ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی
ئیسلامی هۆشداری دەدات لە کشانەوەی کورد لە بەغدا و دەڵێت: کشانەوە یاریکردنە بە قووت و بژێوی ژیانی خەڵکی
هەرێم و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: دروستکردنی لیژنە ئامانجی لێی زیاتر
برسیکردنی خەڵکە و داوای راگەیاندنی هەڵوێست دەکات.
دارا سێکانیانی،
ئەندامی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، 10 ساڵە قەیرانی مووچە هەیە، هاوڵاتییان سزا
دەدرێن، 33 ساڵە ئەزمونێکی شکستخوارد و نمایش دەکەنو لە هەمووی سەیرتر ئەوەیە ئێستا بتەوێت یاری
بە قووت و بژێوی ژیانی تاک بە تاکی ئەم هەرێمە بکەیت، لە پێناوی پاراستنی بەرژەوەندی
چەند کەسێک و چەند کۆمپانیایەک و چەند لایەنێک .
لەبارەی کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەڵێت: کشانەوە کە پێچەوانەی دەستوور و یاسا و
ئیرادەی ناوچەی و نێودەوڵەتی و بەرژەوەندی هەرێم و هاوڵاتییان بێت جگە لە نەهامەتی
و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان و کارە ساتێکی نەخوازراوتر، شتێکی تر بەرهەم ناهێنێت، ئەم
نەغمەیە و زمانی هەڕەشەیە جگە لە شکستێکی تر و لە دەستدان ئەوەی هەیە شتێکی تر بەرهەم
ناهێنێت.
باس لەوەش دەکات،
کاتی ئەوەیە بە باشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بار و دۆخە تازەیە بکرێت باش لە
هاوکێشە هەرێمایەتی ناوچەی و جیهانییەکان تێ بگەیت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی
هەرێم و هاووڵاتییان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
ئەمڕۆ 73 رۆژە بەغدا
مووچەی هەرێم نەناردوو، تائێستا لەگەڵ حکومەتی هەرێم نەگەیشتوون بەڕێککەوتن، بەغدا
داوا دەکات، تەواوی نەوتی هەرێمی رادەست بکرێت لەگەڵ نیوەی داهاتی ناوخۆ، بەڵام حکومەتی
هەرێم رەتی دەکاتەوە.
شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پشکی پارتی
لە نوسینێکدا بە ناونیشانی "ئیتر بەس نییە؟" دەڵێت: لەماوەی ڕابردوو هەموو سنورەکانیان بەزاند، دەستیان برد بۆ قوتی خەڵک
و بڕیاری برسی کردن و مردنی خەڵکی کوردستانیاندا، ئەم تاوانە لەمێژووی دروست بونی
عێراق تا ئێستا یەکەمجارە ئەنجام دەدرێت، ئەوان موچەیان نەبڕی بۆ ئەوەی جارێکی تر
بیدەنەوە نەوتیان نەگرتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر بەری بدەنەوە.
ئاماژەی
بەوەشکردووە، لەهەمووی خراپتر کات کوشتن و درێژەدان بەم سیاسەتە لەژێر بیانوی جۆراوجۆر
جارێک دادگای ئیتحادی و جارێک دروست کردنی لیژنە، ئامانجیان ئەوە بو خەڵک زیاتر
برسی بکەن.
دەشڵێت: ئیتر
کاتی ئەوە هاتووە سنورێک بۆ ئەم بێڕێزی و لەیاسا لادانە دابنرێت، دڵنیام حکومەتی خۆمان
خەمێک لەو بابەتە دەخوات و ناهێڵێت لەوە زیاتر خەڵکی ئێمە برسی بکرێت.
داوای راگەیاندنی
هەڵوێست دەکات و نوسیویەتی: خەڵکی کوردستانیش لە ئێمە دەخوازن چیتر بڕوا بەبەڵێن
قسە لوسەکانیان نەکەین و هەڵوێستێک رابگەیەنین لەبەرامبەر ئەو تاوانەی بەرامبەر خەڵکی
کوردستان و هەرێمەکەمان ئەنجامی دەدەن، ئەوەش هەنگاوە دروستەکەیە.
چەکدانان و سوتاندنی لەلایەن ژمارەیەک گەریلای پەکەکەوە کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان نەهێنا و هێرشەکان دەستییان پێکردەوە، ئەردۆغانیش دەڵێت، "پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان و یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە".
کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای مەراسیمی چەکدانانی 4 فەرماندە و 26 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، تورکیا هێرشی سەربازی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوی cptـی ئەمریکی بڵاویکردەوەتەوە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا 5 جار تۆپبارانی (گەلی مێوین و گەلی قەچۆ)یان لە دەڤەری نهێلێ لە سنوری قەزای ئامێدی کردووە.
بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن ئەو رێخکراوەوە بڵاوکراونەتەوە، لە 1ـی کانوونی دووەم بۆ 30ـی حوزەیران، سوپای تورکیا هەزار و 678 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.
هەزار و 484 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک، 140 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، 5 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی و سفر هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بووە.
بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 3 هاوڵاتی شەهید و 6 هاوڵاتی تری مەدەنی برینداربوون.
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا هەزار و 232 هێرشی لە ڕێگەی تۆپباران،397 هێرشی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 43 هێرشی لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، 5 هێرشی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی سوک و 1 هێرشی لە ڕێگەی تەقینەوە ئەنجامداوە.
بە تەنها لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا، 550 هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە 541 هێرشیان بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک و 9 هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون، بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی (٨٪) زیادیانکردووە.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئازاردا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە.
ئەگەرچی پەکەکە ئاگربەستی تاک لایەنەی راگەیاندووە و یەکەم گروپی چەکی داناوە و سوتاندوویەتی، بەڵام تورکیا لەگەڵ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی نەناوە، بەڵکو هێرشەکانیشی بۆ سەر پەکەکە رانەگرتووە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە یەکەم وتاریدا لەبارەی چەکدانانی ژمارەیەک گەریلای پەکەکەوە رایگەیاند، پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە، با ھەمووان دڵنیابن لەوەی ڕێگە نادەین شکۆی دەوڵەتی کۆماری تورکیا پێشێل بکرێت، ھەرگیز سەری دانانەوێنین، بەم تێگەیشتنە چاودێری پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆرمان دەکەین".
دەم پارتی و پەکەکە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری لە تورکیا دەکەن، زۆرینەی ئومێدەکانیان لەسەر لیژنەیەک هەڵچنیووە کە بڕیارە لە پەرلەمان دەستبەکار بێت.
سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە دروستکردنی ئەو لیژنەیە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وەک ھەنگاوی یەکەم لە پەرلەمانی تورکیا کۆميسیۆنێک دادەمەزرێنین و دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە.
پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، لە کۆتایی ساڵی 2024 بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد
پەکەکە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و دواتر رایگەیاند، بڕیاریانداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە، رۆژی 11ـی تەمووز لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گرووپێکی 30 کەسیی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.