نامێنێت.


ئەمڕۆ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، لەگەڵ وەزارەتی نەوتی حکوومەتی عێراق ڕێککەوتین، ڕێککەوتنەکەش لە لایەن 23 کەسایەتی شاندی هەردوولا واژۆ کراوە، کە 17ـیان ئەندامی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بوون.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکان لە 17ـی مانگی ڕابردووەوە دەستیان پێکرد و لەم ماوەیە سەردانی تەواوی کێڵگەکانی نەوتی هەرێم کراوە و دوای هەڵسەنگاندنی کێشەکانی هونەری گفتوگۆیەکی زۆر، لە 11ـی ئەم مانگە ڕێککەوتن لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کراوە، کە بە گوێرەی بەرهەمی ڕۆژانەی کێڵگە نەوتییەکان دەبێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ پێویستی ناوخۆی هەرێم گلدەدرێتەوە، بەرهەمەکەی دیکە بۆ هەناردەکردن ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت.

لەبارەی وادەی هەناردکردنی نەوتی هەرێمەوە لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ماوەتەوە حکومەتی فیدراڵ لەگەڵ حکومەتی تورکیا قسە بکات و پرۆسەکە جێبەجێ بکرێت.

لە ئاداری ساڵی 2023ـەوە، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەهۆی سکاڵایەکی عێراق لە دژی تورکیا تۆمارکرا، لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا ڕاگیرا.

لەماوەکانی رابردوودا، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەیان بەوەدەکرد، کە راگرتنی نەوتی هەرێم، بە بەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار زیانی بە ئابوریی عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە.

لە دوو مانگی رابردوودا، نەناردنی مووچەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، کێشەکانی هەرێمی قوڵترکردەوە، بەغد سوربوو لەسەر ئەوەی کە چیتر مووچە نانێرێت تا ئەوکاتەی نەتی هەرێم هەناردەدەکرێت، لەئێستادا مووچەخۆرانی هەرێم مووچەی مانگی 6 و 7 وەرنەگرتووە.

ناردنی مووچەی هەرێم بەسترابووەوە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمەوە، ئێستا هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر ئەو پرسە رێککەوتووە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت، حکومەتی عێراق پابەندی خۆی بە ناردنی مووچە دەرببڕێت.