هەواڵ

هێرشەکانی تورکیا بۆ سنوری سلێمانی سفربونەتەوە

Mic
2025-07-12


هەنگاوەکانی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تادێت بەرەوپێشەوە دەچێت و کاریگەری پرۆسەکە لە سنوری پارێزگای سلێمانی رەنگی داوەتەوە و بەپێێ ئامارێکی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە مانگی ئادارەوە تورکیا هیچ  هێرشێکی لە سنوری سلێمانی ئەنجامنەداوە.

11ـى تەموز، 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستبەرداری چەکەکانیان بوون و سوتاندیان، ئەمەش دووە هەنگاوی کرداری پەکەکەیە بۆ بەدەمەوەچوونی بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.

لە چوار ساڵی رابردوودا سلێمانی بووبووە چەقی هێرشە درۆنی و ئاسمانییەکانی تورکیا، چەندین کادری پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکان و لە شار و شارۆچکەکانی سلێمانیدا کرانە ئامانج، بەڵام لە دوای راگەیاندی ئاگربەست لەلایەن پەکەکەوە، وەک دەستپێشخەرییەک بۆ بەدەمەوەچوونی پرۆسەی ئاشتی، هێرشەکانی تورکیا بۆ سنوری سلێمانی دابەزیوە بۆ سفر، بەڵام لە ناوچەکانی تر بەردەوامە.

بەپێی ئامارێکی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا هەزار و 678 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، کە هەزار و 484 هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک و هەزار و 490 هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێربووە و 54 هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی بووە.

وەک لە ئامارەکانی سی پی تیدا خراوەتەڕوو، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر سنوری سلێمانی تا مانگی ئادار بووە و لە مانگی ئادارەوە تا مانگی تەمووز، توکیا هێرشی نەکردووەتە سەر سنوری سلێمانی.

More News

Most Popular

هەواڵ

چەکدانان کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان نەهێنا

Mic
2025-07-12

چەکدانان و سوتاندنی لەلایەن ژمارەیەک گەریلای پەکەکەوە کۆتایی بە هێرشەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان نەهێنا و هێرشەکان دەستییان پێکردەوە، ئەردۆغانیش دەڵێت، "پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان و یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە".

کەمتر لە 24 کاتژمێر دوای مەراسیمی چەکدانانی 4 فەرماندە و 26 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، تورکیا هێرشی سەربازی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدا. 

بەپێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوی cptـی ئەمریکی بڵاویکردەوەتەوە، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا 5 جار تۆپبارانی (گەلی مێوین و گەلی قەچۆ)یان لە دەڤەری نهێلێ لە سنوری قەزای ئامێدی کردووە. 

بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن ئەو رێخکراوەوە بڵاوکراونەتەوە، لە 1ـی کانوونی دووەم بۆ 30ـی حوزەیران، سوپای تورکیا هەزار و 678  هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

هەزار و 484 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای دهۆک، 140 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر، 5 هێرش بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی و سفر هێرشیش بۆ سەر سنوری پارێزگای نەینەوا بووە.

بە هۆی هێرش و بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، 3 هاوڵاتی شەهید و 6 هاوڵاتی تری مەدەنی برینداربوون.

لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سوپای تورکیا هەزار و 232 هێرشی لە ڕێگەی تۆپباران،397 هێرشی لە ڕێگەی فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، 43 هێرشی لە ڕێگەی هەلیکۆپتەر، 5 هێرشی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەکی سوک و 1 هێرشی لە ڕێگەی تەقینەوە ئەنجامداوە.

بە تەنها لە مانگی حوزەیراندا، سوپای تورکیا، 550 هێرشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە کە 541  هێرشیان بۆسەر سنوری پارێزگای دهۆک و 9 هێرشیان بۆ سەر سنوری پارێزگای هەولێر بوون، بە بەراورد بە مانگی ئایار، ژمارەی هێرشەکان لە مانگی حوزەیراندا بە ڕێژەی (٨٪) زیادیانکردووە.

لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی یەکلایەنەی پەکەکە لە مانگی ئازاردا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردوومانێکی بۆ سەر سنوری پارێزگای سلێمانی ئەنجامنەداوە.

ئەگەرچی پەکەکە ئاگربەستی تاک لایەنەی راگەیاندووە و یەکەم گروپی چەکی داناوە و سوتاندوویەتی، بەڵام تورکیا لەگەڵ ئەوەی هیچ هەنگاوێکی نەناوە، بەڵکو هێرشەکانیشی بۆ سەر پەکەکە رانەگرتووە. 

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە یەکەم وتاریدا لەبارەی چەکدانانی ژمارەیەک گەریلای پەکەکەوە رایگەیاند، پڕۆژەی تورکیای بێ تیرۆر دەرئەنجامی قۆناغێکی دانوستان یان وەرگرتن و بەخشینێک نەبووە، با ھەمووان دڵنیابن لەوەی ڕێگە نادەین شکۆی دەوڵەتی کۆماری تورکیا پێشێل بکرێت، ھەرگیز سەری دانانەوێنین، بەم تێگەیشتنە چاودێری پرۆژەی تورکیای بێ تیرۆرمان دەکەین".

دەم پارتی و پەکەکە چاوەڕوانی هەنگاوی کرداری لە تورکیا دەکەن، زۆرینەی ئومێدەکانیان لەسەر لیژنەیەک هەڵچنیووە کە بڕیارە لە پەرلەمان دەستبەکار بێت. 

 سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە دروستکردنی ئەو لیژنەیە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، وەک ھەنگاوی یەکەم لە پەرلەمانی تورکیا کۆميسیۆنێک دادەمەزرێنین و دەست دەکەین بە گفتوگۆکردن لەسەر پێداویستییە یاساییەکانی پرۆسەکە.

پرۆسەی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە
پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکوری کوردستان، لە کۆتایی ساڵی 2024 بە دەستپێشخەری دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە وەڵامی داواکارییەکەی دایەوە و داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی لە پەکەکە کرد
پەکەکە لە رۆژانی 5- 7ی ئەم مانگە کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و دواتر رایگەیاند، بڕیاریانداوە چەک دابنێن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە، رۆژی 11ـی تەمووز لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی، گرووپێکی 30 کەسیی گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دانا و سوتاندیان.