هەواڵ

دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی کێشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروست دەکات

Mic
2025-06-21


دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق هەڕەشە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکات، وەک ئەوەی بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی پاڵپشتی یاسایی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان.

رۆژی 19ـى حوزەیرانو شەش ئەندامی سەرەکی و سێ ئەندامی یەدەکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق دەستیان لەکارکێشایەوە، میدایاکانی عێراق هۆکارەکەیان بۆ داوایەکی سەرۆکی دادگاکە گێڕایەوە لە دەسەڵاتدارانی عێراق.

وەک میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان پێکردووە، جاسم عەبود، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە،  کۆبوونەوەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیە مشتومڕاوییەکانی نێوان دادگای تەمیز و دادگای فیدراڵی رێکبخەن، ئەمەش ناڕەزیەتی ئەو نۆ دادوەرەی لێکەوتووەتەوە.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویکردەوە، دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای باڵای فیدراڵی هۆکارەکە ناکۆکی بووە لە نێوان سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی و دادوەر فایق زیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.

شەرقولئەوسەت  ئاشکرای کردووە، هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیی دەسەڵاتدار هەوڵدەدات دۆخی سیاسی ناوخۆیی کۆنتڕۆڵ بکات و پێش بە هەر هەڵکشانێکی زیاتر بگرێت، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی کاردانەوەی رووبەڕووبوونەوەی ئێستای نێوان ئێران و ئیسرائیل.

سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ شەرقولئەوسەت باسیان لەوە کردووە کە هێزەکانی ناو "چوارچێوە" ترسیان لە کاردانەوەی ئەو بۆشاییە هەیە، کە بەهۆی دەستلەکارکێشانەوەی ئەندامانی دادگای فیدراڵییەوە دروست بووە.

باسیل حسێن، سەرۆکی سەنتەری کلواز بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی بە شەرقولئەوسەتی راگەیاند، باشترین ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پابەندبوونە بە بڕگەکانی دەستور و کارکردن بۆ دەرکردنی یاسایەک بۆ دادگای باڵای فیدراڵی، کە لەگەڵ مەرجە دەستوورییەکاندا بگونجێت.

 محەمەد سەلمان تائی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانێت، لێک تێگەیشتن بکرێت لەگەڵ دادوەرە دەستلەکارکێشاوەکان و کشانەوەی دەستلەکارکێشانەوەکانیان و هۆشداریشیدا لەوەی وڵاتەکە ڕەنگە خۆی بخزێنێتە ناو قەیرانێکی سیاسی بێ وێنەیەوە.

رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاماژەی بەوەکردووە، دەستلەکارکێشانەوەی زۆرینەی ئەندامانی دادگای فیدراڵی کێشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دروست دەکات، بەو پێیەی ئەگەر  پێش هەڵبژاردن کێشەکانی دادگاکە چارەسەر نەکرێن، ئەوا دادگای باڵای فیدراڵی ناتوانێت ئەنجامی هەڵبژاردن پەسەند بکات.

بەپێی دەستووری عێراق، دەبێت هەموو هەڵبژاردنەکانی عێراق پاش راگەیاندنی و یەکلایی بوونەوەی سکاڵاکان، لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە پەسەند بکرێت.

وابڕیارە رۆژی 11ـى 11ـی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمسیۆن بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی و لە ئێستادا ئامادەکاری دەکات بۆ وەرگرتنی ناوی لیستی کاندیدی لایەنەکان.

More News

Most Popular

هەواڵ

رێککەوتن نەکراوە… حکومەتی عێراق کەی پارەی مووچە رەوانە دەکات؟

Mic
2025-07-16


حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا لەسەر نەوت و داهاتی نانەوتی رێککەوتنیان نەکردووە، وتەبێژی حکومەت دەڵێت، لێک تێگەیشنەکە سەرەتاییە و دواتر دەبێت رێککەوتنێکی فراوان.

پرسی نەوت و داهاتی نەوتی خاڵی ناکۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بوو، دوای چەندین جار توانرا بگەنە لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوەکەیدا بە روونی دانی پێداناوە لێکتگەیشتنە نەک رێککەوتن و رایگەیاندووە، پێشوازیی لێ دەکەن.

بەپێی لێکتێگەیشتنەکە هەرێمی کوردستان 230 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی رادەستی حکومەتی عێراق دەکات. حکومەتی عێراق لە بەرامبەردا مانگانە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکات.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای Micـی راگەیاند، لێکتگەیشتنەکە سەرەتاییە، دواتر هەردوو حکوومەت دەچنە ناو ڕێککەوتنێکی فراوانترەوە.

بەپێی زانیارییەکانی دیجتاڵ میدیایMic، تا ئەنجامدانی رێککەوتن پارە رەوانەی هەرێمی کوردستان ناکرێت و دوای رێککەوتنەکە حکومەتی عێراق دەست بە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەکات.

تا ئێستا وادەی رێککەوتنەکە بە فەرمی دیاریی نەکراوە، بەڵام هەموو چاوەڕوانییەکان بەو ئاڕاستەیەن کە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێککەوتنەکە بکرێت.

بەپێی رێککەوتنەکە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ  دیجتاڵ میدیای Mic پشتراستکردوەتەوە، نابێت هیچ مووچەیەکی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بفەوتێت.